هه‌واڵ

زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە دەستیان بە دەوام نەکردووەتەوە

زێدپرێس

 

لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە، هێشتا زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دەستیان بە دەوام نەکردووەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی پەروەردە لە سلیمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەم پڕۆسەی خوێندن لە زیاتر لە ٧٥٠ ناوەند دەستیپێکردووەتەوە.

لێدوانەکەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی ئاماری پارێزگای سلێمانی، لە پارێزگاکەیاندا دوو هەزار و ٢٣٢ قوتابخانە و ناوەندی خوێندن هەن. هەروەها بەگوێرەی لێدوانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە تەواوی دەڤەرەکەدا کە بایکۆتی خوێندنی تێدا کراوە، نزیکەی سێ هەزار قوتابخانە هەن کە ٧٠٠ هەزار قوتابی تیایاندا دەخوێنن.

لەسەر ئەو بنەمایەش هێشتا زیاتر لە دوو هەزار قوتابخانە لە سنورەکەدا و بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە دەوامیان تێدا ناکرێت. لەکاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەیەکی نوێی خوێندنی ڕاگەیاندووە و دەبوو لە ٩ی ئەم مانگەوە وەرزی یەکەمی خوێندن دەست پێبکات.

ئەمڕۆ یەکشەم جارێکی دیکە ژمارەیەکی بەرفرەوان لە مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەروەها لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە.

بەگوێرەی ساڵنامەی نوێی خوێندن کە لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێدەکات و لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٤ کۆتایی دێت. دەوامی وەرزی دووەمیش لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٤ دەستپێدەکات و لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٤ کۆتایی دێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...