خوێندنی دکتۆرا بەشێوازی سپلیت سایت لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا
بەگوێرەی نووسراوەی ژمارە ١٦٦٨٢ لە ڕێککەوتی ٧ی ئابی ٢٠٢٤ کە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر هاتووە، وادەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی دکتۆرا بەشێوازی سپلیت سایت لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و ئەوەش هەریەک لە زانکۆکانی سەلاحەدین، سلێمانی، دهۆک، کۆیە، سۆران و زاخۆ دەگرێتەوە.
خوێندن بەشێوازی سپلیت سایت، بە جۆرێکە کە نیوەی ماوەی خوێندنەکە لە یەکێک لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و نیوەکەی دی لە یەکێک لە زانکۆکانی دەرەوە دەبێت.
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی دکتۆرا بەشێوەی سپلیت سایت لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٤ دەست پێدەکات و لە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٤ کۆتایی دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان چەند مەرجێک بۆ خوێندنی دکتۆرای سپلیت سایت دیاریکراوە، لەناویاندا، دەبێت پێشکەشکار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بێت؛ پێشکەشکار نابێت لە خوێندنی دکتۆرا وەرگیرا بێت یان لە خوێندنی دکتۆرا دوورخرابێتەوە یان بەخۆی جێهێشت بێت؛ هەروەها نابێت تەمەنی پێشکەشکار لە ٤٥ ساڵ زیاتر بێت و لە هەمان کاتیشدا هەردوو جۆری خوێندنی خۆڕایی و پارالێڵ بەردەستن، کە یەکەمیان تێچووەکەی لە ئەستۆی حکوومەت و دووەمیان تێچووەکەی لە ئەستۆی پێشکەشکار دەبێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، زانکۆی سەلاحەددین پلانی کردنەوەی خوێندنی دکتۆرای سپلیت سایتی پەسندکردووە.
لەخوارەوە سەرجەم بەڵگەنامەکانی تایبەت بەکردنەوەی خوێندنی دکتۆرای سپلیت سایت و پلانی پەسندکراوی زانکۆی سەلاحەددین: