کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەم، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، مەبەستی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە و “سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەییی تەواویان بۆ ئاسانکاری و هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و پیشەیییانە دەربڕی”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە کۆبوونەوەکەدا، کۆمسیۆن باسی ڕێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاساییی تەمەنی کۆمسیۆندا خستە ڕوو، لە هەمان کاتدا نوێنەری یۆنامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاری هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.”
بەگوێرەی سەرۆکایەتی هەرێم: “له كۆبوونهوهكهدا جهخت كرایهوه كه سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە ڕابردوودا هەنگاوی جددییان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ههڵناوه و ئەرکی یاساییی خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئێستاش بە هەمان پەرۆشی و ڕژدییهوه هەموو کارێکی پێویست ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت”.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا دێت، کە پێشتر لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقەوە، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لەقەڵەم دراوە و خولکی درێژکراوەی پەرلەمان هەڵوەشێندراوەتەوە، هاوکات بەهۆی سکاڵایەک لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و درەنگ کەوتنی دادگای ناوبراو لە بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکە، تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە. لەکاتێکدا پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکردووە، بەڵام بەهۆی درەنگ کەوتنی بڕیاردان لەسەر سکاڵای پێوەست بە یاسای هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، نەتواندراوە هەڵبژاردنەکە لە وادە دیاریکراوەکاندا ئەنجام بدرێت.
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە دوایین دانیشتنی خۆی لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جارێکی دی دانیشتنەکەی بۆ سبەی چوارشەم، ٢١ی شوبات دواخستووە.