هەولێر و بەغدا لە سەر ئەم خاڵانە ڕێکەوتوون:
– بەردەوامی ناردنی مووچە.
– دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە.
– دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ مانگی ئۆکتۆبەر.
– سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن یۆنامی. هەولێر ناوەندی بڕیاردان بێت نەک بەغدا. ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیار لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بدات.
– کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان.
– دامەزراندنی ئەنجوومەنێک لە نێوان هەردوولا بۆ زوو ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکان و هەوڵدان بۆ زوو چارەسەرکردنیان.
ئەوانە دەرهاوێشتەی ئەو سیاسەتەیە، کە لە ماوەی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی جارێکی دیکە پرسی عێراق بخاتەوە سەر مێزی گرنگیدانی وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمریکا، کە تێیدا پرسی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان وەک کێشەیەکی جددی و جێگای گرنگی پێدانی گەورە ئامادەیی هەیە.
لە دوای شەڕی ئیسڕائیل و حەماس ئەوە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا ڕوون بووەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر بەبایەخترین و هەستیارترین جوگرافیایە و دەبێت لەسەر لیستی گرنگی پێدانیان بمێنێتەوە، پرسی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی دەستووری کوردستان کڕۆکی سەر لەنوێ گرنگیدانیان بێت.
ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە، پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئێران ستراتیژییە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا تەکتیکییە. بۆیە تەنیا بەردەوامی فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خۆڕاگری و سازش نەکردنی کوردستان دەتوانن دۆخەکە بەو هاوسەنگییە بهێڵنەوە، ئەوەش بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە کۆبوونەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکانە لە دەورەی سیاسەت و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ بەغدا دا، نەوەک هەر لایەک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تەسکی حزبی خۆی فڕێبداتەوە باوەشی بەغدا.