هه‌واڵ

یەکێتی زانایان: هیچ فەتوایەکمان لەسەر مووچە و مووچەخۆران نەداوە

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە، کە هەر فەتوایەکیان لەبارەی مووچە و مووچەخۆرانەوە دابێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە، ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکەدا، ڕەتی دەکاتەوە کە هەر فەتوایەکیان سەبارەت بە مووچە و مووچەخۆران دابێت.

ڕوونکردنەوەکە دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە چەند دەزگایەکی میدیایی و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دێت، کە گوایە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە فەتوایەکدا گوتوویەتی “ئەگەر حکوومەت کەمتوانا بوو لە پێدانی مووچە، دەبێت فەرمانبەران خۆڕاگربن”. بەڵام یەکێتییەکە هەر فەتوایەکی لەو شێوەیە ڕەت دەکاتەوە.

پێشتر لەلایەن چەند دەزگایەکی میدیاییەوە، نووسراوێک وەک دەقی فەتوای د. حەسەن موفتی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەرچەند نووسراوەکە ڕێککەوتی ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ی لەسەرە، بەڵام هیچ واژۆ و مۆرێکی لەسەر نییە.

لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا و سەبارەت بەو پرسیارەی کە “ئایا نەدانی مووچەی هاووڵاتییان کارێکی شەرعییە یان ناشەرعی؟”، وەڵامەکە بەو جۆرەیە کە ئەگەر حکوومەتی عێراق یان هەرێم توانای هەبێت مانگانە مووچە بدات و نەیدا، ئەوا “گوناهبار دەبێت و کارەکەی دەچێتە خانەی ستەمەوە”. وەڵامەکە بە چەند ئایەت و فەرموودەیەک ڕوونکراوەتەوە و پاشان هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکات، کە “ئەگەر حکوومەت توانای نەبوو مووچەکە بدات، ئەوا مەعزورە و پێویستە مووچەخۆران خۆڕاگربن”. زیاتریش ڕوونکراوەتەوە، کە ئەوان پرسی توانا و بێتوانایی حکوومەت لە پێدانی مووچە نازانن، بەڵکوو ئەوە کاری پەرلەمان و لێژنەی داراییە کە بیسەلمێنێت حکوومەت توانای دابینکردنی مووچەی هەیە یان نا.

یەکێتی زانایان هەر لە هەمان ڕوونکردنەوەدا دەڵێن، هەر فەتوایەک ئەگەر واژۆ و مۆری فەرمی لەسەر نەبێت و لە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتییەکە بڵاونەکرابێتەوە، گوزارشت لە ڕا و هەڵوێستی یەکێتی زانایان ناکات.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:

 

راگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری هەواڵێکی بێ بنەما بەناوی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڵاو دەکاتەوە

 

بەداخەوە دوێنێ راگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری هەواڵێکیان بەناوی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان بڵاوکردۆتەوە، بێ ئەوەی بەشێوەی پیشەیی مامەڵە بکەن و وەک موسڵمان روونکردنەوە وەربگرن..

ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان هیچ فەتوایەکی فەرمی بەو شێوە بڵاونەکردۆتەوە، چونکە فەتوای فەرمی لە ئەنجومەنەوە دەردەچێت و کلێشەی تایبەتی خۆی هەیەو مۆرو ئیمزاو ژمارەو بەرواری لەسەر دەبێت و لە سایتی فەرمی یەکێتی زانایان بڵاو دەکرێتەوە.

هەر هەواڵ و لێدوان و فەتوایەک لە راگەیاندنی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە، تەعبیر لە ڕا و هەڵوێستی فەرمی یەکێتی زانایان ناکات، تکامان وایە راگەیاندنەکان لەپێناو ئامانجی خۆیان یاری بە لێدوانی کەسی و نافەرمی نەکەن و هەستپاکی زانایان نەقۆزنەوە.

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...