ئابووریكه‌لتوورهه‌واڵ
ئاراستەکان

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا؛ چالاکی و خەرجی

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا

ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و کرانەوەی عێراق بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بوارێکی فرەوانی بۆ کارکردن و چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەخساند. بەدەرکردنی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١، یاسای ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، کە پشت بە بنەمای تۆمارکردن دەبەستێت نەک مۆڵەتدان، دامەزراندنی ڕێکخراوی ناحکوومی لە هەرێمی کوردستاندا گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینی، کە ساڵانە سەدان ڕێکخراوی ناحکوومی لە بواری جیاجیادا تۆمار دەکران. ئەوە لەپاڵ خۆتۆمارکردنی دەیان و سەدان ڕێکخراوی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا.

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەشێوەی ئاسایی پاڵپشتی دارایی لە ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان وەردەگرن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە بوارگەلی جیاجیادا.

ئەو ساڵانە، ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکوومی لە هەرێمی کوردستاندا دەرکەوتوون، کە سەرنجی ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ خۆیان کێش کردووە. گەشەکردنی توانای مرۆیی چالاکانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، کە وەک سەرمایەی مرۆیی ڕۆڵ دەگێڕێت، لەتوانادایە سوودی گەورە بە کۆمەڵگەی مەدەنی و هەرێمی کوردستان بەگشتی بگەیەنێت.

ئێستا، بواری ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، هەر تەنیا بەشێک نییە لە ڕەگەزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکوو بوارێکی گەورەی کار و چالاکیی ئابووری، لەکاتێکدا هەزاران کەس لە چوارچێوەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و پڕۆژەکانیان کار دەکەن. بەو شێوەیە، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان وەک پانتاییەکی بەرفرەوان لە بازاڕی کاردا دەخوێندرێتەوە، لەکاتێکدا بوارێکی چالاکە لە بەگەڕخستنی ژمارەیەکی گەورە لە هێزی کاری هەرێمی کوردستان.

 

ژمارەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان

پاڵپشت بە یاسای ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١، ڕێکخراوی ناحکوومی تۆمار دەکرێت. بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان تا ئێستا پێنج هەزار و یەک ڕێکخراوی ناحکوومی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون، لەپاڵ ٣٣٥ ڕێکخراوی هەڵوەشاوە و بێبەڵگە.

زۆرترینی ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان ڕێکخراوی کوردستانین، کە چوار هەزار و ١١٩ ڕێکخراون، پاشان ڕێکخراوە بیانییەکان کە ٤٦٦ ڕێکخراون و هەروەها ڕێکخراوە عێراقییەکان کە ژمارەیان ١٧٥ ڕێکخراوە، جگە لە ١٨١ ڕێکخراوی دیکەی کوردستانی کە گونجاندنیان بۆ کراوە و هاوکات ٦٠ تۆڕی ڕێکخراوەییش لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا تۆمارکراون.

هەرچی پەیوەندی بە ڕێکخراوە هەڵوەشاوە و بێبەڵگەکان هەبێت، ٢١ ڕێکخراوی هەڵوەشاوە، کە لە داتای فەرمانگەدا دەستنیشانی تایبەتمەندییان نەکراوە، بەڵام ٥٢ ڕێکخراوی هەڵوەشاوەی کوردستانی، سێ ڕێکخراوی هەڵوەشاوەی عێراقی و ١١ ڕێکخراوی هەڵوەشاوەی بیانی هەن. هەروەها ڕێکخراوە بێبەڵگەکان دابەش دەبن بەسەر ٢٠٦ ڕێکخراوی کوردستانی، ٣٥ ڕێکخراوی عێراقی، شەش ڕێکخراوی بیانی و یەک تۆڕی ڕێکخراوەیی.

بەسەریەکەوە پێنج هەزار و ٣٣٦ ڕێکخراوی ناحکوومی دەکات.

 

ڕاپۆرتی دارایی ڕێکخراوەکان

یاسای ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، ڕێکخراوەکان پابەند دەکات بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دارایی ساڵانە. بەشێوەی ئاسایی ڕاپۆرتەکان پێشکەش بە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەکرێن. لەماوەی ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ هەڵکشانێک لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دارایی ڕێکخراوەکاندا هەیە. لە ساڵی ٢٠١٩دا ٣٠٤ ڕاپۆرتی دارایی، لە ٢٠٢٠دا ژمارەکە بۆ ٦٤٧ ڕاپۆرتی دارایی، لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ ٧٨٥ ڕاپۆرتی دارایی و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی ڕاپۆرتە پێشکەشکراوەکان بۆ ٨٩٩ ڕاپۆرتی دارایی هەڵکشاوە.

ئاسایی، ڕاپۆرتی دارایی، داهات و خەرجیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پیشان دەدات.

 

داهات و خەرجی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان

داتاکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، هەڵکشان لە خەرجی چالاکی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا پیشان دەدەن.

بەگوێرەی داتای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا، داهاتی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان یەک ترلیۆن و ١٨٧ ملیار و ٤٧٥ ملیۆن دینار بووە، بەڵام لەماوەی ئەو ساڵەدا، هیچ زانیارییەک لەبارەی خەرجی ڕێکخراوەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بەردەست نییە.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا، داهاتی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە یەک ترلیۆن و ١٢٨ ملیار و ٤٧٠ ملیۆن دینار دەستنیشان کراوە. هاوکات خەرجی ڕێکخراوەکان لەو ساڵەدا و لەناو هەرێمی کوردستاندا ١٢٧ ملیار و ٢٤ ملیۆن دینار بووە.

لەماوەی ساڵی ٢٠٢١دا، داهاتی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ترلیۆنێک و ٤١٢ ملیار و ٢٨٢ ملیۆن دینار بووە، هاوکات خەرجی چالاکیی ڕێکخراوەکان لەناو هەرێمی کوردستاندا بەرزبووەتەوە بۆ ٢٥٦ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دینار.

لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا، داهاتی ڕێکخراوەکان یەک ترلیۆن و ٢٠٦ ملیار و ١٩ ملیۆن دینار بووە، بەڵام خەرجی چالاکییەکیان لە هەرێمی کوردستاندا بەڕادەیەکی زۆر هەڵکشاوە و گەیشتووەتە ٥٥٣ ملیار و ٨٣٩ ملیۆن دینار. ئەوە بەرزبوونەوەیەکە بەڕێژەی زیاتر لە دوو هێندەی خەرجی چالاکی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لەماوەی ساڵی پێشوودا.

 

جۆری خەرجی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان

بەگشتی خەرجی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ دوو جۆر خەرجی سەرەکی دابەش دەبێت، کە خەرجی بەگەڕخستن و خەرجیی چالاکییەکانن، بەڵام لە داتای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا، مووچەی کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکوومەکان وەک جۆری سێیەمی خەرجییەکان دەستنیشانکراوە، لەکاتێکدا مووچە و پاداشتی کارمەندانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەشێک لە خەرجییەکانی بەگەڕخستن پێک دەهێنێت.

داتای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پێوەست بە جۆری خەرجیی ڕێکخراوەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا پیشانی دەدات، بەڕێژەی ٣٩.٧٪ی خەرجیی ڕێکخراوەکان بۆ چالاکییەکان بووە؛ ڕێژەی ٣٦.٤٪ی خەرجییەکان لە بواری بەگەڕخستن و ڕێژەی ٢٣.٨٪ی خەرجییەکانیش بۆ مووچەی کارمەندانی ڕێکخراوەکان بووە.

بە خستنەسەری خەرجیی بەگەڕخستن و خەرجیی مووچەی کارمەندان پێکەوە، دەردەکەوێت زۆرینەی خەرجیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە بواری بەگەڕخستندایە.

 

بوارەکانی خەرجیی ڕێکخراوەکان

خەرجیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بەسەر ئەو بوارانەدا دابەش دەبێت کە چالاکی و پڕۆژەکانی تێدا جێبەجێ دەکەن. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، زۆرترین خەرجیی ڕێکخراوەکان لە بواری مرۆیی بووە، کە ٦٤ ملیار و ٣٩٦ ملیۆن دینار بووە؛ لە پلەی دووەم بواری پەرەپێدان و تواناسازی دێت کە ٦١ ملیار و ١٨ ملیۆن دیناری تێدا خەرج کراوە و لە پلەی سێیەمیشدا بواری تەندروستی دێت کە ٢٣ ملیار و ٥٣٣ ملیۆن دینار خەرجی هەبووە.

بوارەکانی پەروەردە، ژینگە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەو سێ بوارەن کە ڕیزبەندی دووەمین قەبارەی خەرجییەکان لەخۆدەگرن. لە بواری پەروەردەدا ١٨ ملیار و ٩٦٦ ملیۆن دینار، لە بواری ژینگەدا ١٣ ملیار و ٣٨٩ ملیۆن دینار و لە بواری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا حەوت ملیار و ٦٢٢ ملیۆن دینار خەرج کراوە.

ئاستی سێیەمی قەبارەی خەرجیی ڕێکخراوەکان، چەند بوارێکی دیکە دەگرێتەوە؛ ئاوارە و پەنابەران سێ ملیار و ٩٠٢ ملیۆن دینار، خانمان و ئافرەتان سێ ملیار و ٥٣٩ ملیۆن دینار، بوارەکانی پێوەست بە مین و تەقەمەنی ملیارێک و ٦٧٤ ملیۆن دینار و لە بوارەکانی وەک پێکەوەژیان، ماددە هۆشبەرەکان، وەرزش و بوارەکانی دیکەدا کە ئاستی چوارەم لەڕووی قەبارەی خەرجییەکان پێکدەهێنن، وا دەردەکەوێت لە باشترین حاڵەتدا بواری پێکەوەژیان بێت کە ٥٨٢ ملیۆن دینار خەرجی تێدا کراوە، پاشان بواری منداڵان کە ٢٨ ملیۆن دینار و بواری ماددە هۆشبەرەکان کە ١٢ ملیۆن دینار و بواری وەرزشیش ١١ ملیۆن دینار خەرجی هەبووە. بەسەرجەم بوارەکانی دیکەیش ٧٧٩ ملیۆن دینار خەرجی هەبووە.

خەرجییەکانی ڕێکخراوەکان بەگوێرەی بوارەکان ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، سەرنجی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە چ بوارێکدا چڕکراوەتەوە. ئاسایی، بوارەکانی کارکردنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەگوێرەی بارودۆخ و هەلومەرجی جیاجیا، لە قۆناغە جیاجیاکاندا دەگۆڕێت، سەرەڕای ئەوەی بوارەکانی وەک تواناسازی و پەرەپێدان نیشاندەری زۆر بەرفرەوانن و ڕوونتر تەنیا شێوازی چالاکییەک پیشان دەدەن نەک بواری چالاکییەکە. بەنموونە، ڕێکخراوەکان پڕۆژەی تواناسازی و پەرەپێدان لە توانای ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەبەن، هاوکات پڕۆژەی پەرەپێدان و تواناسازی ئافرەتان، یان تواناسازی لە بواری کرێکاریی، ژینگەیی و … بەو شێوەیە، پەرەپێدان تەنیا شێوازێکی چالاکییە و دەشێت لە هەر بوارێکدا پێڕۆیی بکرێت. ئەوەش مانای ئەوەیە، کە پۆلێنکردنی خەرجییەکان لەژێر چەمکی پەرەپێدان نیشاندەرێکی ورد نییە بۆ دەستنیشانکردنی بواری کارکردنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان.

 

 

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...