سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

بەڵام هەر دەسوڕێتەوە!

شاڵاوی قڕكردن و جینۆسایدی هاوچەرخ دژ بە ئێزدییەكان پاشخانێكی مێژوویی دەیان ساڵەی هەیە. ئەم شاڵاوانە، كە بنەماكەی بۆ سەردەمی داگیركردنی كوردستان لە چوارچێوەی شاڵاوەكانی بەناو “فەتحی ئیسلامییەوە” بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە، بە درێژایی چەندین سەدە ئاڕاستەی گەلی كورد بۆ وازهێنان لە ئایینی ڕەسەنی خۆیان كراوە و، هاوكات لەگەڵ وازهێنان لەو ئایینە، كاركراوە كۆمەڵێك نەریتی كۆمەڵایەتی دوور و نامۆ لە نەریتەكانی ئەم گەلە سەبارەت بە ڕێكخستنی ژیانی ماددی و ڕۆحی لەو سەردەمەدا بەسەریاندا بسەپێنرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەگەر بە هۆكاری جیاواز و ترس و توقاندن بوو بێت یان بە مەبەستی قورتاربوون لە پێدانی جزیە بە حكوومەتی خەلافە و ڕزگاربوون لە مامەڵەكردن لەگەڵیان وەك (أهل الزمە)، یان هەر هۆكارێكی دیكە، كە پەیوەندی بە قەناعەت و باوەڕبوونەوە هەبووبێت، زۆربەی كورد بوو بە موسوڵمان، بەڵام بەشێكی بەرچاو و ناوەندێكی فرەوان لەسەر ئایینی خۆیان، كە ئێزدییە مانەوە و، لێرەشدا بابەتەكەمان بواری تیۆلۆجی و سەرچاوەی ئایینی ئێزدی یان هیچ ئایینێكی دیكە ناگرێتەوە، جگە لە خستنەڕووی ئەو ڕاستییە، كە ناوەندێكی فرەوانی كورد لە نیشتمانی خۆیان، كە كوردستانە لەسەر ئایینێك مانەوە، كە سەرجەم نەریتە ئایینییەكانیان و وێردەكانی پەرستنیان و شێوازەكانی نوێژ و ڕۆژوو و، ئایین پەرەستنیان بە زمانی نەتەوایەتی خۆیانە، كە بە زمانی كوردییە و، شوێنە ئایینە پیرۆزەكانشیان لە نێو خاكی نیشتمانی خۆیانە و، سەلماندنی ئەم ڕاستییەش بابەتێكی نوێ نییە تازە بەتازە بینرابێتەوە، بەڵكو بەشێكی زیندووی ژیانی پێكهاتەیەكە لە كورد، كە سەرجەم كتێبە كۆنەكان لە بواری ڕەچەڵەكناسی و كتێبی گەڕیدەكان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، بەرهەمەكانی بواری مێژوو و سۆسیۆلۆجی و ئەنترۆپۆلۆجی ئاماژە بۆ كوردبوونی ئێزدییەكان دەكەن.

 

لە مێژوودا ئەو ناوەندە كوردانەی لە ئێزدی و جوو و كرستیانەوە بوون بە موسوڵمان گۆڕانكاری بەسەر بژاردە و ئینتمای نەتەوایەتییان نەهات، تا ئێستا زۆر عەشیرەت و خێڵ و خێزانی كورد هەن، كە مێژووی ئایینی پێشتریان دیارە و بە هەر هۆكارێكەوە بوو بێت ئێستا موسوڵمانن، بەڵام كەس گومان لە كوردبوونیان ناكات.

 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەندێک لاپەڕەكانی مێژوو، كاتێك ئێزدی لەسەر ئایینی خۆی ماونەتەوە، هەوڵدراوە كار لەسەر شێواندنی ڕەچەڵەكی نەتەوایەتییان بكرێت و، ئەگەر كار بۆ ئیسلامكردنیان سەرینەگرتبێت، ئەوا بە پیلانەوە كاركراوە بۆ ئەوەی بە عەرەب و نەوەی ئەمەوییەكان بژمێردرێن، كە سەرجەم ئەم بۆچوونەش بەپێی بەڵگە مێژووییەكان لە ڕاستییەوە دوورن.

 

سیاسەتی پەراوێزخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووری و بەشداری بێنەكردن لە پڕۆسەكانی گشتی سیاسی، هەر لە سەرەتاكانی دروستكردنی دەوڵەتی عێراقەوە، سیاسەتێكی داڕێژراو بووە و مەبەست لێی تواندنەوە و فشارخستنە سەر ئێزدییەكان بۆ وازهێنان لە ئایینی خۆیان بووە.

 

لە سەردەمی حوكمی بەعسدا شاڵاوی شێواندنی شوناسی ئێزدییەكان و تۆماركردنیان بە عەرەب دەستی پێكرد و، هەندێک بەكرێگیراو و سوودمەند لە ڕژێمی بەعس بە ناوی كەسایەتی ئێزدی لە ڕێگای وەرگرتنی پلەوپایە و دەستكەوتی تایبەت نەك بانگەشەیان بۆ ئەوە دەكرد، كە ئێزدی عەرەبە و كورد نییە، بەڵكو خۆیان بە هەڵگری پەیامی بەعس و عرووبە دادەنا، بەڵام لە نێو كۆمەڵگای ئێزدی حسابیان بۆ نەدەكرا و بە كەسانی بودەڵە و بەكرێگیراو دادەنران.

 

بە پێچەوانەی ئەو كەمایەتییە، كە بە سیخوڕی ڕژێمەكان دادەنران، لە سەنگەری گشتی كۆمەڵگای ئێزدی سەدان تێكۆشەری قارەمان لە ڕیزی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بە ئاڕاستە جیاكانییەوە، لە سەنگەری تێكۆشانی نیشتمانی و نەتەوایەتی و چینایەتی بوون، لە كاروانی ئەم تێكۆشانەدا لە بورای پێشمەرگایەتی و كاری سیاسی جۆراجۆر سەدان شەهیدی ئێزدی لە پێناوی كورد و كوردستان و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتن هەبووە.

 

پاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و دەستپێكردنی پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا، نەك بەپێی پێویست بەڵكو بە شێوەیەكی كردەیی سیاسەتی پەراوێزخستنی ئێزدییەكانی ئەنجامدرا، ئەم سیاسەتە لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەیڕەوكرا و، عەقڵیەتی نەریتی و كۆنەپەرستی نێو كۆمەڵگا و كارنەكردن بۆ گۆڕینی ئەو عەقڵیەتە هۆكارێكی دیكەی پەراوێزخستنی ئێزدییەكان بوو.

 

بەردەوامبوونی ئەم جۆرە سیاسەتانە و بارگرژی ڕەوشی ئاسایش بە گشتی و قەیرانەكانی پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا، هۆكاری سەرەكی بوون، كە زەمینە بۆ تیرۆریستانی داعش خۆش بكرێت و سەرەتای شاڵاوی جینۆساید ئاڕاستەی ئێزدییەكان بەتایبەتی ژنانی ئێزدی بكرێت، كە لە سایەی سیاسەتە كەڵەكەبووەكانی حوكمڕانان، بە توێژی لاوازی نێو كۆمەڵگا دابنرێن و ببنە قوربانی و كەس داكۆكییان لێ نەكات.

 

لە ڕەوشی ئەمڕۆدا لەوە دەچێت بانگەشەی دانانی ئێزدی بە عەرەب لە بازاڕی شێواندنی سیاسی و یاریكردن بەم كارتە برەوی نەبێت و، بۆ بەردەامبوونیش لەسەر ئاڕاستەی شێواندن لەوە دەچێت كارتێكی دیكە بەكاربێت، ئەویش دانانی ئێزدییە بە نەتەوەیەكی سەربەخۆ.

 

یەكێك لە گەمە قێزەوەنەكانی ئەم ئاڕاستەیە دروستكردنی نەتەوەیە بە بڕیاڕی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، كە چەندین پەرلەمانتار داوای بڕیاردانی قانوونی نەتەوەی ئێزدی دەكەن، بەبێ ئەوەی ئەو كۆمەڵە پەرلەمانتارە دەستووری عێڕاق بخوێننەوە، كە ئێزدی بە ئایین دادەنێت نەك نەتەوە.

 

كاتێك پەرلەمانتارێك ئەم جۆرە داوایە بكات و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش پێش ساڵێك ڕوونكردنەوەی دەستووری بۆ بێت، كەچی لەسەر داواكەی سوور بێت و 187 پەرلەمانی دیكەش مۆری بۆ بكات، ئەوە دەردەكەوێت، كە ئەم هەنگاوە دیسانەوە دەچێتە خانەی خەریككردنی گۆڕەپانی سیاسی بە ڕووداوی دروستكراو و، هێنانەدی ڕەوشێك كە پڕۆسەی سیاسی لە بابەتە گرنگە چارەنووسازەكان دوور بخرێتەوە و لایەنی سیاسی كوردستانی بە كێشەی لابەلاوە خەریك بكرێت.

 

داوای دەركردنی قانوونی نەتەوەی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و تەنانەت ئەگەر ئەو قانوونەش بە زۆرینە بڕیاڕ بدرێت، وێنەی دادگاییكردنی گالیلۆ لە ساڵی 1630 دێنێتە یاد، كە دادگای پشكنین بڕیاڕی دابوو زەوی ڕاوەستاوە و خۆر بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، داوی ئەو بڕیارەش گالیلۆ گوتووبووی: “بەڵام دەسوڕێتەوە”، بۆیە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەرچۆنێك بێت، دەكرێت ئێمەش بڵێن: بەڵام ئێزدی هەر كوردە.

 

جەماوەری زەحمەتكێش و خەڵكی ئێزدی چاوەڕی ئەوەن ئاسەوارەكانی شەڕی جینۆساید لەسەریان نەمێنێت و، چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵ و لاوی ئێزدی دەركەوێت و، ئاسایشی ناوچەكانیان دابینبكرێت و پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لەو ناوچانەدا بنیات بنرێت، نەك ئیشغاڵكردنی ئێزدییەكان و سەرجەم گەلی كوردستان بە كێشەی لابەلا.

 

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...