ڕووفاتی ١٧٢ ئەنفالکراوی گەرمیان ڕادەست دەکرێنەوە
زێدپرێس
ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، پزیشکی دادی بەغدا و لە مەراسیمێکدا ڕووفاتی ١٧٢ ئەنفالکراوی گەرمیان ڕادەستی هەرێمی کوردستان کرانەوە.
ڕووفاتەکان ژن و منداڵن و پێشتر لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی سامەوا دۆزراونەتەوە و لەوەتەی ساڵی ٢٠١٩ەوە بەمەبەستی پشکنینی دی ئێن ئەی، لە پزیشکی دادی بەغدا هێشتراونەتەوە.
جگە لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای چەمچەماڵ هیچ بەرپرسێکی سیاسی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمەکەدا بەشدار نەبوو. لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراقیش تەنیا وەزیری تەندروستی وەک لایەنی پێوەست بە پزیشکی دادی کە ڕووفاتەکانیان لەخۆگرت بوو، لە مەراسیمەکەدا بەشدار بوو.
مەراسیمی ڕادەستکردنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان لەکاتێکدا بوو، کە هەمان کات هەر لە شاری بەغدا ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم بەڕێوەچوو. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
جگە لە تەواوی بەرپرسە باڵاکانی عێراق لەناویاندا سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشداربوون و لەناویشیاندا هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ کام لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا بوون لە مەراسیمی تایبەت بەڕادەستکردنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان بەشدار نەبوون.