هه‌واڵ

پارتی: ١٥ پاس بۆ ئەندامانی کۆمەڵی دادگەری ئامادەکرا و کەسیان ئامادەنەبوون بچنە غەززە

زێدپرێس

 

میدیاکانی پارتی بڵاویان کردەوە، ١٥ پاس بۆ ئەندامانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ئامادەکراوە، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوونە بچنە غەززە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

میدیاکانی پارتی، لە زاری “بەرپرسێکی باڵای پارتی”یەوە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوەکەی، بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەری لە شاری هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ “پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی حەماس” و ئامادەیی خۆیان پیشاندا بچن بۆ غەززە، بەرپرسێکی باڵای پارتی ڕایگەیاند، “پاسمان ناردووە بۆ گردبوونەوەکە، بەڵام هیچ ئەندامێکی کۆمەڵ ئامادەنەبووە بچێت بۆ غەززە”.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە هۆڵێکی داخراودا وتارێکی پێشکەش بە ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەی کرد، وێڕای پاڵپشتی لە حەماس و فەڵەستین، ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت زۆر کەس بۆ غەززە دەچن و لەبارەی ئەو ڕەخنەیەیش کە دەڵێ، بۆچی خۆیان ناچن بۆ غەززە، عەلی باپیر گوتی “چونکە بوار نییە و فەڵەستین ئابلۆقەی لەسەرە”.

میدیای پارتی، ئاماژەی بەوە نەکردووە، کە ئەو ١٥ پاسە لەلایەن کێ و چ لایەنێکەوە دابینکراون، بەڵام دەڵێ “بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای پارتی، ١٥ پاس لە هەولێر بۆ گردبوونەوەکەی کۆمەڵی دادگەری نێردراوە بۆ ئەوەی هەر یەکێکیان ئامادەبێت بەبێ بەرانبەر بیگوازنەوە بۆ غەززە، بەڵام هیچ یەکێک لە ئامادەبووانی گردبوونەوەکەی کۆمەڵی دادگەری ئامادەنەبوون بچن بۆ غەززە”.

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە هەولێر نەک ڕێگری لە گردبوونەوەکەی کۆمەڵی دادگەری نەکرا، بەڵکو ئامادەیی پیشاندرا بەبێ بەرانبەر ئەندامانی کۆمەڵ بۆ غەززە بگوازنەوە، بەڵام هیچ یەکێکیان وەک ئەوەی لە گردبوونەوەکە بۆ ڕاگەیاندنەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئامادەنەبوون بچنە غەززە”.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێدوانی بۆ کەناڵی کوردستان٢٤ داوە، لەبارەی ناردنی پاس بۆ گواستنەوەی لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەری بۆ غەززە و تەنیا گوتوویەتی “ئەو زانیارییانە ڕەتناکەمەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...