سیاسیهه‌واڵ

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژنامەنووس لە عێراق تیرۆر کراون

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک، لە ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤، لە سەرتاسەری عێراق ١٨٧ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقی و ٢٥ ڕۆژنامەنووسی بیانی تیرۆر کراون. جگە لە تیرۆرکردنی سەدان کەسایەتی سیاسی و شارەزا و پسپۆڕان لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی عێراقدا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

تۆڕی “ساعە” لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا پەردەی لەسەر زنجیرەی تیرۆرەکانی عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤ هەڵداوەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا تیرۆرکردن بە یەکێک لە “دزێوترین کارەساتەکان”ی دوو دەیەی ڕابردووی عێراق پێناسە دەکات و دەڵێ: “”تا ئەو ڕادەیەی کە (تیرۆر) بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی عێراقی”.

ڕاپۆرتەکە، تیشکی خستووەتە سەر کەسایەتییە تیرۆرکراوەکان، لە میدیاکاران، چالاکانی مەدەنی، پسپۆڕان و ئەکادیمییەکان، کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکان.

 

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان

وەک تۆڕەکە، ئاماژەی بۆ دەکات، مەکینەی تیرۆرکردنەکە، گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە عێراقییانەی گرتەوە، کە کاریان بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق دەکرد.

لە ڕاپۆرتەکەدا، ناو و زانیاری لەبارەی ٢٨٧ ڕۆژنامەنووسی عێراقی خراونەتەڕوو، کە لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤، لە سەرتاسەری عێراق تیرۆر کراون. چەند ڕۆژنامەنووسێکیان لە هەرێمی کوردستان بوون، لەناویاندا کاوە گەرمیانی و زەردەشت عوسمان. هەروەها زیاتر لە ١٠ نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کامێرامان، کە لە کردە تیرۆریستییەکەی ١ی شوباتی ٢٠٠٤ لە بارەگاکانی لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر تیرۆرکران. هەروەها، چەند نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی دیکە لە کەرکووک، لەناویاندا تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە.

جگە لە تیرۆرکردنی نووسەر و ڕۆژنامەوانە عێراقییەکان، ڕاپۆرتەکە ناوی ٢٥ ڕۆژنامەنووسی دیکەی بیانی لەخۆگرتووە کە لەو ساڵانەدا لە عێراق تیرۆر کراون.

 

تیرۆرکردنی چالاکانی مەدەنی

لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین چالاکی مەدەنی لە عێراق تیرۆر کران، بەڵام وەک تۆڕەکە ئاماژەی بۆ کردووە، گەورەترین هەڵمەتی تیرۆرکردن لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد. لە ماوەی چەند ساڵێکدا دیارترین خۆپیشاندەران و چالاکان کە بەشدارییان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کردبوو تیرۆر کران.

لەوبارەیەوە، ڕاپۆرتەکە ناو و زانیاری ٣٧ چالاکی مەدەنی تیرۆرکراوی بڵاوکردوونەتەوە، کە زۆرینەی هەرە زۆریان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩ بەدواوە تیرۆرکراون.

 

تیرۆرکردنی بژاردە و شارەزایان

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، جگە لە چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان، پزیشک و پڕۆفیسۆرە دیار و لێهاتووەکانی عێراقی لە زانکۆ جیاجیاکاندا بە ئامانج گیراون و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕاپۆرتەکە ناوی ١٦٨ پزیشک، مامۆستای زانکۆ، پارێزەر، ئەندازیار و شارەزا و پسپۆڕی دیکەی بڵاوکردوونەتەوە، کە لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤ تیرۆر کراون.

 

تیرۆرکردنی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان

لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٢٤ ژمارەیەک لە سەرکردە و فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان لە عێراق تیرۆر کراون، لەناویاندا، ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ٣٩ فەرماندە و پلەدار لە ڕیزەکانی پۆلیس و سەربازی کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا تیرۆرکراون.

 

تیرۆرکردنی فەرماندە و ئەندامانی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان

بەپێی ڕاپۆرتەکە، “زۆرێک لە سەرکردە و ئەندامانی میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکانی چالاک لە عێراق لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٤ تیرۆرکران و لەوبارەیشەوە ڕاپۆرتەکە ناو و زانیاری ٦٦ فەرماندە و سەرکردەی دیاری ناو گرووپە میلیشیاییەکان و سەرۆک خێڵەکانی بڵاوکردوونەتەوە.

 

تیرۆرکردنی بەرپرسان و سیاسییەکان

وەک ئەوەی تۆڕی “ساعە” ئاماژەی بۆ کردووە، سیاسەتمەداران و بەرپرسان و کاربەدەستانی عێراق لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری جیاجیا تیرۆرکراون. لەو ڕووەیشەوە، ناوی ٣١ بەرپرسی دەوڵەتی عێراق لە وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، پارێزگار، پەرلەمانتاران، سەرۆک لیست و هێزە سیاسییەکان، یان بەربژێری هێزە سیاسییەکانی تۆمار کردووە، کە لە دوای ساڵانی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا تیرۆر کراون.

 

تیرۆرکردنی ناودارانی سۆشیال میدیا

ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، کە یەکێک لە مشتومڕاویترین و ورووژێنەرترین جۆرەکانی تیرۆرکردن لە شەقامی عێراق ئەو تیرۆرانەن کە “بلۆگەرەکان”یان کردووەتە ئامانج، لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٤، بەپێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی “ساعە”، هەشت بلۆگەری ناسراوی ناو پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان تیرۆرکراون، کە دوایینیان تیرۆرکردنی غوفران مەهدی سەوادی بوو کە بە “ئوم فەهد” ناسراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...