سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەگەری جەنگی ئیسرائیل و ئێران

ئاشکرایە زۆرێک لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت زۆرێک لە بەلوچ و عەرەبەکانی ئەهوازیش، هیوایان بە ڕووخاندنی ڕژێمی ئاخوندەکانە ئەگەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل هەڵبگیرسێت. لێرەدا چەند تێبینییەک گرنگە کە کوردانی ڕۆژهەڵات لەبەرچاوی بگرن.

 

وەک لە نووسینێکی پێشتر ئاماژەم پێکردووە، ئەگەر ئەو جەنگە ڕووبدات، ئەوا بە هۆی فاکتەری جوگرافییەوە، جەنگێک دەبێت لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکە و درۆنەوە، هێزی ئاسمانی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت. واتە بۆردمانکردنی ئێران بە شێوەیەکی خەست و توند. بە گشتی هێزی ئاسمانی و بۆردمانکردن ڕژێم و حکوومەتی دەوڵەتێک ناڕوخێنێت، بەڵکو تەنیا لاوازی دەکات و گورزی لێدەدات و زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت.

هێزی ئاسمانی و بۆردمانکردن لە جەنگدا، سنووردارێتی دروست دەکات. هێزی ئاسمانی کاتێک کاریگەر و یەکلاکەرەوەیە، ئەگەر لە خوارەوە هێزێکی زەمینی بەشدار بێت لە جەنگەکەدا. بۆ نموونە ئەمریکا لە ١٩٩١ تەنیا ویستی عیراق لاواز بکات و گورزی بەهێزی لێبدات، بۆیە زیاتر هێزی ئاسمانی و بۆردمانکردنی بەکارهێنا. لە ٢٠٠٣ ویستی عێراق داگیر بکات و سەدام لاببات، هێزی زەمینی ڕۆڵی سەرەکییان بینی بە هاوکاریکردنی هێزی ئاسمانی. ئیسرائیل لەم شەڕەیدا لە غەززە، لەگەڵ ئەوەی غەززە شوێنێکی بچووکە و ئیسرائیلیش خاوەن هێزێکی ئاسمانی بەهێزە، بەڵام هەر هێرشی زەمینی ئەنجامدا بۆ بەدەستهێنانی هەندێک ئامانجی وەک لابردنی حەماس لە حوکم و داگیرکردنی غەززە.

کەمترین ئەگەر هەیە لە جەنگی ئیسرائیل و ئێران هێزی زەمینی بەکاربهێنردرێت؛ بەکارهێنانی هێزی زەمینی واتە داگیرکردنی ئێران و لابردنی حکوومەتەکەی وەک ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان ڕوویدا. ئەم سیناریۆیە لە جیهاندا تەنیا سوپای یەک دەوڵەت لە توانایدا هەیە ئەنجامی بدات، ئەویش ئەمریکایە. ڕوونە ئەمریکا ئەستەمە جارێکی تر ئەو جۆرە چالاکییە ئەنجامبداتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمریکا بەشدار دەبێت لەو جەنگەدا، بەڵام بە دوو شێوە؛ بەرگریکردن لە ئیسرائیل بە خستنە خوارەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران وەک جاری پێشوو. هاوکات مووشەکبارانکردنی ئێران، ئەمەی دووەم ئەگەر ئیسرائیل بکەوێتە بەردەم مەترسی و زیانێکی گەورە، یان ئێران پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بدات لە ناوچەکەدا.

بۆیە ئەگەر ئەو جەنگەش ڕووبدات ئەوا مانای ڕووخاندنی ڕژێم نییە، ئامانجی ئیسرائیل تەنیا لاوازکردنی ئێران و گورزوەشاندنە لە پێگە سەرەکییەکانی هێز و توانای. ئەمەش لە ئەنجامدا دەکرێت ئێران لاواز بکات لە دەرەوە، نەک لە ناوخۆ.

کەواتە ئەگەر خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان چاوەڕێی ئەو جەنگە بن بۆ لەناوچوونی ڕژێمی ئاخوندەکان، پێویستە لە ئیستاوە پلان و بەرنامەی خۆیان هەبێت. دەکرێت لە یەک تێگەیشتن و ڕێککەوتنێک بکرێت لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوچەکان و عەرەبەکان. لە کاتی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە، ئەوان ڕۆڵی هێزە زەمینییەکە ببینن و ناوچەکانی خۆیان پاک بکەنەوە لە هێزەکانی داگیرکەر. دوور نییە هەندێک لە ئازەرەکانیش، بە هاوکاری تورکیا و ئازەربیجان بیانەوێت پەلاماری ڕژێم بدەن لە ناوخۆ. بۆ فارسە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەمە ئەگەرێکی زۆر کەمە.

ئەوە تەنیا گریمانە و ئەگەرێکە، پێویستە سەرەتا ئەو جەنگە ڕووبدات، ئەو کات ئەم پلانە دەکرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام کارکردن بۆ ئەو پلانە پێویستە لە ئێستاوە کاری لەسەر بکرێت و ئامادە بکرێت. بە تایبەت هاتنەوەی ترەمپ، یان کۆمارییەکان، ئەگەری جەنگی ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەکات، ئێستا دیموکراتەکانی ئەمریکا ڕێگریی سەرەکین لەبەردەم ئەم جەنگە. ئەم پلانە بە دڵنیاییەوە بەدەر نییە لە قوربانی و ڕیسک و شکست، هاوکات ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. چونکە لە دۆخێکی وادا کە ئێران گورزی بەهێزی بەردەکەوێت لە دەرەوە، هەموو جوڵەیەکی جددی و فرەوان لە ناوخۆ، دەکرێت گورزێکی کوشندە بێت لە ڕژێم. بە تایبەت ئەگەری دەستتێوەردانی سعوودییە و ئیمارات هەیە لە ڕیگەی عەرەبەکانی ئەهوازەوە، دەکرێت پاکستان، یان بەلوچەکانی پاکستان ڕۆڵ ببینن لە بەلوچستان. تورکیا و ئازەربیجان لە ڕێگەی ئازەرەکانەوە… لەگەڵ هەموو ئەوەدا، پێموایە لە کاتی ئەو جەنگە، کورد بە تەنیا دەستپێشخەری نەکات لە جوڵانەوە دژ بە ڕژێم. کارێکی باشە ئەگەر دەستپێشخەری بکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانانی پلان لەگەڵ نەتەوە و هێزەکانی تر، بەڵام جوڵانەوەی سەربازی و جەماوەری دژ بە ڕژێم، پێویستە لەگەڵ نەتەوەکانی تر هەمووان بە یەکەوە دەستپێبکەن. چونکە ڕژێم لە خراپترین دۆخدا، دەکشێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو کاتەی جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل تەواو دەبێت، پاشان دێتەوە و دەیان قەسابخانە دروست دەکات لە شارەکانی ڕۆژهەڵات.

لەو سیناریۆیەدا، کوردانی ڕۆژهەڵات پێویستە چالاکییەکانیان تەنیا لە شارەکانی ڕۆژهەڵات بێت، نەک بۆ دەرەوە. دەکرێت هەر یەک لەو نەتەوانە سنووری خۆیان دابنێن، نموونەی ڕۆژئاوای کوردستان سوودی دەبێت. هەرچەند سنوورەکان لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئازەرەکان و ئەوانی دیکە بەدەر نییە لە کێشە و تێکەڵاوی. گرنگترین خاڵ ئەوەیە هێزە کوردییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بە تەواوی دەستهەڵبگرن لە تەخوینی یەکتر و شەڕی براکوژی و بەرە لە یەک گرتن. تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت و کاتی!

گرنگە هێزە کوردییەکان لە دۆخێکی وادا واز لە چەمکی “گەلانی ئێران” و “تاران” و “ئێرانێکی دیموکرات و کەلاوەیەک بۆ کورد” بهێنن، چونکە ڕووخاندنی ئاخوندەکان، ئێران بەرەو ئاقارێک دەبات زۆر خراپتر لە سووریا و یەمەن و لیبیا، دەبێت هەر ناوچەیەک، گرووپێکی نەتەوەیی حوکمی بکات، زۆر ئەستەمە جارێکی تر ئەو تاوانە گەورەیە ئەنجامبدرێتەوە کە پێی دەگوترێت “ئێران”.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...