هه‌واڵ

سەعید کاکەیی: بەکارهێنانی بەرنامەی “چوارچێوەی مێتاسپلۆیت” لە هەڵبژاردندا مەترسیدارە

زێدپرێس

 

ئه‌ندامێکی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەکارهێنانی بەرنامەی “چوارچێوەی مێتاسپلۆیت” لە هەڵبژاردندا مەترسیدارە و شارەزایانی ھاککردن دەتوانن زۆر بە ئاسانی بەو شێوەیەی بیانەوێت دەستکاری سۆرس-کۆد و زانیارییەکانی ناو نەتوۆرکەکان بکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەعید کاکەیی، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، پاش داخستنی سندووقەکانی دەنگدانی تایبەت، دوێنێ ئێوارە و ھەتا درەنگانێکی شەو زۆرێك لە ئامێرەکانی ھەژمار و جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووك، کێشەی بەستنەوەیان ھەبوو بە تۆڕی ناردنی ئاکامەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ بنکەی خشتاندنی ئاکامەکان (مرکز تبویب النتائج) لە نووسینگەی نیشتمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژدنەکان لە بەغدای پایتەخت.

کاکەیی، ڕوونیدەکاتەوە، یەك لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری بەھێزی بەکارھێنانی بەرنامەی “چوارچێوەی مێتاسپلۆیت” کە بە ئینگلیزی (Metasploit Framework)ی پێدەگوترێت. زیاتر دەڵێ، “ئەم بەرنامە زۆر بەھێزە بۆ ھەردوو سیستەمی ویندۆز و لەنکس بە شێوەیەکی یاسایی و نایاسایی لەلایەن ھاککارەکانەوە بەکاردەھێنرێت بۆ بارکردن و پاشان پشکنینی ھەر کون و کەلەبەرێکی لاوازی ناو پڕۆگرامەکانی نەتوۆرکینگ و سێرڤەرەکان”.

وەک باسی دەکات، چونکە بەرنامەیەکی سەرچاوە-کراوەیە، شارەزایانی ھاککردن دەتوانن زۆر بە ئاسانی بەو شێوەیەی بیانەوێت دەستکاری سۆرس-کۆد و زانیارییەکانی ناو نەتوۆرکەکان بکەن بەتایبەت کە ئەو ئامێرانەی کە وابەستەن بە Android, PHP, Python, Java, Cisco و ھتد.

لەو ڕوانگەیەوە، ئه‌ندامەکەی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دەڵێ “ئەرکی کۆمسیۆن و لایەنە بەشداربووەکانە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی ڕێکنەخراو لە چوارچێوەی ھەرێم، بە پەلە بەدواچوون بۆ ئەم ئەگەرە بەھێز و مەترسیدارەی بەکارھێنانی بەرنامەی چوارچێوەی مێتاسپلۆیت بکەن، پێش دووبارە بوونەوەی کێشەی نەناردنی ئاکامەکان بۆ بنکەی خشتاندنی ئاکامەکان لە کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی کە بڕیارە سبەی، ٢٠٢٣/١٢/١٨، لە پارێزگاکانی عێراقدا جێبەجێ بکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...