هه‌واڵ

دەستەی مافی مرۆڤ ڕفاندنی چەند کەسێک لە قەڵادزێ پشتڕاست دەکاتەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، پشتی ڕاستی دەکاتەوە، کە لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە ژمارەیەک هاووڵاتی لە سنوری قەڵادزێ ڕفێندراون و تا ئێستا سۆراخیان نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، بەیاننامەیەکی لەمەڕ بردن و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی لە سنوری قەڵادزێ بڵاوکردەوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پاش تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییەکەوە، بەوەی لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە کوڕەکەی بردراوە و سۆراخی نییە و هەروەها گەیشتنی زانیاری زیاتر بەدەستەکە لەمەڕ بردن و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەی سنوورەکە، تیمی نووسینگەی ڕاپەڕینی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ سۆراخکردنی بێسەروشوێنکراوەکان بەدواداچوونیان لە ئاسایشی ڕاپەڕین کردووە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی ڕاپەڕینەوە پێیان گوتراوە، هیچ زانیارییەکیان نییە.

دواتر و لە میانەی بەدواداچوونی زیاتردا، بۆ دەستەی مافی مرۆڤ دەرکەوتووە، کە شەوی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، “هێزێکی ئەمنی بە چەند ئۆتۆمبیلێکی ڕەش و دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر چەند ماڵێک لەو شەوە، وەک سەرچاوەکان باسیان کردووە، ژمارەیەک کەسیان بردووە و تا ئەو ساتەش هیچ هەواڵیان نییە و دیار نییە ئەو هێزە سەر بە کێن و ئەو کەسانەیان بۆچی بردووە”.

دەستەی مافی مرۆڤ هەر لەو بەیاننامەیەدا، وێڕای سەرکۆنەکردنی هەڵکوتانە سەر ماڵان و بردنی هاووڵاتییەکان، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەزوویی چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکان ئاشکرا بکرێت.

 

دەقی بەیاننامەکە؛

 

بەیاننامەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەواڵی بێسەروشوێن بوونی چەند هاووڵاتییەک لە لایەن هێزێکی نەناسراوەوە لە شارۆچکەی قەڵادزێ.

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هاوڵاتیەکەوە پەیوەندی بەنوسینگەی ڕاپەرینی دەستەکەمانەوە کردو سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە بێسەروشوێن بوونی کوڕەکەی و بردنی لەلایەن هێزێکی چەکداری نەناسراوەوە.

دواتر لەچەند سەرچاوەی تر و تۆڕی کۆمەڵایەتیش هەواڵی زیاتر بەدەستە گەیشت و بڵاو بۆوە، کە هێزێکی ئەمنی نەناسراو لەسنوری قەڵادزێ چوونەتە سەر چەند ماڵێک و ژمارەیەک هاووڵاتی تر بردراون و تا ئێستاش هیچ سۆراخ و هەواڵیان نییە.

بۆ ئەو مەبەستە لەسەر ڕاسپاردەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نووسینگەی ڕاپەڕینی دەستە بەدواداچوونیان کرد و ڕۆژی 25/1 تیمێکی تایبەتیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕینیان کرد لە ڕانیە، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسی هۆبەکانی لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆن و پرسیارکردن سەبارەت بەو حاڵەتە و کەیسەکە، ئەوان ڕایانگەیاند کە ئاگاداری هیچ بابەتێکی لەو جۆرە نین و هیچ زانیارییان نییە و ڕەتیان کردەوە.

دوای بەدواداچوونی زیاتری وردی نووسینگەی ڕاپەڕین و وەرگرتنی زانیاری لەسەرچاوەی تر گەیشینە ئەو دەرەنجامە.

شەوی 9/1 هێزێکی ئەمنی بە چەند ئۆتۆمبیلێکی ڕەش و دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر چەند ماڵێک لەو شەوە، وەک سەرچاوەکان باسیان کردووە، ژمارەیەک کەسیان بردووە و تا ئەو ساتەش هیچ هەواڵیان نییە و دیار نییە ئەو هێزە سەر بە کێن و ئەو کەسانەیان بۆچی بردووە.

 

دەستەی مافی مرۆڤ وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی ئەم کردەوە دەکات، جەخت لەوەش دەکەینەوە ناکرێ هیچ هێزێک لەدەرەوەی یاسا و بەبێ بڕیاری دادوەر و بێ ئاگاداری دامودەزگاکانی ناوچەکە بچنە سەر ماڵان و هاووڵاتییان ببەن و چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردن و بردنیان دیار نەبێت.

ئەو جۆرە کارەو  شێوازی بردنی هاووڵاتییان پێچەوانەی هەموو ڕێکارە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤە و ڕێگە پێدراو نییە.

 

لێرەوە داوا لەدامودەزگا پەیوەندیدارەکانی سنورەکە بەگشتی و یەکەی ئیداری ئەوێ دەکەین، هەرچی زووە بەدواداچوونی جددی بکەن و سۆراخی ئەو کەسانە دیاری بکەن و هۆکاری بردن و دەستگیرکردنەکەیان بۆ ڕای گشتی و کەسوکاریان بڵاوبکەنەوە و هەرچی هەیە دەربارەی ئەو کەیسانە بە هەر تۆمەتێک بێت پێویستە بە ڕێکاری یاسایی بێت و دادگا یەکلای بکاتەوە.

وە ئێمە بەدەوام دەبین لەبەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە بەهەماهەنگی داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی سنورەکە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی تەواو لەسەر ئەو بابەتە.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...