هه‌واڵ

پاسدارانی ئێران ١٥٠ دۆنم پاوان و دارستانی کوردستان دەسووتێنن

زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی تەقەی سەربازانی ئێرانەوە، زیاتر لە ١٥٠ دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی لە سنووری گەرمک سووتان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕای گەیاند، ئەمڕۆ یەکشەم ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٣، ئاگرێک لە کوێستانەکانی گوندی (مڕان)ی شارەدێی گەرمك کەوتەوە، ڕاستەوخۆ مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستانی گەرمگ گەیشتنە شوێنکە و توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە ١٥٠ دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سووتاون.

ئاشکرایشی کرد، “هۆکاری ئاگرەکە تەقەی سەربازانی ئێرانی بووە، کە لەسنوری ئێرانەوە تەقەیان کردووە”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس،  لە ئەنجامی تەقەکردنی پاسدارانی ئێرانی، سێ هاووڵاتیش برینداربوونە.

هەر دوێنێ شەمە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەهۆی بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ئاگرێکی گەورە لە دەڤەری ئامێدی کەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان دۆنم لە پووش و پاوان، ڕەز و باخ و دارستان سووتان و ئاگرەکەیش تا درەنگانێکی شەوی دوێنێ بەردەوام بوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...