هه‌واڵ

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆکایەتی جەهەپەی دۆڕاند و ئۆزەڵ هەڵبژێردرا

زێدپرێس

 

لە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە، کەمال کلیچدارئۆغڵو لە بەرانبەر ڕکابەرەکەی- ئۆزگوور ئۆزەڵ- شکستی هێنا و سەرۆکایەتی جەهەپەی لەدەستدا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کلچیدارئۆغڵو ماوەی ١٣ ساڵ سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە-ی کرد، لە دوا هەڵبژاردندا، نەیتوانی بەسەر ڕکارەبەکەیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئۆزگوور ئۆزەڵ بە بەدەستهێنانی ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، بوو بە هەشتەمین سەرۆکی جەهەپە.

لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی جەهەپە، ئۆزەڵ ٦٨٢ دەنگی بەدەستهێنا و توانی بەسەر كلیچدارئۆغڵودا سەركەوێت، بەڵام نەبووە سەرۆك، چونكە دەبووایە ٦٨٤ دەنگ بەدەستبهێنێت، بۆیە هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەم.

كلیچدارئۆغڵو، دوای ئەوەی زانی لە گەڕی یەكەم دۆڕا، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی گەڕی دووەمی نەكرد و هۆڵی کۆنگرەی بەجێهێشت و دوای ئەوەی ئەنجامەكەی زانی، لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پیرۆزبایی لە ئۆزەڵ كرد.

ئۆزەڵ، دوای ئەوەی بووە سەرۆكی جەهەپە، لە یەكەم وتاریدا ئاماژەیدا، ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژی ژیانییەتی و هەروەها هەست بە شانازییەكی زۆر دەكات و سوپاسی كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپەی كرد.

ئۆزەڵ، باسی لەوەش كرد، ئیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئامادە دەكەن، كە لە ٣١ت ئاداری ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت.

بەگوتەی کارزان گلی، ڕۆژنامەوان و نووسەر لە دۆسیەی تورکیا، ئۆزەڵ، “پێشتریش لەناو جەهەپەدا كەسێكی قبوڵكراو بووە، كوردیش تا ئاستێكی زۆر ئەو كەسایەتییەی قبوڵە، چونكە لە زۆر وتار و لێدوانیدا باسی لەوە كردووە، ئەو بڕوای بەوە هەیە پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت و چەندین جاریش گوتوویەتی، سەلاحەدین دەمیرتاش، بەشێوەیەكی زۆر نایاسایی لە زیندانە و داوای ئازادكردنی كردووە”.

پێشتر ئۆزەڵ، نزیكترین كەسی كلیچدارئۆغڵو بوو، كاتێك كلیچدارئۆغڵو، بووە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئۆزەڵ لەناو پەرلەمان گریا، چونكە كلیچدارئۆغلو گوتی ئیدی ئەمە دوا گوتاریەتی لەناو پەرلەمان و كار بۆ هەڵبژاردن دەكەم.

بەڵام دوای ئەوەی ئۆزەڵ، گوتی خۆم بۆ پۆستی سەرۆكی جەهەپە بەربژێر دەكەم، كلیچدارئۆغڵو دووچاری شۆك بوو و هەرگیز لەوبڕوایەدا نەبوو، ئۆزەڵ ببێتە شوێنگرەوەی.

كلیچدارئۆغڵو، لە وتارەكەیدا لەناو گۆنگرە ئاماژەی دا، لە پشتەوە خەنجەریان لێی داوە، كەچی هەر چووەتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام ئۆزەڵیش لە وتارەكەیدا ئاماژەی دا، ئەو گوتەی كلیچدارئۆغڵو ناهێنێتە سەر خۆی، چونكە لە پشتەوە خەنجەری لە كەس نەداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button