هه‌واڵ

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەتوندی ڕەخنە لە کابینەی نۆیەم دەگرێت

زێدپرێس

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی ڕەخنە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم دەگرێت و بە هۆکاری کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەک نەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی دادەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەت، لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەکەی ڕایگەیاند، “قەناعەتم وایە دەیانەوێت یەکێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە نەمێنێت”.

زیاتر دەڵێ، “کێشەکە نە یەکێتییە و نە پارتییە، کێشەکە حکوومەتە، ئەوەیشی ئەمڕۆ دەیبینم لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕاستی جیاوازییەکی زۆر دەبینرێت، قەناعەتم وایە دەیانەوێت تەسفیەی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن و یەکێتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە نەمێنێت”.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەتایبەت هۆکاری کێشەکە بۆ خودی حکوومەت و ڕوونتر بۆ “لایەنێک لەناو حکوومەت” دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە کابینەی نۆیەم نەیتوانیوە درێژە بدات “بەو کارە چاکانەی لە کابینەکانی پێشووتر کراوە”.

جێگری سەرۆکی هەرێم بانگەشەی ئەوە دەکات، کێشەکان ئەوەندە قوڵ نین کە نەتوانرێت چارەسەر بکرێن و دەڵێ “هیچ کێشەیەک قوڵ نییە ئەگەر بتەوێت چارەسەری بکەیت. ئێمە لە شەڕی ناوخۆ کە ئەو هەموو شکستەمان بەسەر میللەتەکەماندا هێنا، ئەو هەموو خەڵکە شەهید و بریندار بوو بەخۆڕایی و جێگەی هیچیشی نەگرت، ئێمە توانیمان حکوومەت دروست بکەین، توانیمان وڵات ئاوەدان بکەینەوە و بەشێک لە هێزی پێشمەرگە یەکبخەینەوە، لەسەرتاسەری کوردستاندا کاری ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ژیانی خۆش و هەرچی شتی باشە لە دوای شەڕی ناوخۆوە بووە، لە دۆخێکی ئەوهادا کە ئێمە ئەو هەموو هەنگاوەمان ناوە، دەبێت هۆکار چی بێت کە کابینەی نۆ نەیتوانی درێژە بدات بە کارە چاکەکانی کە لە کابینەکانی پێش خۆی کراوە”.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، هەر لەو دیدارەدا سیاسەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێ “سیاسەتی سەرۆکایەتی هەرێم موخالف نییە لەگەڵ سیاسەتی یەکێتیدا”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...