ئابووریهه‌واڵ

وەزارەتی دارایی: ئەمساڵ (١٠) مووچەمان دابەشکردووە

زێدپرێس

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ ١٠ مووچەیان دابەشکردووە و مووچەیەکیان هیی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی پێشوو بووە، لەپاڵ مووچەی نۆ مانگی ساڵی ٢٠٢٣.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکی تایبەتدا، چەند بەرچاوڕوونییەکی لەمەڕ بڕی داهاتی ناوخۆ و پرسی دابەشکردنی مووچە بڵاوکردووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی وەزارەتەکە بەخۆی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام ڕوونکردنەوەکەیش پێوەستە ڕاپۆرتێکی میدیای ئەو هێزە سیاسییە لەمەڕ داهاتی ناوخۆ و شێوازی دابەشکردنی مووچە و لەو ڕووەوەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەمەڕ زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە دەڵێ “سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بووە و بەئارەزوی خۆی هۆنیویەتییەوە”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سەرەتای ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێ “لامان سەیرە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کە پێکهاتەیەکی سەرەکی حکوومەتی هەرێمن نەزانێت داهاتی ناوخۆ چۆن خەرج دەکرێت؟” و دەشڵێ “بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە ڕاستییەکان وەک خۆی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکرێت”.

 

دابەشکردنی ١٠ مووچەی تەواو

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێ، بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ١٠ مووچەی تەواومان دابەش کردووە، کە مووچەیەکیان هیی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بووە و نۆ مووچەشیان هیی ساڵی ٢٠٢٣ بووە، لەساڵی ٢٠٢٣ حکوومەتی عێراق تەنیا چوار ترلیۆن و ٢٩٨ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە لەو ژمارەیە سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز بووە و ٥٩٨ ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە.

 

پشکی هەرێم و خەرجی کرداریی

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق نزیکەی ١٦ ترلیۆن و ٤٩٨ ملیار دینار بووە، بەڵام بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە کە حکوومەتی عێراق بۆ حکوومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی (شەش ترلیۆن و ٣٠٠ ) ملیار دینارە.

زیاتر هاتوو “لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ١١ ترلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی پێنج ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ عێراق بوونی بڕگەی خەرجی کرداریی (ئینفاقی فیعلی) بوو، کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ مانگانە لە دەوروبەری ٥٠٠ ملیار دینار تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا مووچەی  فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە ٩١٣ ملیار دینارە، بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون. ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ٢٥  ملیار دینارە.

وەزارەتەکە دەڵێ، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە درووست بوو بوو، ئەگەر لە ١٠٠٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین، بۆیە هەندێک مانگ ناچاربووین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتهێنانەکە نزیکەی ٣٤٠ ملیار دینار بوو.

 

داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی ٣٢٠ ملیار دینارە و لە ساڵێکدا نزیکەی چوار ترلیۆن دینارە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکییەوە بەدەست دێن لەوانە داهاتی (گومرگ و باج و کارەبا و هاتوچۆ و بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانوبەرە)، بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزە و دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان، کە بەپێی یاسا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، مانگانە نزیکەی  ١٧٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دینارە.

 

بەکارهێنانی داهاتی ناوخۆ

وەزارەتی دارایی و ئابووری باسی لەوە کردووە، زیاتر لە دو ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو ١٠ مووچەیە بەکارهێنراوە، کە بەدرێژایی ساڵی ٢٠٢٣ دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن (پێشینە و خەرجی مانگانەی دامودەزگاکانی حکوومەت) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.

لەو ڕوانگەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە خەرجی مانگانەنەی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ پێشینەی وەزارەت و دامودەزگاکان مانگانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٧٠  ملیار دینارە و ئەوەش هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت کە لە ساڵێکدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینارە.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە گۆڕان نیگەرانە

وەزارەتەکە، بەتوندی ڕەخنە لە ڕاپۆرتەکەی میدیای گۆڕان و خودی بزووتنەوەکە دەگرێت و دەڵێ، “ئەو کەسانەی بەئەنقەست ئەم زانیارییە نادروستانە بڵاو دەکەنەوە، هیچ خزمەتێک بە دۆخی مووچەخۆران و ئابڵوقە ئابوورییەکەی ناکەن، ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووش سەلماندوویەتی کە موزایەدەی سیاسی و دروشمی پۆپۆلیستی هیچی لێ بەرهەم نایەت، تێناگەین ئەو درۆ و چەواشەکارییانەی لەسەر پرسی مووچە و داهاتی ناوخۆ بڵاو دەکرێتەوە ئاوێکە و دەکرێتە چ ئاشێکەوە”.

زیاتر دەڵێ، “ئەگەر ئەو موزایەدە و چەواشەکارییانە سوودی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران نەبێت کێ سوودی لێ دەبینێت، جگە لە نەیاران و دوژمنانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و لە عێراق، لەڕابردووش هیچ حزب و لایەنێک سوودی لە درۆ و چەواشەکاری و پۆپۆلیستی نەبینیوە تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و میدیاکەی بیانەوێت سوودی لێ ببینن”.

وەزارەتەکە، پێداگری لەسەر بڕوابوونی بە بنەماکانی شەفافیەت و چاودێری دەکاتەوە و دەڵێ “هەمیشە دەرگامان بۆ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم کراوە بووە و وردبینی لەسەرجەم ژمارە و داتا و زانیارییەکان کراوە و دواتر بە ڕاپۆرت پەسەندکراوە و بەرزکراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان”.

زیاتر لەوەش دەڵێ، “ئەو نەزانانەی کە دەڵێن حکوومەت توانای مووچەیەکی تری هەبوو لەمساڵدا، بەڵام دابەشی نەکرد، دەبێت بەبیریان بێنینەوە ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ هەمووی کاش نییە و بەشێک چەک و قەرز و ئامانەتە، بەلامانەوە گرنگە ڕای گشتی و میدیاکانیش بزانن حکوومەتی هەرێم تەنیا دابەشکردنی مووچەی لە ئەستۆ نییە، بەڵکوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان و چەندین بەرپرسیارێتی تری دارایی لە ئەستۆیە کە مانگانە دەبێت پارەی بۆ تەرخان بکات”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڕەشەیش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیا دەکات و دەڵێ “هەر ڕاگەیاندن و  دامەزراوەیەکی میدیایی داتا و ئاماری نادروست لەسەر داهات و خەرجی دامودەزگاکانی حکوومەت بەمەبەستی شێواندنی ڕای گشتی و تێکدانی دەروونی مووچەخۆران و فەرمانبەران بڵاوبکاتەوە بە مافی خۆمانی دەزانین ڕووبەڕووی یاسای بکەینەوە بەمەبەستی سەلماندنی”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...