هه‌واڵ

پشتیوان سادق: ئێران مایەی پشێوی و نائارامی تەواوی وڵاتان و گەلانی ناوچەکەیە

زێدپرێس

 

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی ئێران مایەی پشێوی و نائارامی تەواوی وڵاتانی ناوچەکەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پشتیوان سادق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوە دا، کە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، “لەسەرەتاوە بۆ ھەموو ناوچەکە ئومێدبەخش بوو، بەداخەوە دواتر جگە لەوەی بۆتە مایەی تێکدانی باری ئابووری و سەقامگیری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێران، ئێستا بۆتە مایەی پشێوی و نائارمی تەواوی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە”.

زیاتر دەڵێ: “لەھەر وڵاتێک گرووپێکی لەسەرووی وڵاتەکە داناوە، کە خاوەن بڕیارن و ھیچ بەھایەک بۆ سەروەری وڵاتانی ناوچەکە نەماوە”.

ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێم، لە بەرانبەر هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر نووسیویەتی: “سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی جورئەت ناکات لە ئێرانەوە یەک سارۆخی بالستی ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات،  لەجەرگەی پایتەختەکەیان دەیان کەسایەتی باڵا کوژراوە، نەک ناتوانن تۆڵەی بکەنەوە، بەڵکو نازانن چۆنیش کوژراون”.

ئەو، جارێکی دیکە دووپاتی دەکاتەوە کە “ھۆکاری پاشکەوتن و دواکەوتن و شەڕ و کێشەی ئەم ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی ئێران لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکە”.

هەر لەو کورتە نووسینەدا، کە بەناونیشانی “ئێران و زوڵم” نووسیویەتی، دەڵێ “کوردستان وەک مێژووی ھاوبەشی جیرانەتی، ھەردەم بەچاوی ڕێزەوە تەماشای گەل و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە، بەڵام وەھمێکیان بۆ خۆیان دروستکردووە کە دەشزانن ڕاستی نییە”.

لەبارەی مووشەکبارانکردنی ماڵی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرێکی ناسراوی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە “ھەموو خەڵک دەزانێت شەھید (پێشڕەو دزەیی) بەلای سیاسەتدا نەدەچوو، بەخوا شەرمەزارییە دەزگای ھەواڵگری ئێوە ئەمە نەزانێت؟ ئەگەر ئازایەتیان لەوەدابێت بەژمارەیەک سارۆخی بالستی لەماڵێکی بێتاوانی کوردی ھەولێر بدەن، بەخوا ئەمە نیشانەی کۆتایی زوڵمی ئێوەیە”.

زیاتر دەڵێ: “کۆماری ئیسلامی ئێران دەیتوانی ئەو دەرفەتە گەورەیەی لەناوچەکە بۆی دروست بووە بەجۆرێکی تر بیقۆزنەوە و ببێتە فاکتەری ئارامی و دیموکراسی پێشکەوتن لەناوچەکەدا”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...