هه‌واڵ

زیاتر لە ٢٠٠ دووکانی بازاڕی لەنگە سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، زیاتر لە ٢٠٠ دووکان سووتان و زیانیان بەرکەوتووە.

 

شەوی ڕابردوو ٢٧/٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، ئاگرێک لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە. دوابەدوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر گەیشتنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

بەگوێرەی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، ئاگرکوژێنەوەکانی ناو بازاڕەکە کاریان نەکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە و سووتاندنی دووکانی زیاتر. لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە بەهۆی بەرتەسکی کۆڵان و ڕاڕەوەکانی بازاڕەکەوە، توانای گەیشتن بە هەموو بەشەکانی بازاڕەکەیان نییە.

دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەبارەی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکە و زیانمەندانی بازاڕەکە کرد.

بەگوێرەی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، نزیکەی ٢٢٠ دووکان سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە.

دووکاندارانی بازاڕەکە دووپات لە نەبوون و لاوازی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە دەکەنەوە، وەک هۆکارێکی کاریگەر لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە.

دووکاندارانی بازاڕەکە هاوکات، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، قەرەبووی دووکانداران و کاسبکارانی زیانلێکەوتووی بازاڕەکە بکاتەوە و ئەو کێشانەیش چارەسەر بکرێن کە مەترسی لەسەر سەلامەتی بازاڕەکە دروست دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...