هه‌واڵ

بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاشکرا دەکات

زێدپرێس

 

فەرهاد محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەدەنگهاتن لەسەر پاک نەکردنەوەی حەوزی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ، کە ماوەی حەوت ساڵە بەهۆی ڕێگری کەسێکەوە پاک نەکراوەتەوە، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە و دەرکردن کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

د. فەرهاد محەمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ دوورکەوتنەوە لە پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بڵاوکردەوە و بەڕوونی ئاماژە بە کێشەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ دەکات و دەڵێ، ماوەی حەوت ساڵە حەوزی ئاوەکە پاک نەکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی کەسێک خانوویەکی زیادەڕۆیی لەسەر ڕێڕەوی حەوزەکە درووستکردووە، کاتێکیش لەسەر ئەو بابەتە بەدەنگ هاتووە، لەبەری ئەوەی لێپێچینەوە بکرێت، ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی کراوە.

 

 

 

دەقی ڕوونکردنەوەیەکە:

لەجیاتی ڕوونکردنەوە

ژمارەیەکی زۆر لە دۆست و هاوڕێیانم چەند ڕۆژێکە داوای ئەوەم لێدەکەن ڕوونکردنەوەیەک بنووسم و هۆکاری ئەوە ئاشکرا بکەم کە بۆچی ناچاریان کردم دەستلەکار بکێشمەوە؟!

لە کاتێکدا پێشتر خۆم دووجار داوامکردبوو کە دەستلەکاربکێشمەوە، بەڵام قبوڵنەکرابوو، کاتی خۆشی تەکلیفیان لێکردم ببمە بەڕێوەبەر نەک خۆم داوام کردبێت.

ئەوەی من لەگەڵ هاوڕێکانمدا لەماوەی دەستبەکاربوونمدا بۆ تەندروستی چەمچەماڵمان کرد بەدرێژایی هەموو ڕابردووی ئەو سێکتەرە و ئەم شارە نەکرابوو، ئێستا بۆچی لام دەبەن؟!

وەڵامەکەی من لەم چەند ڕۆژە هەر ئەوە بوو کە من بێئومێدبوومە لە قسەکردن و چیتر نامەوێ قسە بکەم و سوودی چییە وا هەموو خەڵکی چەمچەماڵ و کوردستان زانییان کە حەوزی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی شاری چەمچەماڵ حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوە و پڕبووە لە زبڵ و پیسی و خاشاک و من لەسەری هاتوومەتە دەنگ و لەسەر ئەوە دەریان کردووم؟!

سوودی چییە ئەگەر هەموو خەڵکی چەمچەماڵ ئاگاداربکەمەوە کە قەسابخانەکەیان لە زبڵدان پیسترە و هەرچی مەرجی تەندروستی هەیە تێیدا نییە؟!

من ویستم ئەمجارەیان وەک پێشوو نەکەم، وەک ئەو هەموو بەڕێوەبەری فەرمانگە و بەرپرسی حزبی و ئاغا و کوێخا و خاوەن دیوەخان و پیاوماقوڵانی شار و بەحساب نووسەر و ڕۆژنامەنووسی شار دەست بگرمە کڵاوەکەی خۆمەوە و بێدەنگ ببم و بە بێدەنگی ئەو شارە بۆ هەتاهەتایە بەجێبێڵم و خەریکی ژیانە تایبەتەکەی خۆم بم.

ئەو خەڵکەی کە دەزانم هیچیان پێناکرێت و ئاگادارکردنەوەیان لەو تاوانە گەورەیەی چەندین ساڵە دەرحەق بەوان دەکرێت و سەرەڕای ئەوەی شاری چەمچەماڵ بەتەنیا خۆی بەقەد هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانی سروشتی هەیە کەچی ئاوی خواردنەوەی نییە و پازدە ڕۆژ جارێک ئاویان دەدرێتێ و ئاوەکەش لەناو زبڵداندا حەوت ساڵە گلدەدرێتەوە، سوودی چیە ئاگاداریان بکەمەوە؟!

وا ئێستا ئاگادارمکردنەوە و بەهەموو دەنگم هاوار دەکەم: حەوت ساڵە حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان پاکنەکراوەتەوە، قەسابخانەکەشیان هیچ مەرجێکی تەندروستی تیا نییە، بزانم چەند کەس لەجیاتی من دێنە دەنگ؟!

وامزانی ئەگەر تاوان کەشف بکەم ڕێزم لێدەگرن کەچی دەریانکردم. وامزانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندی و سەنتەری گورچیلەی دەستکرد و سەنتەری پسپۆڕی ددان و سەنتەری فریاکەوتن و خودە و پزیشکی دادوەری و دەیان هۆبە و بەش و هۆڵی منداڵبوون و دوو نەخۆشخانە و سەدان ئامێری پزیشکی و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمان و ئیسعاف بەبڕی هەشت ملیار دینار کەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ تەندروستی ئەم شارە بکڕم، پەیکەری ڕێزلێنانم بۆ درووست دەکەن و منداڵەکانم شانازی بە پەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن، کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانوویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە درووستکردبوو دەریانکردم.

وامزانی ئەگەر لەسەر منداڵی قادرکەرم بێمە جواب کە بۆچی داناگاز و سامانە سروشتییەکان چوار کارمەندیان بۆ دانامەزرێنن بۆ ئەوەی مەڵبەندەکەیان دانەخرێت دەستخۆشیم لێدەکەن، کەچی دەریانکردم. وامزانی ئەوەی بەڕێوەبەری چاک و ڕاستگۆ و دەستپاک و داوێنپاک و دڵسۆز بێت پشتگیری دەکرێ کەچی دەریانکردم.

یەکێک لە فەرمانبەرەکانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی کە تەلەفۆنی بۆم کرد بەدڵی پڕەوە گوتی خەفەت لەهیچ ناخۆم لەوە نەبێت کاتێک دەهاتین بۆلات بۆ کڕینی شتێک کە بێئومێد دەبووی لەوەی ژمێریاری بتوانێ بیکڕێت، لە گیرفانی خۆت پارەکەت دەداینێ و دەمانکڕی. منیش دوتم خۆشم خەفەت لەهیچ ناخۆم لەوە نەبێت دوای ئەو هەموو تەمەن و ئەو هەموو کتێبەی کە خوێندمنەوە عەقڵم پێنەشکا کە ناکرێت لەسەر ڕێگایەکی هەڵە و سیستەمێکی هەڵە بتەوێت بە ڕێکی و ڕاستی هەنگاو بنێیت.

ڕاستییەکەی ویستم ئەمجارە بێدەنگبم و قسە نەکەم بەرانبەر ستەم و ستەمکاری،  بەڵام نەیانهێشت، هەر ئەوانەی کە هانیان دەدام لەبری ئەوان من واز لەبەرژەوەندی تاکەکەسی خۆم بێنم و عیادە و ژیانی تایبەتی خۆم بکەمە قوربانی نەخۆشخانە و ژیانی گشتی، ئەمجارەش نەیانهێشت بێدەنگ بم و قسەم کرد، بزانم ئەنجامەکەی چی و کێ لەسەر مافی گشتی دێتە دەنگ؟!

خۆ داواکاری گشتی ئەم وڵاتە ئەم نووسینەی من دەبینێت یان کەسێک هەیە پێی بڵێ کە بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بەڕوون و ڕاشکاوی دەڵێ حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارێکی گەورە و گران حەوت ساڵە بەهۆی تاکەکەسێکەوە کە ڕێگر بووە لە پاککردنەوەی، پاکنەکراوەتەوە و هەموو بەڵگەکانیش لە کۆمێنت دادەنێم بزانم داوکاری گشتی لەسەری دێتە دەنگ؟!

خۆ داواکاری گشتی ئەم نووسینەی من دەبینێت یان کەسێک هەیە پێی بڵێ کە بەڕێوەبەری تەندروستی شارێکی گەورەوگران دەڵێ قەسابخانەی ئەو شارە هیچ مەرجێکی تەندروستی تیا نییە، بزانم لەسەری دێتە دەنگ؟!

ئەگەر کەسێکی دەسەڵاتداری دڵسۆز هەبووایە و لەسەر مافی گشتی بهاتایەتە دەنگ، ئەوە سەرئەنجامی دەسەڵات و حکومڕانییەکەمان بەو شێوەیە نەدەبوو کە دوای سی و دوو ساڵ لە فەرمانڕەوایی پەنجا هەزار مامۆستا سێ مانگە لەجیاتی لە پۆلی وانەگوتنەوەدابن لەسەر جادەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.

من جارێکی تریش وەک هەمیشە هاتمەوە دەنگ و لەبری ئەو چوار پۆستەی کە لەشوێنی بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بۆیان پێشنیاز کردووم بۆ ئەوەی پێنج ساڵی تر لە ژیان و تەمەن و مافی ماڵ و منداڵەکەم بکەمەوە قوربانی ئەم سیستەمە گێڕ و ناڕێکە و هەر کاتێکیش دەستم برد بۆ گەنجینەی دزراو و ماڵی شوشەبەندی گەوران، بە بیانوویەکی تر دەرمکەنەوە، من بڕیارم داوە نەک پۆست و پلەوپایە، بەڵکوو فەرمانبەرێتییش لەسایە و سێبەری ئەم سیستەمەدا ڕەفز بکەم و خۆم خانەنشین بکەم.

بە ئومێدی ئەوەی ڕۆژ و ڕۆژگارێک بێت، ئەم تەرازووە لاسەنگە ڕاستبێتەوە، ئەگەر تەمەنیش مۆڵەتی نەدا ئەو ڕۆژگارە ببینم، ئومێدم وایە نەوەکانی داهاتوو بە ڕێزەوە ناوی ئێمە بهێنن.

 

د. فەرهاد محەمەد

٢٠٢٣/١٢/٧

بەفرانبار

 

تێبینی:

دوای ڕاپۆرتەکەی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ڕێڕەوێکی لاوەکییان بۆ حەوزەکان درووستکردووە، بەبێ ئەوەی خانووە تەجاوزکە بڕمێنن و بەبێ چاودێری ئێمە و کامێرا حەوزەکان بەحساب پاککراونەتەوە، بەڵام ئەی ئەو حەوت ساڵەی کە پاکنەکرایەوە؟! کێ لێی بەرپرسە و ئەو سەدان هاووڵاتییەی کە بێگومان بەهۆی پیسی حەوزەکانەوە تووشی زیانی تەندروستی بوون کێ لێی دێتە دەنگ؟!

٢ – لەڕاپۆرتەکەی خۆپاراستنی سلیمانیدا بە ڕوونی هاتووە کە حەوزەکان جگە لەوەی پڕە لە زبڵ و حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوە، ڕێگاشی نییە بچیتە سەر حەوزەکان و چاودێری بکەی و کارەبای بەردەوامیشی نییە تا کۆنتڕۆڵی ئامێری پیدانی کلۆر بکەی، بەڕێژەی گونجاو کلۆر بکرێتە حەوزەکانەوە و سیاجی حەوزەکانیش ڕووخینراوە و ناوچەی موحەرەمە نەماوە بۆ حەوزەکان.

3-قەڵەمفڕۆشراوەکان ئەوانەی کە پەیجی علوج بەپارەیەکی کەم بۆ مافیاکان دەبەن بەڕێوە، دوای ئەم ڕوونکردنەوەیە دیسان پەلامارم دەدەن بۆ ئەوەی شوێنپێی تاوانی ئاغاکانیان بشارنەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...