سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

چارەنووسی هەرێم لەناو گێژاوی ململانێی ناوخۆییدا

هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدایە. بەهۆی نەبوونی دەستوور و دامەزراوەی بەهێزی نیشتمانی وەکوو سیستەمی دادوەری و هێزی سەپاندنی یاسا کە تەواو نیشتمانی و سەربەخۆ و لە ژێر کۆنتڕۆڵی حزبە سیاسییەکان نەبن، سنورێک بۆ گوتار و کرداری کەسی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.

 

بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان پێناسەی فەرمیان بۆ نەکراوە. دامەزراوە فەرمییەکان وەکوو پێویست ڕێزیان لێ نەگیراوە و بە ئەنقەست هەوڵدراوە بێکاریگەر و بێبەها بکرێن.

لە نەبوونی دەستوور و لەبەر گرنگی و پێویستیش بێت لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بە لایەنی کەمەوە پەیماننامەی  نیشتمانی (شەڕەف) لەگەڵ یەکتری واژۆ بکەن و  لە پرسە نیشتمانییەکانی هەرێم پێوەی پابەندبن. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئەو هێڵە سورە نیشتمانییە کە دەبێت دیاری بکرێت و یاریکەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نابێت بیبەزێنن دیار و ڕوون نییە، هەر کەس و لایەنێک بە حەز و ویستی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیکات و هەر ڕۆژە و بە جۆرێک لەسەر پرسە نیشتمانییەکان دەدوێت.

لیرە، لەو بارودۆخە دژوارەدا ڕۆڵی سەرکردە و کارەکتەرە بە ئەزموونەکانی کایەی حزبی و سیاسی دێتەگۆڕێ،  ئاخۆ دەتوانن هەموو لایەنەکان لەسەر مێزێک بۆ گفتوگۆی ڕاشکاوانە و بەرپرسیارانە کۆببنەوە، گەر دڵسۆز و خەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵکی قوربانیدەر و  خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بن دەتوانن ئەم ڕۆڵە مەزن و مێژووییە بگێڕن. هەرێم ئێستا پێویستی بە کەسایەتی سیاسی و  یاسایی و ئابووری زانا و لێهاتوو و دڵسۆز  و بە ئەزموون هەیە، تاکوو دوور لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حزبی چارەسەر بۆ گرفت و قەیرانەکان بدۆزنەوە و کوردستان و کوردستانیان لە ئەگەری هەر مەترسییەک بپارێزن.

بەناردنی پەیام و وەڵام و وەڵامکاری بۆ یەکتری، نەک هەر  گرفتەکان چارەسەر نابن، بەڵکو  کێشەکان قوڵتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و سەنگ و پێگەمان لای هاوبەشەکانمان لەئاستی عێراق و لای دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوە لاواز دەبێت. لە ناوخۆشدا ئاستی متمانەی هاووڵاتییان بە نیازپاکی و دڵسۆزی و توانای هێزە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ چارەسەری گرفتەکان لاواز و لاوازتر دەبێت.

بۆیە لەم قۆناغەدا وەکوو بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ئەرکی مەسعوود بارزانی وەکوو سەرۆکی بەرەی کوردستانی لە ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم، ئێستایش وەکوو سەرۆکی گەورەترین حزبی سیاسی لە هەرێم لە هەمووان قورسترە. بە ئەگەری زۆر هەندێک لە سەرکردە و کەسایەتی سیاسی ناو هێز و پارتی سیاسی کوردستان چاوەڕوانی دەستپێشخەری و کاری گەورەی لێ دەکەن، بۆ ئەوەی هەمووان لە شاری هەولێری پایتەخت کۆ بکاتەوە و چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە دیاری بکەن، دڵنیام بۆ یەکگرتوویی لە پێناو خەڵک و نیشتمان گەلی کوردستان لەگەڵیان دەبن و لەگەڵیان شان دەدەنە بەر سەختییەکان و بەسەریدا زاڵ دەبین.

قۆناغی ئەمڕۆمان لە دۆخی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەختترە. وەکوو چۆن سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی گرتە ئەستۆ و لەگەڵ پێشمەرگەکان کوردستانی لەتیرۆریستانیان پاراست، جارێکی دیکە زۆر لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان چاوەڕوانن بەو ئەرکە هەستێت. بەڵام بەر لە هەر هەنگاوێک پێویستە هەموو لایەنەکان ئیتر ڕێگە نەدەن کەسانێک بە گوتاری زبر و نابەرپرسانە یان بە مەدح و سەنای بێمانا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دۆخەکە ئاڵۆز بکەن.

ئەرکی کەسە مەزنەکان ئەوەیە کە بتوانن یەکگرتوویی دروست بکەن و میللەت لە نەهامەتی و هەڕەشەکان بپارێزێن.

بەپێچەوانەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو پەرتەوازەییە و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەگەڕاندنەوەی متمانە و باشترنەکردنی ژیانی خەڵک، کوردستان بەرەو لەتبوون یان لە ناوچوونی ناوخۆیی دەبات. بە تایبەت کە هەرێم لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپدایە و هەروەها هەڵبژاردنێکی جیاوازتری لە پێشە.

ئێستا کوردستان پێویستی بەو کارەکتەرە سیاسییانە هەیە، کە لە پێناو پاراستنی هەرێم و ژیانی هاووڵاتییان تەنانەت ئامادە بن پێشمەرگەئاسا بەرەو مەرگی سیاسی هەنووکەیی خۆیان بچن، بەڵام یاد و کاری گەورەیان لە هزر و مێژووی گەلەکەیان هەر دەمێنێتەوە.

نەزهەت حالی

نووسه‌ر و سیاسه‌تڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...