- هۆکاری کەشوهەوا: ئەوەی تا ئێستا ئێران بە فەرمی ڕایگەیاندووە هۆکاری ڕووداوەکە خراپی کەشوهەوا بووە. هەندێک پێدراو لەوانەیە ئەم گوتارە بسەلمێنێت: وەک لە ڤیدیۆکان دەردەکەوێت کەشوهەوا باراناوی و تەمومژ و ڕەشەبا بوو؛ کۆپتەرێکی ئێکسپایەری ئەمریکی بووە؛ هیچ بەڵگەیەک ئاشکرا نەبووە کە پێچەوانەی ئەم گوتارە بێت.
هاوکات گومانێکی زۆر هەیە سەبارەت بەم گوتارە: لە سێ کۆپتەر تەنیا ئەوەی سەرۆک و وەزیری دەرەوە دەکەوێتە خوارەوە، ئەو دوو کۆپتەرەی تر پاسەوانی سەرۆکن، دانەیەکی یەدەگە بۆ ئەو کاتەی ئەگەر کۆپتەرەکەی سەرۆک کێشەیەکی هەبێت؛ ئەو دوو کۆپتەرەی تر بۆچی بەبێ سەرۆک دەگەڕێنەوە، یان چۆن کۆپتەرەکەی سەرۆکیان لێ ون دەبێت! کەشوهەوا پیشبینی دەکرێت، ئەم پێشبینییە بۆ گەشتی ئاسایی هاووڵاتییان بەهەند وەردەگیرێت، چۆن دەبێت بۆ گەشتێکی سەرۆک و وەزیری دەرەوە بایەخی پێنەدرێت یان نەزانرێت! ئەو گەشتە زۆر بە ئاسانی دەکرا دوابخرێت و گرنگییەکی وای نەبوو، کەواتە بایەخ نەدراوە بە کەشوهەوا یان نەزانراوە، کە هەردووکی مایەی پرسیارە.
- ململانێی ناوخۆ: گومانێک هەیە پێیوایە لایەنێکی ناو ئێران دەستی هەبووە لەو ڕووداوە. دەگوترێت ڕەئیسی کاندیدێکی سەرەکی بووە بۆ بوون بە ڕابەر لە دوای مردنی خامنەیی. ئەمەش لەگەڵ ئامانجی کوڕەکەی خامنەیی یەکناگرێتەوە کە دەیەوێت خۆی شوێنی باوکی بگرێتەوە لە ئایندەدا. ئەمە تا ڕادەیەک دەکرێت وەک ئەگەرێک تەماشا بکرێت.
ئەم گریمانەیەش لە چەندین ڕووەوە دەکرێت گومانی لەسەر دابنرێت؛ لایەنێکی سەر بە ڕژێم بتوانێت سەرۆکی وڵات بکوژێت، تەنیا لایەنی خامنەیی-پاسدارانە. ئاشکرایە ڕەئیسی خۆی کاندیدی خامنەیی بوو بۆ سەرۆکایەتی و پاسداران پشتگیریان دەکرد. بە پێچەوانەی ڕووحانییەوە، ڕەئیسی سەر بە باڵی ڕیفۆرمخوازان نییە، بەڵکو باڵی توندڕەوەکانی پاسدارانە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا هیچ پێدراوێکی وا نییە کە ئەوە دەربخات ڕەئیسی هەڵگەڕاوەتەوە لە خامنەیی و پاسداران یان گوێڕایەڵیان نەبووە؛ ئەگەر موجتەبا، کوڕەکەی خامنەیی بیەوێت خۆی ببێتە ڕابەر لە پاش باوکی، پێویست ناکات ڕەئیسی بکوژێت، بە چەندین ڕێگەی تر دەیتوانی پەراوێزی بخات، ڕەئیسی ئەو هێز و دەسەڵات و جەماوەرەی نەبوو کە بتوانێت ڕێگری دروست بکات بۆ موجتەبا، خۆی پیاوێکی سەر بە خامنەیی بوو؛ ڕیفۆرمخوازەکانیش نە دەیانەوێت نە دەتوانن کاری وا بکەن، لە بنەمادا کێشە و جیاوازی نێوان هەردوو باڵە سەرەکییەکەی ڕژێمی ئێران لەو ئاستەدا نییە، بەڵکو لە هەندێک وردەکاری سادەیە؛ بەرەکانی دژە ڕژێمش توانای کارێکی وایان نییە.
- دەستی ئیسرائیل: بە هۆی هاوکێشە سیاسییەکان و دۆخی ململانێی ناوچەکە و، گورزەکانی ئیسرائیل لە پاسداران لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا، گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندی ئیسرائیل و ئێران… هەر شتێک دژ بە ئێران ڕووبدات، لۆژیکییە گومان لە ئیسرائیل بکرێت. لە زۆربەی ئەو ڕاپرسییە نافەرمییانەی لە سۆشیال میدیای ئینگلیزی و عەرەبی دانرابوو، زۆرینەی خەڵک پێیوایە ئیسرائیل هۆکاری ئەو ڕووداوە بووە. میدیا و سۆشیال میدیای ئیسرائیل پاش چەند خولەکێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پێش هەمووان ڕایانگەیاند سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئێران مردوون.
ڕووداوەکە لە نزیک سنوورەکانی ئازەربیجان بوو. ئازەربیجان جگە لەوەی پەیوەندییەکی پتەو و قووڵی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، مۆساد لەوێ ئامادەییەکی بەهێزی هەیە. تەنانەت خەڵکانێک گومان دەکەن کە ئیسرائیل و ئازەربیجان بە یەکەوە ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجامدابێت. ئەگەر ئیسرائیل دەستی هەبێت لەو ڕووداوە، ئەوا قوورسە ئێران ئاشکرای بکات، چونکە ئەوکات ناچارە جەنگ ڕابگەیەنێت. لە هەمووی گرنگتر، ئەگەر ئیسرائیل ئەو کارەی کردبێت، ئەوا پەیامێکە بۆ ئێران ئەگەر هەڵەی گەورە بکات، ئەوا بە ئاسانی خامنەییش دەکوژرێت.
ئەم گریمانەش دەکرێت بە هەڵە بخرێتەوە: کوشتنی سەرۆکی وڵات و وەزیری دەرەوە لە ڕووی دیپلۆماسی و یاساییەوە هەڵە و تاوانێکی گەورەیە. ئیسرائیل لەم کاتەدا لەوە ناچێت بیەوێت تا ئەو ئەندازەیە حیساب بۆ یاسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکات و خۆی بخاتە ژێر فشارێکی قورسەوە. ڕووسیا و ئۆکڕانیا وا سێ ساڵە لە جەنگێکی فرەوان و خوێناویدان، تا ئێستا هیچ لایەکیان هەوڵی کوشتنی سەرۆک و وەزیری دەرەوەی یەکتریان نەداوە. ئیسرائیل و ئێران لە دۆخی جەنگ نین، ئەو کارە بۆ دۆخی جەنگیش زۆرە؛ گورزەکانی پێشووی ئیسرائیل ئاڕاستەی پاسداران و زانایانی بواری ئەتۆمی بووە، دیپلۆمات و حکوومەتیان نەکردووەتە ئامانج. ئەگەر بیەوێت تەسعیدێکی گەورە بکات، ئەوا قائانی یان فەرماندەی پاسداران دەکوژێت، نەک کەسی حکومی و دیپلۆمات؛ ئیسرائیل ئەگەر کارێکی وا بکات، ئەستەمە ئەمریکا ئاگادار نەکاتەوە، ئێستا ئەمریکا نیمچە مەحاڵە ڕێگە بە کارێکی وا بدات؛ ئازەربیجان ئەستەمە خۆی تێوەبگلێنێت بە کارێکی لەم جۆرە.
وەک دەردەکەوێت، هەموو گریمانەکان ئەگەری دروستی و نادروستییان تێدایە، بەگشتی گومانێکی زۆر لەسەر ئەو ڕووداوە هەیە. لەوانەیە لە ئایندەدا ڕاستییەکان زیاتر دەربکەون. لەوانەشە وەک زۆربەی ڕووداوە هاوشێوەکان، گومانەکان وەک خۆیان بمێننەوە. کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی سەرۆک و سیاسییەکان لە دیاردە هەرە ئاڵۆزەکانن لە دنیای سیاسەت و ململانێکاندا. چونکە خودی بکوژەکە، لەبەرئەوە پەنا دەباتەبەر ئەو تەکتیکە، بۆ ئەوەی زۆر بە قورسی ئاشکرا بکرێت و تاوانباربوونی بسەلمێنرێت.