هه‌واڵ

سۆران؛ کۆمپانیایەک ٤٥ درەختی تەمەن ٢٠ ساڵ لەناودەبات

زێدپرێس

 

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دەروازەی سۆران، ٤٥ درەختی تەمەن ٢٠ ساڵەی بڕیوەتەوە و لەناوبردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

فەرمانگەی ژینگەی سۆران ڕایگەیاند، کۆمپانیای جێبەجێکاری دەروازەی سۆران، ٤٥ درەختی تەمەن ٢٠ ساڵ و کۆمەڵێک نەمامی لەناوبردووە، لەکاتێکدا دەکرا ئەو درەختانە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ڕۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بەدواداچوونی مەیدانی بۆ شوێنی لەناوبردنی درەختەکان کردووە و دەرکەوتووە، کۆمپانیای جێبەجێکاری ئۆڤه‌رپاسی ده‌روازه‌ی سۆران چەندان درەختی لە شوێنی پڕۆژەکە لەناوبردووە.

فەرمانگەی ژینگەی سۆران، دەڵێ، دەکرا درەختەکان بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێنەوە لەجیاتی بڕینەوە و لەناوبردن و لەو ڕوانگەیەشەوە ڕایگەیاندووە “به‌ نووسراوی فەرمی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وە، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌م قه‌تل و عامه‌ی دره‌خت دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. چونكه‌ شارەکە ڕێژه‌ی سه‌وزایی زۆر كه‌مه‌ و پێویسته‌ پارێزگاری له‌ داره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان بكرێت”.

بەگوێرەی داتایەک کە ڕێکخراوی هەسار لەڕێگەی بەرنامەیەکی تایبەت بە دەستنیشانیکردنی ڕێژەی سەوزایی شارەکان بەردەستی خستووە، ڕووبەری داپۆشراو لە دار و درەخت لە سۆران تەنیا ٣.٨١٪ دەبێت و ئەوەش زۆر کەمترە لە ستانداردی جیهانی.

هەرچەند بەرپرسانی حکوومەتە خۆجێییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، لە دەستنیشانیکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا، ڕووبەری داپۆشراو بە گوڵ و چیمەنەکان ڕەچاو دەکەن، بەڵام لە پرسی گۆڕانی کەشوهەودا تەنیا ڕووبەری داپۆشراو بە دار و درەختی سێبەردار ڕەچاو دەکرێت، نەک گوڵ و چیمەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...