سیاسیشرۆڤه‌

سیستانی و کورد

 

لە گەرمەی هاوینی ساڵی ١٩٣٠ منداڵێک لە مەشهەد، لە بنەماڵەیەکی ئاینپەروەر لە دایک دەبێت ناوی دەنێن عەلی. باپیریشی ناوی عەلی بوو. پاش ساڵانێکی زۆر ئەم منداڵە دەبێتە ئایەتوڵا و لە نەجەف دەگیرسێتەوە. پاش ڕوخانی ڕژێمی سەدام، نەجەف دەبێت بە یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە عێراق، بە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتەوە. نەجەف بۆ خۆی خاوەن دنیایەکی تایبەتە، نەک تەنیا لە ئاستی دینی و ڕیتواڵەوە، بەڵکو لە ڕووی بوونی نوخبەیەکی تایبەتی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمڕۆ لە جیهانی شیعیدا، پاش سەرهەڵدانی قوتابخانەی ڕادیکاڵی قوم، نەجەف وەک قوتابخانەیەکی تایبەت دەبینرێت. ئەم قوتابخانەیە بە قوتابخانەی کپ دادەنرێت و قوتابخانەی قوم بە شۆڕشگێڕیی یان ڕادیکاڵ. لە هەمانکاتدا نەجەف خۆی بە بەشێک لە ولایەتی حسبیە دەژمێرێت کە بەرپرس نییە لە سەرجەم پانتاییەکانی ژیانی شوێنکەوتووانی، بە پێچەوانەوە ولایەتی فەقیه ماف بە خۆی دەدات کە دەستوەردان بکات لە ورد و درشتی ژیانی شوێنکەوتووانیدا.

لێکۆڵەری عێراقی سەجاد سالم کتێبێکی تایبەتی دەربارەی ژیان و کەسایەتی و کاریگەری سیستانی نووسیوە کە ناوەندی سەدە، بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆیان چاپ کردووە. بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە ڕێگای وەتس-ئاپەوە قسەم لەگەڵ سەجاد کرد، زۆری پێخۆش بوو کتێبەکەی بە ناوەندی کوردی بناسرێت. سەجاد ئەم کتێبەی زیاتر بۆ کەسانی دەرەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیوە. هەرچەندە من وەها هەست دەکەم، زانیارییەکی زۆر کەم و ڕووکەش هەیە دەربارەی سیستانی و ناوەندی دەسەڵاتی نەجەف و چۆنیەتی پیادەکردن و بەڕێوەچوونی دین و سیاسەت لە نەجەف، لە ناوەندی کوردیدا. ئەمە کەمییەکی زۆر خراپە لە کاتێکدا نەجەف لە پاش ڕوخانی سەدامەوە، ڕۆڵێکی هەتا بێت کاریگەر دەبینێت لە ناو کایەی سیاسەتی عێراقیدا و کوردیش بەدەرنییە لە پێودانگەکانی.

بە دیدی سەجاد، سیستانی کاریگەرترین دەسەڵاتداری شیعەیە لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە هەتا ئەمڕۆ، لەبەر سەرکەوتوویی لە بوارەکانی دین و سیاسەت و دانپێانانی نێودەوڵەتی و هەروەها بونیادنانی ڕوانگەی کۆمەڵایەتی کە جیاوازە لە دیدی خومەینی کە خوازیاری حوکمداریی ڕاستەوخۆی مەلا دینییەکانە لە ناو کایەی سیاسەتدا. هەندێک ئەم ڕوانگەی سیستانی بە نیمچە کپ، لە قەڵەم دەدەن، چونکە نە بەتەواوی دابڕاوە و نە لە هەموو کات و بوارێکدا دەستوەردان دەکات. بە دیدی من دەبێت جیاکاری بکرێت لە نێوان ڕۆڵی حەوزە کاتێک کە شیعە لە دەسەڵاتدان و کاتێک کە شیعە لە دەرەوەی حوکمداریدان. ئەم جیاکارییە گرنگە، لە کاتێکدا کە نەرێتی نادەسەڵاتی بە سەر دنیابینی شیعەدا زاڵە، کە ئەمەش کۆمەڵێک کاریگەری زۆری هەیە لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنیان بۆ دەسەڵات.

[لێرەدا جەدەلێک هەیە دەبێت لە بەرچاوی بگرین: شیعە هەمیشە ئاینی دەسەڵات، شیعە هەمیشە ئۆپۆزسیۆنە].

بە درێژایی مێژوو حەوزە پشتیوانی خەڵکی شیعە بووە کاتێک لە دەرەوەی دەسەڵات بوون. بەڵام کاتێک لە دەسەڵاتدان، چۆن مامەڵە دەکات؟ وەک پشتیوانی شیعە یان وەک پشتیوانی دەسەڵات، یان یارییکردن لە نێواندا. قوتابخانەی خومەینی ڕاستەوخۆ پشتیوانی شیعەیە، بەڵام سیستانی دەیەوێت خۆی لە دەرەوەی تایفەگەریی ببینێت.

لەم ڕوانگەیەوە سیستانی لای شیعەی ناڕازی لە عێراق و غەیرە شیعەکان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە. لە ڕاستیدا پەیوەندی نێوان حەوزەی نەجەف و بەغدا، پەیوەندییەکی ئاسایی تاک ڕەهەند نییە. لە کاتێکدا نەجەف دەیەوێت خۆی وەها پێشانبدات کە پشتیوانی نوخبەی دەسەڵاتدار نییە، بە تایبەتی کە زۆربەی زۆری خەڵکی شیعە دژ بەو نوخبەیەن، لە هەمانکاتدا، هەڵوێستەکانی لە ساتەوەختە کاریگەرەکاندا، بە قازانجی نوخبەی دەسەڵات شکاوەتەوە، بە تایبەتی لە فەتوانی کیفائی کە بوو بە بنەمای درووستبوونی حەشدی شەعبی.

دەکرێت بگوترێت کە حەوزە هەڵوێستەکانی ناو بە ناو، پەیوەست بە دۆخ و پرس و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، ئەمەشە هەندێک سیستانی بە میکیاڤیللی ناودەبەن. بەڵام ئەگەر بە دوور لە هەڵوێست وەرگرتن تەماشای بکەین، حەوزە ناتوانێت پشتی دەسەڵات بگرێت کاتێک خەڵک لێی ناڕازین، لە هەمانکاتدا دژایەتییەکانی سنوردار و نەرمە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی شیعە دەتوانن کاتێک لە قازانجیان بوو گوێڕایەڵ بن و کاتێک لە قازانجیان نەبوو پشتگوێی بخەن. ئەم پەیوەندییە ئەلە-کارتە، à la carte..

لە ڕاستیدا دەکرێت سیستانی و بڕیارەکانی بە دوو جۆر بخوێندرێنەوە، جۆرێک کە عێراقییانەیە، جۆرەکەی تر کە تائیفییە. سەجاد لە کتێبەکەیدا هەوڵدەدات کە عێراقییانە بیبینێت. بە جۆرێک کاتێک لێم پرسی ئایا کورد دەبێت چۆن بیبینن، ئەو وەڵامی وەها بوو کە کورد دەبێت سیستانی وەک کەسێک ببینن کە پشتیوانی خەڵکی عێراقە. بۆ نمونە ئەگەر فەتواکەی ئەو نەبووایە بۆ دژایەتی داعش ڕەنگە داعش زیاتر کاریگەرییان هەبووایە و درێژەیان بکێشایە، کە زیانی بۆ کوردیش دەبوو.

بەڵام حەشدی شەعبیش زیانی زۆری بۆ کورد و هەموو خەڵکی عێراق هەیە، چونکە ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەت ڕەهنە لای ئەوان.

بەڵام کێشەی گەورەی سیستانی لە عێراقدا نادیموکراسی بوون و دووریەتی لە خەڵکەوە. لە هەمانکاتدا بڕیارەکانی هەمیشە پێچراوان لە بڕێکی زۆر لە پیرۆزی، بەجۆرێک ڕەخنەکردنی وەک گوناهێک دەبینرێت. ئەم ئامادەییە باڵایە، دوور لە چاودێر و هەڵسەنگاندن وەها دەکات کە دەزگایەکی پیرۆز و باڵا باڵبکێشت بە سەر سەرجەم کایەکانی دەوڵەتدا، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر دەوڵەت، بەڵام دەوڵەت کاریگەری نییە بە سەر ئەوەوە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین ناوەکییەکی دەرەکییە.

ئەم پێگەیە وەها دەکات کە ئەو نیگەرانییەی کە هەیە دەربارەی چارەنووسی سیستانی و لەگەڵیدا سەرجەم حەوزەی نەجەف مایەی پرسیار و نیگەرانی بێت. بەلای سەجادەوە، پرسی ئەوەی کە کوڕەکەی جیگای بگرێتەوە، نەبووە، چونکە لە مێژووی حەوزەدا هەرگیز مەرجەع بۆ براو و کوڕ نەڕۆشتووە، ئەم نەریتە ناشکێنرێت. بەڵام کەس گومانی لە پێگەی بەهێزی کوڕی سیستانی محەمەد زەزا نییە، کە بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەیەتی.

بەڵام لە کاتێکدا گەر سیستانی مرد چی دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو ئاستی هەیە: یەکەم، ئایا مۆدێلی سیستانی چی لێدێت و دووەم، ئایا کێ جێگەی دەگرێتەوە؟

بە ڕای سەجاد مۆدێلی سیستانی شەش خەسڵەتی هەیە: یەکەم، دڵنیاییکردنەوەی سەروەری گەل. دووەم، دوورگرتن لە بەشداری ڕاستەخۆ لە سیاسەت، سێیەم، پێشکەشکردنی ڕێنمایی بۆ سیاسییەکان بەبێ هاوبەشییکردنیان. چوارەم، پارێزگاریکردن لە پێگەی حەوزە. پێنجەم، هەڵسوکەوتکردن وەک زەعیمی هەموو عێراقییەکان بەبێ جیاوازی. شەشەم، بەشداری نەکردن لە سیاسەت ئەو کاتانە نەبێت کە بونیادی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.

دیارە سەجاد ئەم ڕوانگانەی لە میانەی مێژووی ئەم چەند دەیەی دوایی حەوزەوە هەڵێنجاوە، نەک لە ڕوانگەیەکی داڕێژراوی نووسراوەوە، ئەمەش وەها دەکات کە هەمیشە کراوەبێت لە بەردەم ڕووداوەکاندا. بەتایبەتی کاتێک کە حەوزە خاوەنی پشێویەکی ڕێکخراوە، بەو مانایە نیزامێکی تایبەتی نییە.

دیارە بێگومان هیچ دوو مەرجەع نییە لە مێژوودا کە وەک یەک بووبن، هەمیشە کەسایەتی و دنیابینی مەرجەعەکان ڕۆڵیان هەبووە لە ڕەفتاری ئەوان، بۆیە گەرەنتی نییە کە مەرجەعی داهاتوو بەهەمان شێواز مامەڵە دەکات، هەرچەندە سەجاد دەڵێت، لە دوای خۆی سیستانی دەبێتە پێوەر و نمونە بۆ ئەوانەی کە دوای ئەو دێن.

هەرچی دەربارەی جێگرتنەوەی فیزیکییە، بە دیدی سەجاد، ڕەنگە یەکێک لە ئایەتوڵاكانی نەجەف بێت یان چەند کەسێک پێکەوە بۆ ماوەیەک بەو ڕۆڵە هەستن، ئەمەش لە ڕابردوودا ڕوویداوە. بەڵام ئەوەی هەیە یاسا نییە، بەڵکو نەریت و عورفە، بۆیە ئێمە کراوەین بەرانبەر دوبارە یان ئەگەری نوێ.

سیستانی بریتی نییە لە کەسێک، بەڵکو کاراکتەری ناو ڕێچکەیەکی درێژی مێژوویەکی تایبەتە لە دەزگا، پیرۆزی، دەسەڵات و بیر. ئەمە یەکەمجارە عێراق وەک دەوڵەت لە سایەی مەرجەعێکدا بژی. ئەم پەیوەندییە، ئێستا وەها دەبینرێت کە حەوزە و مەرجەعەکەی پاکن و دەوڵەت پیس. بەڵام ئەم دۆخە هەمیشە وەها نامێنێتەوە. مێژووی مرۆڤایەتی شایەتی پەیوەندییەکی ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو لایەنەیە.

کورد ناتوانێت حەوزە پشتگوێ بخات لە داهاتوودا. ناسینی مەرجەعیەت و چۆنیەتی درووستکردنی پەیوندی لەگەڵیدا ناچارییە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...