هه‌واڵ

بۆ یەکەمجار چین کۆگایەکی زانیاری لەژێر دەریا دادەمەزرێنێت

زێدپرێس

 

بۆ یەکەمجار لە جیهان لە لایەن کۆمپانیایەکی بازرگانی لە چین، کۆگایەکی زانیاری لە ژێر ئاو دادەمەزرێنرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ڕووبەری زەمینی و وزەی پێویست بۆ ساردکردنەوەی سێرڤەرە کۆمپیوتەرییەکان. بیرۆکەکە چاوەڕوانی پێشەنگبوونی لێ دەکرێت بۆ ١٠٠ پڕۆژەی دیکەی هاوشێوە لە چین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆگاکانی زانیاری ئەو شوێنانەن کە زانیارییەکانی سەرهێڵییان لێ هەڵدەگیرێن. لەم ڕاپۆرتەوە تا دەگاتە نووسراو، وێنە و ڤیدیۆکانی ناو هەژمارە کەسییەکان پێویستە لەم کۆگایانە هەڵبگیرێن، دەشبێت بە بەردەوامی فرەوانتر بکرێن بۆ ئەوەی جێگە بۆ لەخۆگرتنی زانیاریی زیاتر هەبێت.

لە پارێزگای هاینانی باشووری چین، بۆ یەکەمجار، یەکەیەکی ١٣٠٠ تۆنی لەو کۆگایانە لە قووڵایی ٣٥ مەتر لە بنکی دەریا، دادەمەزرێنرێت. سێرڤەرەکان لەناوەوەی پلێتی دژەئاو دانراون و تێکڕا توانای پڕۆسێسکردنی ٤ ملیۆن وێنەی دیقەبەرزیان لە ماوەی ٣٠ چرکەدا هەن، کە ئەوەش هاوشێوەی توانای ٦٠ هەزار کۆمپیوتەری ئاسایییە، کە لە یەک کاتدا کار بکەن.

دانانی کۆگاکە لەژێر ئاو، جگە لە گەڕاندنەوەی ٦٨ هەزار مەتر دووجا لە زەوی، سوودبینینیشە لە بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ ساردکردنەوەی یەکەکان و کەمکردنەوەی ئەو گەرمییەی بەهۆی کارکردنیانەوە درووست دەبێت، کە کارەبای پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەوە بە ١٢٢ ملیۆن کیلۆوات-کاتژمێر دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ بەکارهێنانی ١٠٥ هەزار تۆن ئاوی سروشتی ساڵانە. لە هەمان کاتیشدا، نەبوونی تۆز و خۆڵ و ئۆکسجین لەو ژینگەیەدا، پارێزگاری زیاتر لە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان دەکات و وا دەکات تەمەنی یەکەکە بۆ ٢٥ ساڵ درێژبێتەوە.

دانانی ئەو یەکەیە بۆ چین پێشەنگییەکە و لە بەرنامەدایە تاکوو ٢٠٢٥، ١٠٠ ناوەندی دیکەی لەم شێوەیە لە وڵاتەکە دابنرێن. کۆمپانیا گەورەکانی پەیوەندی لە چین لە ئێستاوە گرێبەستییان لەگەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنەر ئەنجامداون. جگە لەوەی بیرۆکەکە جێگرەوەیەکی تێچوو کەمترە بۆ کۆگاکانی زانیاری، لە هەمان کاتیشدا لەمەڕ پرسی ژینگە، هەوڵێکی دڵخۆشکەرترە بە بەراورد لەگەڵ ڕێگەکانی پێشوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...