هه‌واڵ

دواین زانیاری لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل

زێدپرێس

 

لە شەوی ڕابردوو تا ئێستا شەڕ لە نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە؛ زیاتر لە ٥٥٠ کەس لە نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار برینداریش هەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوێنێ شەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، کە تا ئێستا شەڕ و پێکدادانەکە بەردەوام بووە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە حەماس نزیکەی ٣٠٠٠ مووشەکی ئاڕاستەی فەڵەستین کردووە، نزیکەی ٣٠٠ هاووڵاتی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و هەزار و ٦٠٠ برینداریش هەن.

بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە خەڵکی غەزە کرد، شارەکە چۆڵ بکەن، چونکە بنکە و بارەگاکانی حەماس وێران دەکەن. لە هەمان کاتدا سوپای ئیسرائیل دەستی بە گواستنەوەی هاووڵاتییان لە کۆمەڵگەکانی دەوروبەری غەزە کردووە.

سەرچاوە تەندروستییەکانی فەڵەستین ئاماژە بە کوژرانی زیاتر لە ٢٥٠ فەڵەستینی لە کەرتی غەزە و برینداربوونی ١٧٨٨ کەسی دیکەیش دەکەن.

بزووتنەوەی حەماس باس لە بەدیلگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئیسرائیلی دەکات، لەکاتێکدا سەرچاوە ئیسرائیلییەکان خۆیان باس لە ٥٠ دیل دەکەن.

خەڵکی غەزە لەترسی درێژەخایاندنی ئەو جەنگە، کە کۆتاییەکەی دیار نییە، دەستیانکردووە بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی، وەکو دانیشتن لەو شوێنانەی ناو ماڵ، کە ساچمەی بۆردمانەکان نەیگرێتەوە، داکردنی خۆراک و دەرمان و کۆکردنەوەی پاتری لەترسی پچڕانی درێژخایەنی کارەبا.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەم ٨ی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی حەماس و بۆردمانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، کۆببێتەوە. هەروەها هێزە ئاشتیپارێزەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنورەکانی باشوری لوبنان بڵاوەیان پێکراوە، لەترسی تەشەنەکردنی ئاگری شەڕ لەنێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...