ههواڵ
ڕێگە بە مامۆستایان نەدرا ناڕەزایەتییەکانیان بۆ بەغدا بگوازنەوە
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/11/zed-press-mamosta-bazga-bagda-780x470.jpg)
زێدپرێس
لە بازگەکانی ژێردەستی حکوومەتی عێراق بەڕووی هەرێمی کوردستان، ڕێگە بە مامۆستایانی ناڕازی نەدرا بچنە بەغدا و لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندان بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە بازگەکانی عێراق بەڕووی هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراوی لە بازگەکانی سنوری کەرکووک، لەلایەن پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆی عێراقەوە ڕێگری لە مامۆستایانی ناڕازی کرا، کە بڕیاربوو بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا کۆببنەوە.
بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی پێشتر لەلایەن سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ناڕازییەوە ئامادەکرابوو، بڕیاربوو لە کاتژمێر ١١:٠٠ی ئەمڕۆ یەکشەم، مامۆستایانی ناڕازی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندان بکەن، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە ڕێگەی چوون بەرەو بەغدایان نەدان، بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە.