هه‌واڵ

سکاڵای یاسایی لەسەر دەستێوەردانەکانی سوپای عێراق لە کەرکووک تۆمار کرا

زێدپرێس

 

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک ڕادەگەیەنێت و دەڵێ سکاڵای یاسایی لەسەر دەستێوەردانەکانی سوپای عێراق لە کەرکووک تۆمار کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، فەهمی بوڕهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ نوێنەری گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیەکی وردیان لەمەڕ بارودۆخی گەڕەکەکە و پێشهاتەکانی کردووە.

فەهمی بوڕهان ڕوونیکردەوە، لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقیش هەمان کێشەی وەک گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک هەیە، بەڵام جگە لە کەرکووک لە سەرجەم شوێنەکانی دیکە کێشەکە چارەسەرکراوە. لەو ڕوانگەیەشەوە، داوای کرد، بە هەمان ئەو پێوەرەی کە مامەڵە لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عیراق کراوە، مامەڵە لەگەڵ گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک بکرێت و کێشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە وەک گوتی “ناکرێت حکوومەتی عێراق بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق تێڕوانینێکی هەبێت و هەوڵێ چارەسەری کێشەکان بدات، بەڵام بۆ هەمان کێشە لە شاری کەرکووک بە شێوازێک مامەڵە بکات کە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە”.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتیشی “سکاڵای یاسایی لەسەر دەستێوەردانی نادەستووری سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆز تۆمار کراوە، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی ناوچە کوردستانییەکان تەواو پشتیوانیانین، ئومێد دەکەین تەواوی هەنگاوە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هیچ گرفتێک نەیەتە ڕێگای بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک ڕوونبێتەوە کە ئەنجامی دەستێوەردانی سوپا لە کاروباری دەوڵەت و ژیانی هاووڵاتییان چۆنە”.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی وردە لەمەڕ ڕووداوەکانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک و بڕیارە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بەرز بکاتەوە و  حکوومەتی هەرێمیش لە ڕێگای فەرمانگەی خۆیەوە لە بەغدا کاری لەسەر دەکات.

“یەک ماڵی کورد ئامادە نییە لەژێر هیچ فشارێک گەڕەکی نەورۆز چۆڵ بکات و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا دەرئەنجامی ئەو سکاڵایەی کە تۆمارکراوە دەیخەینەڕوو”، فەهمی بوڕهان وای گوت.

ماوەیەکە سوپای عێراق چووەتە سەر گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک و دەستیان بەسەر چەند ماڵێکدا گرتووە و هەڕەشەی تێکدان و چۆڵکردنی ئەو گەڕەکە کوردنشینە دەکەن و ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆری لە ئاست کوردانی کەرکووک بەگشتی و دانیشتووانی گەڕەکەکە بەتایبەت دروستکردووە و وەک هەوڵێکی سوپا و حکوومەتی عێراق لێکدانەوەی بۆ دەکرێت بە ئاڕاستەی دەرکردن و ستەم لە کوردانی شارەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...