هه‌واڵ

تەندروستکارانی سلێمانی: تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچە نەیەت بایکۆت دەکەین

سەندیکای کارمەندانی کوردستان/لقی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەو دۆخەیان نەماوە کە بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەوە دروستبووە و ئەگەر تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو چارەسەری کێشەی مووچە نەکرێت، دەست بە بایکۆت دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەندیکای کارمەندانی تەندروستی/لقی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕێککەوتی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ی لەسەرە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە قەیرانی دارایی تەنگی بە هەمووان هەڵچنیوە و بە ئەستەم دەتواندرێت بەردەوامی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بدرێت، ئەوان دەڵێن، دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، هێندەی دیکە ژیان و گوزەرانیانی قورستر کردووە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، تەندروستکارانی سلێمانی باسیان لەوە کردووە، کە لەکاتێکدا زۆربەی نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی چەند شار و شارۆچکەیەکی دەوروبەر بایکۆتیان کردووە و نەخۆشەکانیان ڕوو لەناوشاری سلێمانی دەکەن و هێندەی دیکە ئەرکی سارشانیان قورستر بووە، ئەوە لەکاتێکدا کە زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە زۆرینەی پزیشکەکان دەوامیان جێهێشتووە و ئەرکەکانیان بۆ تەندروستکاران جێهێشتووە.

تەندروستکارانی سلێمانی ڕەخنە لە حکوومەت و وەزارەتی تەندروستی دەگرن، بەوەی کە هیچ پێزانینێکیان نییە بۆ ڕۆڵی کارمەندانی تەندروستی و فەرامانبەران و چین و توێژەکانی دیکە و لە کۆتا هەوڵیشیاندا لە پەیکەری بەڕێوەبردنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکاندا کارمەندانی تەندروستییان سڕیوەتەوە.

کارمەندانی تەندروستی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا، باس لەوە دەکەن کە لە ڕێککەوتی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لەگەڵ نووسینگەکانی شارەکان و لێژنە پسپۆڕییەکان و نوێنەرایەتییەکان کۆبوونەتەوە و دوای گفتوگۆکردن بەچەند دەرئەنجام و بڕیارێک گەیشتوون:

  • بەردەوام دەبین لە خزمەتی نەخۆش و هاووڵاتییانی هەژار و فەرمانبەری بێمووچە و کاسبکارانی بێکەسابەتی شارەکەمان تاوەکوو سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەئومێدی بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق بۆ داواکارییەکانمان.
  • لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو توانای بەرگەگرتنی ئەم قەیرانە قورسەمان نامێنێت و ناچار دەبین ئەم سێکتەرە گرنگ و هەستیارە بەجێبهێڵین کە ڕاستەوخۆ پێوەستە بە ژیانی خەڵکەوە.
  • لە ئەگەری بەدەنگەوەنەهاتنمان بەرپرسیارێتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو دەخەینە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...