ههواڵ
هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2024/01/416716741_381561714557357_726300117768078219_n-780x470.jpg)
زێدپرێس
هەڵمەتی دەست بەسەرداگرتنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی لە شاری هەولێر دەستیپێکرد و لە یەکەم هەنگاودا نۆ شوێن داخراون.
ئەمڕۆ سێشەم، ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، نەبەز عەبدوالحید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، لێژنە هاوبەشەکانی چاودێریکردنی بازاڕ، دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ دەست بەسەرداگرتنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی لەناو شاری هەولێر کردووە.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئاماژەیدا، هەر ئەمڕۆ سێشەم لە دەستپێکی هەڵمەتەکەدا، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنیدا گرتووە و نۆ شوێنی فرۆشتنیان لەناو شاری هەولێر داخستووە.
وەک نەبەز عەبدولواحید ئاماژەیدا، پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی ڤەیپ و نێرگەلەی ئەلیکترۆنی دەرکردووە و ئەمڕۆ دەستیان بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە کردووە.