وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە گوزارشتی جیاواز، بەڵام یەک واتا، ڕایانگەیاند کە نیگەرانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جێی خۆیانن و ئەوان پاڵپشتی لەوە دەکەن کە هەموو خەڵکی کوردستان دەرفەتی بەشداریان هەبێت لە هەڵبژاردن، هەروەها هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی گوزارشت لە هەموو ڕەنگەکانی کوردستان بکەن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەمان هەڵوێستیان دووبارە کردەوە، ئەگەر کەمێک بە گوزارشتی ئاچوغتریش بووبێت.
ملدان بۆ بڕیارەکانی دادگای نادەستوری فیدڕاڵی، تەنیا زیاتر شکاندنی نەفسیەتی خەڵکی کوردستان و لاوازبوونی پێگەی قەوارەی دەستوری کوردستانی بە دواوە دادێت. ئەوانەی ئێستا خەڵکی کوردستان دەترسێنن و نیگەرانیان دەکەن، هەمان چیڕۆک و گوتاری ڕۆژانی بەر لە خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر و دواتر دووبارە دەکەنەوە، کە خەڵکی کوردستان جگە لە تەسلیمبوون و ڕازیبوون بە بڕیار و ئیرادەی بەغدا هیچ دەرفەت و ڕێگایەکی دیکەی لە بەردەمدا نییە، هەروەها وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لایەنگری بەغدا و دژی کوردستانن، بەڵام ئەوە گوتارێکی چەواشەکاری و درۆینەیە و نابێت خەڵکی کوردستان گوێیان لێ بگرێت، چونکە دوای شازدەی ئۆکتۆبەر تێکڕای وڵاتان ئەوەیان بە شێوازی جیاواز ڕاگەیاند، کە ئەگەر کورد بەرگریان کردبا و ملیان بۆ بەغدا نەدابا و بە خۆیان کەرکووکیان ڕادەست نەکردبا، هەرگیز میلیشیاکانی حەشد و سوپای پاسداران جورئەتی هێرش کردنیان نەدەبوو.
ئێستا باردودۆخەکە ڕێک وەک ئەو کاتە و بگرە مەترسیدارتریش، خەڵکی کوردستان بەگژ ئیرادەی خۆسەپێنی دیکتاتۆریەتی بەعس ڕەفتاری بەغدا بچێتەوە، ئەوە شکست بە هەموو پیلانەکانیان دەهێنن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی هێزی دیموکراسی و بەهاکانی پێکەوە ژیان و پێشکەوتن دەکەن.