سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هێرشی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان

دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە تورکیا لەم هاوینە هێرشێکی داگیرکارانە دەکاتە سەر باشووری کوردستان بە پاساوی پەکەکە. هەواڵێک هەیە گوایە هێرشەکە دەستی پێکردووە.

 

هێرشەکە چییە و چۆنە:

  • تورکیا بە نیازە بەدرێژایی سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان (عێراق و تورکیا) بە قووڵایی ٤٠کم کۆنتڕۆڵ بکات. چەند بنکەیەکی سەربازی بە شێوەیەکی بەردەوام لەوێ دەمێننەوە تەنانەت ئەگەر پەکەکە بە تەواوی لەو ناوچانەش نەمێنن، پاساوەکە ئەوەیە بۆ ئەوەی پەکەکە دووبارە نەگەڕێنەوە. دەگوترێت ئێستا سوپای تورکیا زاڵە بەسەر ٨٦٪ی ئەو سنوورە. دەیەوێت ١٠٠٪ی سنوورەکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوەش بە دەرکردنی پەکەکە دەکرێت لە چیایی گارا و هەندێک ناوچەی تر. زیاد لە ٦٠ بنکە و خاڵی سەربازیی تورکیا لە باشووری کوردستان هەیە. هێرشی ئاسمانی ناوچەکانی سلێمانی و شەنگالیش دەگرێتەوە.

 

  • زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن عێراق و پارتی هاوکار دەبن لەو ئۆپراسیۆنە. گوایە تورکیا گوتوویەتی لە پاش دەرکردنی پەکەکە لەو ناوچانە، سوپای عێراق و پێشمەرگەی هەرێم دەتوانن بۆی بگەڕێنەوە. تورکیا زیاتر پشت بە هێزی ئاسمانی دەبەستێت لەو هێرشەدا، هێزی زەمینی لە ڕێگەی فڕۆکەوە دادەبەزنە ئەو ناوچانەی کە تورکیا دەیەوێت لەناوی بەرێت. وەک لوتکەی شاخەکان، و ئەشکەوت و بارەگاکانی پەکەکە.

 

  • بۆ ئەوەی پەکەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، دەبێت نەتوانێت هاتووچۆ بکات لە نێوان سنووری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. کەواتە داخستنی ئەو سنوورە لە ڕێگەی سوپای عێراقی و حەشدەوە بە هاوکاری هێزی ئاسمانیی تورکیا ئەگەرێکی نزیکە.

 

 

ئامانجەکانی تورکیا

١. گورز وەشاندن لە دۆزی کورد. سنووری نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا بە سەربازی دەکرێت. بە تایبەت ئەمە بۆ سنووری نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان مەترسییەکی گەورەیە. ساڵانێک بوو سنووری نێوان ئەو دوو پارچەیە تا ڕادەیەک بە دەست کوردەوە بوو، بەم ئۆپەراسیۆنە ئەگەر هەیە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران. هاوکات تورکیا بەشێکی زۆر گرنگ و گەورەی خاکی باشووری کوردستان داگیردەکات. ئەمە کارتێکی ترسناکە دژ بە هەرێمی کوردستان. لەم ڕووەوە، هەر چوار داگیرکەرەکە هاوڕا و دڵخۆش دەبن.

٢. دوورخستنەوەی پەکەکە لە سنوورەکانی باکووری کوردستان. ئەمەش ئۆپەراسیۆن و چالاکی پارتیزانیی پەکەکە سنووردار دەکات. واتە کەمکردنەوەی هەڕەشەی پەکەکە بۆ سەر تورکیا.

٣. ئامانجی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ڕۆڵی گرنگ دەبینن. پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی تورکیا کە ڕێگایەکە لە بەسڕەوە دەگاتە تورکیا پاشان ئەوروپا. واتە ڕێگایەکی نوێ بۆ هاتووچۆی نێوان ئاسیا و کەنداو لەگەڵ ئەوروپا و بە پێچەوانەوەش. ئەمە وەک ڕکابەرایەتی ڕێگای هیندستان-ئیماڕات-سعوودییە-ئوردن-ئیسرائیل-ئەوروپا دەبینرێت، کە تورکیای تیا فەرامۆشکراوە. تورکیا دەڵێت ئەم پڕۆژە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییە پێویستی بەوەیە لەسەر سنووری (عێراق و تورکیا) هەڕەشەی پەکەکە نەمێنێت.

 

عێراق چی دەستدەکەوێت؟

١. گورزوەشاندن لە پرسی کورد و لاوازکردنی، سوودی بۆ عێراق هەیە. لەو چوارچێوەیەدا پێش ماوەیەک عێراق بڕیاریدا سەبارەت بە پەکەکە وەک گرووپێکی قەدەغەکراو.

٢. پرسی ئاو یەکێکە لە ئامانجە گرنگەکانی عێراق کە دەیەوێت تورکیا بۆی چارەسەر بکات.

٣. لە ڕووی ئابوورییەوە پڕۆژە و پیلانەکەی تورکیا، ئەگەر سەربگرێت، سوودی گەورەی بۆ عێراق دەبێت، بە تایبەت کە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو پڕۆژەیە لە مووسڵەوە تێدەپەڕێت نەک لە هەرێمی کوردستان.

 

ویستی ئەمریکا:

١. دەگوترێت ئەمریکا گلۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە بۆ ئەو هێرشە داگیرکارییانەی لە باشووری کوردستان. لەوانەیە ئەمریکا ڕێگە بەم هێرشە بدات، لەبەرانبەردا تورکیا هێرشی نوێ نەکاتەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

٢. پڕۆژەی گەشەپێدان ئەگەر ببێتە واقع، ئەوا پەیوەندی عێراق و تورکیا بەهێز دەکات و بەرژەوەندی هاوبەشی نێوانیان زیاتر دەکات. ئەمەش دەکرێت عێراق نزیک بکاتەوە لە تورکیای ناتۆ، لەبەرانبەردا کەمێک دوور بکەوێتەوە لە ئێران لە ئایندەدا.

٣. هەژموونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەکات، ئەمەش لە ئایندەدا دەکرێت هەژموونی ئێران کەمتر بکات.

 

ئایا ئێران هەڵوێستی چییە؟

١. ئێران دەکرێت ڕێگری سەرەکی بێت بۆ هەموو ئەو پیلان و پلان و ویستانەی تورکیا. چونکە زۆربەی ئەو خاڵانەی سەرەوە، دەکرێت لە ئایندەدا بە زیانی ئێران بێت. سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، هەڕەشەیەکی گەورە و ستراتیژییە بۆ ئەو دەوڵەتە. جارێ زۆر ڕوون نییە ئێران ڕازی بووە یان نا، بە چی ڕازییە و بە چی ڕازی نییە؟ بەڵام هەڵوێستی عێراق ئەوە دەردەخات کە ئێران گلۆپی سەوزی هەڵکردووە بۆ هەندێک هەنگاوی ئەو پڕۆژانە.

٢. تورکیا لەو بارەیەوە چەندین کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ حەشد و ئێران. هاوکات، پێش ماوەیەک هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانیش دەتوانێت بەشدار بێت لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.

٣. ئەم پڕۆژانە سوود و زیان و دەرەفەتی تیایە بۆ ئێران.

سوودەکانی؛ گورزوەشاندن لە دۆزی کورد، لە ڕووی ئابوورییەوە دەتوانێت سوودی گەورە لەو پێگەیەی عێراق ببینێت. ئێرانیش لە پڕۆژە ڕێگای هیندستان-ئەوروپا پشتگوێخراوە، لەم پڕۆژەیەدا دەتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت لە ڕێگەی دەسەڵاتی حەشد لە عێراق و دامودەزگاکانی.

زیانەکان؛ تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت، ئەگەر هەیە لە ئایندەدا عێراق نزیکتر بێتەوە لە تورکیا لەسەر حیسابی ئێران.

دەرفەتەکان؛ بەشداریکردنی سوپای عیراق لە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، دەرەفەتێکی زێرینە کە حەشد و پاسداران هەژموونێکی زۆریان هەبێت لەو سنوورانە. حەشد (پاسداران) دەرفەتی ئەوەی هەیە کۆی ئەو ڕێگایە کۆنتڕۆڵ بکات لە ناو خاکی عێراق. ئەمەش جگە لەوەی کارتێکی فشارە، داهاتێکی گەورەشە لە ڕووی ئابوورییەوە.

  • لە گۆڕەپانی سووریا، ماوەیەکە ململانێی جددی لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە. کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی حەشدەوە (پاسداران) کارتێکی بەهێزە دژ بە هەسەدە. بە گشتی ئێران وەک دەوڵەتێکی زیرەک و خاوەن نەفسێکی درێژ لەو جۆرە ململانێ و هاوکێشانەدا، دەکرێت ڕێگە بە تورکیا بدات زۆرێک لە پیلانەکانی جێبەجێ بکات بەبێ ئەوەی زیانی جددی هەبێت بۆ ئێران، یان ئەگەر زیانیشی هەبێت، ئەوا لە ڕێگەی حەشدەوە، عێراقی کۆنتڕۆڵکردووە، و دەتوانێت تورکیا ڕابگرێت.

 

ڕۆڵی کوردی بێدەوڵەتی پەرتەوازەی بەزیووی یاریپێکراوی ئیرادە تێکشکاو چییە؟

کۆی ئەو پڕۆژانە لە دژی کوردستانە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات و چەک و ئابووری و تواناکانی کورد لای چەند حزبێکی سەرەکییە، هیچ کام لەو حزبانەش کوردستانی نین، بۆیە ئەوەی دژی یا هاوڕای ئەو پڕۆژانەی تورکیایە، پاڵنەرەکەی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە.

پارتی: لە نێوان هەبوونی پەکەکە و جەندرمەی تورک لەو ناوچانەدا، بەبێ دوودڵی ئەوەی دووەمی پێباشە. پێیوایە تا تورکیا بەهێز بێت، پارتی بەهێزتر دەبێت. لە کاتێکدا کورد بە گشتی لاواز دەبێت، ئیتر نازانم بۆچی لە ناو کورددا تەنیا پارتی بەهێز دەبێت.

پارتی دەرک بەوە ناکات کە گریمان پەکەکە و تورکیا کەسیان کورد نین، بەڵام پەکەکە لاوازترە، دەوڵەت نییە، ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر هەرێمی کوردستان. پارتی دەتوانێت لەگەڵ پەکەکە شەڕ بکات، بەڵام تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەری بەهێزی ئەندامی ناتۆیە. تەنانەت ئەگەر هێرش بکرێتە سەری، دەکرێت ئەمریکا و فەرەنسا و بەڕیتانیا…هتد بە سوپا بەرگری لێ بکەن. پەکەکە ئەگەر دوژمنیش بێت، دواجار هەر کوردە، لەسەر کوردبوون و زمان و کەلتووری کوردی دژی پارتی نییە، تورکیا دژی هەبوونی کوردە. بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە، هەبوونی پەکەکە وەک ڕکابەر لەو ناوچانەدا، زۆر باشترە لە هەبوونی تورکیا. پارتی پێیوایە لە ڕووی ئابوورییەوە سوودمەند دەبێت و پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە. بەڵام لە ڕاستیدا هەمووی بە دەست تورکیایە، هەموو کات دەتوانێت دژی پارتی بەکاری بێنیتەوە.

یەکێتی: تەنیا ترسی ئەوەی هەیە ئەو پیلانەی تورکیا پارتی بەهێزتر بکات. بەڵام ئەگەر ئێران ئۆکەی دا، یەکێتی ڕازی دەبێت ئەگەر لە زیانی خۆی و هەمووی کوردێکی جیهانیش بێت. لەوانەیە یەکێتی بەشدار بێت لەو پیلانانە و لەبەرانبەردا تورکیا هەندێک دەستکەوتی بداتێ، وەک پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی.

لە ڕووی واقعییەوە، پارتی و یەکێتی ئەگەر دژی ئەو پیلانانەش بن، توانای ڕێگریکردنیان زۆر سنووردارە. بە تایبەت ئەگەر تورکیا و ئێران و عێراق ڕێککەوتبن و ئەمریکاش ڕازی بێت. هەردوو حزب تەنیا دەتوانن بەرپرسیارێتی و هەڵوێستێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی و ئەخلاقییان هەبێت. بە ناوی حکوومەتی هەرێمەوە هەوڵبدەن بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەرببڕن و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن ڕێگری بکات لەو هێرش و پیلانانە، هاوکات داوا لە پەکەکەش بکەن ئەو ناوچانە بۆ پێشمەرگە چۆڵ بکات.

پەکەکە: پێش هەموو شت پەکەکە دەبێت یەک سیناریۆی لەبەرچاو بێت. ئێران چەندێک فریای حەماس و غەززە کەوت، چەندێک هاوکاری غەززەی کرد و ڕێگری لە ئیسرائیل کرد لەو کاولکارییە، ئەوپەڕی هەر ئەوەندەش بۆ پەکەکە دەکات. واتە هیچ ناکات.

بێگومان سەرکردایەتی پەکەکە دەبێت زانیاری و وردەکاری زیاتر بزانن، هێرشێکی لەو جۆرە ئەگەر بەڕاستی ئەنجامدەدرێت، ئەوا پەکەکە لە هەمووان باشتر دەزانێت کە شەڕەکە بە بردنەوەی تورکیا کۆتایی دێت. بەو مانایەی تورکیا شوێنی زیاتر دەگرێت و بنکەی زیاتر دەکاتەوە و قووڵتر دێتە ناو باشووری کوردستان. کاتێک خاکێک دەرفەتێک هەیە داگیر نەکرێت، بەڵام لە ئەنجامدا داگیردەکرێت، ئیتر دەستەواژەی بەرخۆدان و زیان گەیاندن بە دوژمن و کوشتی هەزار سەربازی تورک… هتد ئەگەر ناپاکیش نەبێت، ئەوا هەڵەیەکە دەگاتە ئاستی تاوانی گەورە دژ بە نەتەوە و نیشتمان.

پەکەکە دەتوانێت بە فەرمی ڕایبگەیەنێت ئەو ناوچانە چۆڵ دەکات و ڕێگە بە پێشمەرگەی باشوور دەدات بێنە ئەوێ. یاخود دەبێت ڕێگە بە تورکیا نەدات خاکی زیاتر داگیر بکات لە باشوور. ئەمەیان نیمچە مەحاڵە. گرووپی چەکدار، ناتوانێت لە سەر خاکێکی دیاریکراو شەڕی سوپایەکی نیزامی بکات و ڕێگری لێ بکات ئەو خاکە داگیربکات. سوپای نیزامی سەدان ئامرازی لەبەردەستە بۆ داگیرکردنی ئەو خاکە، گرووپی چەکدار یەک ئامرازی نییە بۆ مانەوە لەو پارچە خاکە.

دەگوترێت پەکەکە هەبێت لەو ناوچەیە یان نا، تورکیا هەر هێرش دەکات، ئەمە ڕاستە، وەک چۆن عێراق هەر کات بیەوێت هەرێمی کوردستان لەناو دەبات. بەڵام دەرفەت و پاساوی ئەوەی نییە. تورکیاش هەموو کات دەیەوێت هەرێم لەناو ببات، دەرفەت و پاساوی نییە، ئەو پاساو و دەرفەتە با خۆمان بە ئاسانی نەیدەینە دەستی. هەبوونی زیاد لە ٦٠ بنکەی سەربازی لە هەرێم، پاساوەکەی پەکەکە بووە. با ئەمجارە پەکەکە خۆی ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، بزانین تورکیا دەتوانێت بەو ئاسانییە هێرشێکی لەو جۆرە ئەنجامبدات؟

بەرخۆدان و پارتیزانی و شەڕ بۆ کورد، هەر وەک چۆن هەڵەیە بە تەواوی فەرامۆشی بکات، ئاواش هەڵەیە بیکاتە تاکە ئامراز بۆ سیاسەت و چالاکییەکانی. بۆ نموونە کورد لە شانزەی ئۆکتۆبەر دەبوو شەڕ بکات دژ بە عێراق، لایەنی کەم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تا ئەو کاتەی ڕوون دەبووەوە کە ئەو شەڕەی پێ ناکرێت، پاشان بکشایەتەوە. بەڵام ئێستا هەڵەیە ئەو شەڕە بکرێت لە پێناو ماددەی ١٤٠ و مووچە و بابەتی لەو جۆرە. هەر کات بەرخۆدان بووە هۆی لەدەستدانی خاک، یان شکستە یان ناپاکی. ئێستا دەرفەتێکی بچووک هەیە کە پەکەکە ئەو ناوچانە بداتەوە بە هەرێم، ئەو کات ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە تورکیا هێرشەکەی نەکات، یان فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر دروست ببێت و بە ئاسانی ئەنجامی نەدات. کە پەکەکە ئامادە نییە ئەو ناوچانە بداتەوە بە هەرێم، کەواتە دەبێت بستێک نەداتە تورکیا. ئەگەر دای شکست و هەڵەیەکی گەورە دەبێت.

پەکەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەر ئەوەی کورد هیچ خاکێکی لا نییە و هیچ شوێنێک حوکم ناکات، پارتیزانی و شەڕ ئەگەر پێویستیش نەبن، ئەوا ئاساییە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا، بەرخۆدان ئەوەیە خاک لە دەست نەدرێت، ئەوەی هەیە لەدەست نەچێت، ئارامی و سەقامگیری و گەشەپێدان و ژێرخانە، مانەوەی یەک گوندی چۆڵی هەرێم بە دەست کوردەوە، بەرخۆدانێکی زیاترە وەک لە کوشتنی دوو هەزار سەربازی تورک، بەڵام لە ئەنجامدا ئەو گوندە چۆڵ و بچووکە لەژێر دەسەڵاتی کورد نەمێنێت و تورک داگیری بکەن و خەڵکەکەی ئاوارە بکەن.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button