هه‌واڵ

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی گشتی لە دیداری زێدپرێس دا

زێدپرێس لە چوارچێوەی دیدارە هەفتانەییەکانی لە نێوان میدیاکاران و دامەزراوە فەرمییەکاندا، میوانداری ئاشتی مەجید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی گشتی لە هەولێر کرد.

 

ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، لە ئۆفیسی زێدپرێس لە هەولێر، بە میوانداری ئاشتی مەجید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی گشتی و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی کەناڵە جیاجیاکانی ڕاگەیاندن، گفتوگۆ لە پێوەندی نێوان میدیا و ئاسایش بەگشتی کرا.

لە دیدارەکەدا، ئاشتی مەجید هەڵوەستەی لەسەر تایبەتمەندییەکان لە کاری دەزگاکانی ئاسایش، تایبەتمەندی میدیای ئەمنی، ڕووماڵی ڕووداوە ئەمنییەکان و پەیوەندی دەزگاکانی ئاسایش بەگشتی لەگەڵ میدیاکان کرد.

ڕۆژنامەنووسان و بەشدارانی دیدارەکە، گفتوگۆیەکی ورد و ڕژدییان لە پێوەندی و بەریەککەوتنی نێوان میدیاکاران لەگەڵ هێز و دەزگاکانی ئاسایش کرد.

لە میانەی دیدار و گفتوگۆکاندا، کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیازی جددی گەڵاڵە کران، بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکانی نێوان میدیاکان و دەزگاکانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا.

ڕێبین فەتاح سەرنووسەری زێدپرێس لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، دیدارەکەی زێدپرێس، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ دێت، کە بە دەستپێشخەری زێدپرێس لە نێوان میدیاکاران و نوێنەرانی دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، بۆ گفتوگۆ و هەڵوەستەکردن لەمەڕ ئاستەنگ و دەرفەتەکان لە پێوەندی نێوان میدیا و دامەزراوەکاندا.

سەرنووسەری زێدپرێس ئاماژەیدا، “دەستپێشخەرییەکەمان بەهەستکردنە بەو ڕاستییەی کە دوورییەک لە نێوان میدیا و دامەزراوەکاندا هەیە؛  دیدار و گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکاندا، لەتوانادایە بەشێکی باش لەو کێشانە تێپەڕبکات، کە لە نێوان میدیاکاران و دامەزراوەکان بەگشتی هەن، لە پرسی دەستکەوتنی زانیارییەوە تا دەگات بە بەریەککەوتنەکان و ئەو گرفتانەی لە پێوەندی نێوان میدیا و دامەزراوەکاندا بەگشتی هەن”.

“تێگەیشتن لە ئەرک و تایبەتمەندی میدیا و دامەزراوە جیاجیاکان، یارمەتیدەر دەبێت لە بونیادنانی پێوەندییەکی ئەرێنیتر لە نێوان میدیا و دامەزراوەکاندا و ئەو ئامانجەیش لە دیدار و گتفوگۆ ڕاستەوخۆکاندا دەرفەتی بەرجەستەکردنەوەی زیاتر دەبێت. دەستپێشخەرییەکەی زێدپرێس لەو ڕوانگەیەوە هاتووە”، سەرنووسەری زێدپرێس وای گوت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...