هه‌واڵ

مامۆستایانی ناڕازی وەڵامی ئەنجوومەنی پەروەردەی سلێمانی دەدەنەوە

زێدپرێس

 

مامۆستایان ‌و فەرمانبەرانی ناڕازی لە وەڵامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی، ڕایدەگەیەنن بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی خوێندن و ڕۆژی یەکشەمی داهاتوویش ناڕەزایەتییەکان بۆ بەغدا دەگوازنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەیەکەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویانکردەوە، وەڵامی داواکارییەکەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانیان دایەوە و دووپاتیان لە بەردەوامیدان بە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن کردەوە.

ڕوونکردنەوەکە، دوای ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی دێت، کە ئەمڕۆ پێنجشەم، داوای لە مامۆستایانی ناڕازی پارێزگای سلێمانی کرد، شان بدەنەوە بەر بەرپرسیارێتی و لەپێناو چارەنووسی قوتابییان لە ڕۆژی دووشەمی داهاتووەوە دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە.

زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستپێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا پڕۆسەی خوێندن لە سنوری پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەستی پێنەکردووەتەوە.

مامۆستایانی ئەو سنورە، داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچەکان و دامەزراندنی وانەبێژان دەکەن.

 

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

ڕوونكردنەوەیەك لە مامۆستایانی ناڕازییەوە

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەبێ گەڕانەوە بۆ مامۆستایان ‌و جێبەجێكردنی هیچ داواكارییەكی مامۆستایان، داوا لە مامۆستایانی میلاك‌ و وانەبێژ دەكەن بایكۆت بشكێنن.

ئێمە لە نوێنەرانی مامۆستایانی سەرجەم شار و شارۆچكەكان لێرەوە ڕایدەگەیەنین بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر ماف ‌و داواكارییەكانمان ناكەین ‌و تا چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە درێژە بە بایكۆت ناڕەزایەتییەكان دەدەین.

ئێمە ئاواتەخوازبووین ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لەجیاتی داوای شكاندنی بایكۆت لە مامۆستایان، داوای لە حكوومەتی هەرێم بكردایە ئەو داواكارییانەی مامۆستایان جێبەجێ بكات كە جێبەجێكردنیان لەئەستۆی حكوومەتی هەرێمە، ئەوانیش؛

١ــ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە

٢ـ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ

٣ ــ دیاریكردنی چارەنوسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانمان .

٤ـ دیاری كردنی چارەنووسی سێ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ .

هەر بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتییەكان ڕۆژی یەكشەم مامۆستایان ناڕەزایەتییەكان دەبەنە بەغدای پایتەخت ‌و لەگەڵ گەڕانەوەشیان، لێرە بەگوڕێكی تر ناڕەزایەتییەكان دەست پێدەكەنەوە.

 

دووبارە ڕایدەگەیەنین بایكۆت بەردەوامە، بۆ ئەوەی كاتێكی تر و ساڵێكی تر بایكۆت نەكەینەوە.

 

مامۆستایان ‌و فەرمانبەرانی ناڕازی

٢٣ / ١١ / ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...