بابه‌تەکە بەسەریەکەوە هه‌وڵدانێکه بۆ تێگه‌یشتن له یه‌کێک له هۆکارە هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی بزووتنەوە و شۆڕشه‌کانی گه‌لی کوردستان له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، ئه‌ویش په‌یڕه‌ویکردنی خه‌باتی چه‌کدارییە وه‌ک شێوازێکی خه‌بات بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، لەنێویاندا ڕزگاریی نیشتیمانیی. بەگەڕانەوە بۆ مێژووی کورد، بەتایبەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانیی و ئەزموونی خەباتی چەکداری لە کوردستان لەوکاتەوە، شرۆڤەی پێشهات و دەرکەوتەکان دەکەین. لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە خەباتی چەکداریی لەوانەیە لایەنی باشیشی هەبووبێت وەک وروژاندن و حەماسەتخولقێنی و گورزوەشاندن لە داگیرکەر و ڕزگارکردنی هەندێک ناوچەی کوردستان جار جار، لێرە و لەوێ، بۆ ماوەی کورت یان درێژ. بەڵام ئەو لایەنە، یەکەم، لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە، دووەم، بە هیچ شێوەیەک لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی چەکداریی بارتەقای لایەنە خراپ و ئاکامە کارەساتبار و نەرێنییەکانی نابن. بۆیە، ئه‌وه‌ی لە هەموو شتێک زیاتر ته‌رکیزی له‌سه‌ر ده‌کرێت ئاکامه خراپه‌کانی ده‌ستبردنی حیزب و ڕێکخراوه کوردستانییه‌کانه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی.
پاش ده‌ستنیشان کردنی ئاکامه خراپه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری، هەوڵ دەدەین لە بەشەکانی کۆتایی ئەم زنجیرە بابەتە وەڵامی دوو پرسیاری دیکە بدەینەوە، یەکەم، داخۆ لایەنە کوردستانییەکان خەباتی چەکدارییان وەک تاکتیک و سەپێنرا و هەڵبژاردووە یان وەک ستراتیج. دووەم، داخۆ کوردستانییان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە پێشە، ئەگەر هەیە ئەو بژاردەیە چییە و چۆنە گرنگییاکانی چین؟ گرنگی ئه‌م بابه‌ته له‌وه‌دایه که تاوەکوو ئێستا له باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌م شێوازی خه‌باته له‌لایه‌ن پەکەکە و پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان (پژاک) و چه‌ندین لایه‌نی دیکه [وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمەڵە)] که‌م تا زۆر په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێت، یان ئەگەر وازیشیان لێ هێنابێت ئەوە جارناجارێک گفتوگۆی دەکەنەوە.
ئێمە پێمان وایە کە خەباتی چەکداریی، لانیکەم، دەبێتە مایەی: (١) پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان بە داگیرکەران؛ (٢) له‌دەستدانی جڵه‌و و ئاراستەی بزووتنه‌وه کوردستانییەکان؛ (٣) ناشیرین و لەکەدار بوونی بزووتنەوەکان لەبەر پەیڕەوکردنی شێوازێکی باونەماو لە خەبات؛ (٤) شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ (٥) هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیریی کوردستان لەگەڵ خەڵک و جەماوەر؛ (٦) هەڵگیرسان و درێژەدانی شه‌ڕی ناوخۆ؛ (٧) پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌بات و فرەلەشکریی؛ (٨) بەشەڕگەبوونی سەرزەویی کوردستان و کردنی بە کێڵگەی شەڕ لەلایەن داگیرکەران؛ (٩) بەهێزبوونی دەوڵەتی قووڵ و پێگەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی داگیرکەران؛ (١٠) ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی چه‌ک دوای سەرکەوتن. لەم بەشەدا گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەین.
یه‌کێک له هۆکارە هه‌ره سه‌رکییه‌کانی به ئاکام نه‌گه‌یشتنی شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان، پشت به‌ستنیان بووه به وڵاتانی دراوسێ و گره‌وکردنیان بووه له‌سه‌ر کێشه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانییان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه. سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشی چوارده ساڵه‌ی ئه‌یلول (1961-1975) به سه‌رکردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی نموونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌و دیارده کوشنده‌یه‌یه که تووشی شۆڕشه‌کانی کورد بووه. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٢، واتە تەنیا ساڵێک دوای دەست پێ کردنی شۆڕشەکە، کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستی کرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ کوردەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیادی کرد و لە ١٩٧٤ دا گەیشتە لوتکە و لە ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند (تەماشای کتێبی “مام جەلال: دیداری تەمەن، ل. ٣٠٦ بکە).
دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە 1975، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان (یه‌کێتیی) له دیمه‌شق دامه‌زرا و بۆ پشتیوانی له شۆڕشی “نوێ” ئه‌وێیان به تاران گۆڕیه‌وه. پاشانیش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌کی جیۆپۆلیتیکی و سه‌رنه‌گرتنی مفاوه‌زاته‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو و زویربوونی سووریا لە مفاوەزاتەکە، یه‌کێتیی ڕووی کرده تاران و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراند، بە ڕادەیەک کە سوپای پاسداران لە هەندێک چالاکی پێشمەرگە بەشداریان کرد. پێش یه‌کێتیی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران خۆش‌بوو له‌و خه‌باته‌ی که له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان چڕببووه و پشتیوانی له ئێران وه‌رده‌گرت. وەک یەکێتیی، پارتی لە هەندێک ناوچە چالاکی هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران ئەنجام دا. بێجگە لەمە، بارەگا سەرەکییەکانی پارتی لە گوندی زێوە و شاری کەرەج بوون تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١. له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه دوای ئه‌وه‌ی که‌وتنه به‌ر فشاری هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر زوو بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی په‌نایان بۆ عێراق هێنا. هەندێک لە بارەگا سەرەکییەکانی هەردوو لایەن تا ڕاپەڕین لەو ناوچانەدا بوون کە لەژێر سایەی حکومەتی عێراقی-دا بوون و کەم تا زۆر کۆمەکی سەربازیی و لۆجستییان لە عێراق وەردەگرت. به‌هه‌مانشێوه، پهکەکه، دوای دامه‌زراندی له 1978 هه‌ر زوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی بنه‌وبارگه‌ی تێک ناو ڕووی کرده سووریا. دواتریش دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌باتی چه‌کداریی له 1984 سووریای کرد به پشتیوانی سه‌ره‌کیی خۆی و ده‌شتی بیقاع-یشی له لوبنان کرد به مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و سازدانی گه‌ریلاکانی بۆ شه‌ڕ له کوردستان. بەگشتیی، پێداویستییەکانی خەباتی چەکداریی (چەک، فیشەک، ئازوقە، پارە، هتد) پاڵنەریی سەرەکی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان و داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون.
لێره‌دا حەزدەکەم پێش ئەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکە لەسەر دوو شت هەڵوەستە بکەم. یەکەم، من ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە، گەریلا یان شەڕڤان بوون. هاوکات، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم، بەوانەش لە خەباتی چەکداریی گیانیان فیدا کردووە. ئەو ڕەخنانەی من لەسەر شێوازێکی خەباتە بە هیچ شێوەیەک نابێت وەک بێڕێزیی بە ماندووبوون و خوێنی ڕژاوی بەشدارانی خەباتی چەکداریی ببینرێت. دووەم، ده‌مه‌وێت خوێنه‌ر ئاگاداربکه‌مه که مه‌به‌ست له پشتبه‌ستن نۆکه‌رایه‌تی کردن نییه، له‌م بابه‌ته که باس له پشتبه‌ستن ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان تاوانبارکردنی نه سه‌رکردایه‌تی و نه بنکردایه‌تی ئه‌م لایه‌نانه نییه بەڵکوو ڕەخنەکردنی خەباتی چەکدارییە کە حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستانی هێناوەتەگۆڕێ.
بەبنەما لەسەر دیالەکتیکی هۆ و ئه‌نجام دەکرێت شرۆڤەی پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی و پشتبەستن بە داگیرکەران بکەین. به‌پێی ئه‌م دیاله‌کتیکه هه‌موو ئه‌نجامێک هۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هۆکه به‌هێز بێت ئه‌نجامه‌که حه‌تمی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ش بێهێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ی وه‌ک ڕووداوێک ده‌رده‌که‌وێت، بە زمانی بازاڕ پێی دەڵێن ڕێککەوت (سودفە). بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی باش ئاماده بکات بۆ تاقیکردنه‌یه‌ک ئه‌وه سه‌رکه‌وتنی شتێکی حه‌تمییه، ئه‌گه‌ریش که‌م یان هه‌ر خۆی ئاماده نه‌کات ئه‌وه سه‌رکه‌وتنی به سودفه‌یه. به بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپه ده‌توانین هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه هه‌یه شی بکه‌ینه‌وه.
که‌من ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌وه‌دا هه‌بێت که هۆی هه‌ره سه‌رەکی شکستهێنانی “شۆڕشی ئه‌یلول” لە باشوور بە سەرکردایەتی پارتی پشتبه‌ستنی بوو به ئێران، ئێرانێک کە لە باشترین دۆخ نەیارە و لە خراپترینیش دوژمن و داگیرکەر. گومان له‌وه‌شدا نییه که “شۆرشی نوێ”ی کوردستان له 1976-1988 بە ڕابەرایەتی یەکێتیی به‌هه‌مانشێوه پشتبه‌ستن بوو به ئێران، کە به‌هه‌مان ئاکامی گه‌یاند. ئاشکراشه که “ڕێککەوتنی ئەدەنە” لە نێوان سووریا و تورکیا، بە سەرپەرشتی ئێران و میسر، له 1998، بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی سووریا لە پەکەکە، کە ده‌رپەڕاندنی “عه‌بدوڵا ئۆجالان”ی سه‌رکرده‌ی شۆڕشی کوردانی باکوور بەدوای خۆیدا هێنا، هۆکاری هەرە سەرەکیی بێهێزبوونی بزووتنه‌وه‌که له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان-دا بوو، لانیکەم لاوازبوونی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە، کە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بەشێکی زۆری باکووری کوردستانی لەژێر دەسەڵاتدا بوو و چالاکییەکانی گەریلا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باکوور گرتبۆوە، کەچی لە بیست ساڵی ڕابردوودا تاک و تەرا نەبێت، گەریلا لە باکوور بوونی نەماوە. لە باشووریش گەریلا توانای هێرشیان لە دەست داوە، بەرگرییکردنی لێ دەرچێت، ئەویش لە چەند شاخێکی سەخت لە دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان، لەنێو تونێل و ئەشکەوتەکانی باشوور نەبێت. ئەمانە ڕاستیی تاڵن.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، کاریگه‌ریی ڕێککەوتنی ئەدەنە له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌کەی باکوور ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی باره‌گاکانی په‌که‌که له لوبنان و پشبه‌ستنی به سووریا بۆ دابینکردنی بارەگا بۆ مەشق و ڕاهێنان لە دۆڵی بیقاع و یارمەتی سەربازیی و لۆجستیکی. هه‌رئه‌ویش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که سووریا ده‌ستی باڵای هه‌بێت له دیاریکردنی ئاراسته و دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌که، لانیکەم تا ئەو کاتەی بارەگاکانی پەکەکە لە بیقاع بوون.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان بۆ پشت به داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌به‌ستن؟ به ده‌ربڕینێکی دیکه شۆڕشه‌کان چۆن ده‌توانن پشت به بێگانه نه‌به‌ستن؟ کورد چۆن ده‌توانێت به‌رانگژی تورکیا بێته‌وه و پشت به سووریا نه‌به‌ستێت؟ یان دژی دەوڵەتی عێراق یان ئێران خه‌بات بکات بێئه‌وه‌ی یارمه‌تی له ئێران یان عێراق وه‌رنەگرێت؟ ئایا ده‌کرێت شه‌ڕی پارتیزانی بکرێت و کۆمه‌ک له ده‌روجیران وه‌رنه‌گیرێت؟ ئایا شه‌ڕ بێ ئازووقه ده‌کرێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه ده‌بێت هۆکانی پشتبه‌ستن به دراوسێکان (داگیرکه‌ران) بدۆزینه‌وه، ئه‌وسا ڕێگه‌چاره‌ی خۆقوتارکردن له نه‌هامه‌تی پشتبه‌ستن به بێگانه ده‌ستنیشان بکه‌ین.
ده‌ست پێ کردن و درێژه‌دان به خه‌باتی چه‌کداریی لەلایەن بزووتنه‌وەکانی کوردستان، پێویستیی پشبه‌ستن به ده‌روجیران دێنێته گۆڕێ. بۆ؟ چونکه، بۆ خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌کان (کادیر و پێشمەرگەکانیان، گەریلاکانیان) پێویستییان به چه‌ک و گولە و تفاقی جه‌نگی و زه‌خیره بۆ چەکدارەکانیان دەبێت، هاوکات پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی بریندارەکانیان، هتد. ئه‌مانه‌ش وا له بزووتنه‌وه‌کان ده‌که‌ن په‌نا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببه‌ن بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی و پشتیوانی. بە واتایەکی دیکە، خه‌باتی چه‌کداریی میکانیزمی پشتبه‌ستن به دراوسێکان دێنێتەگۆڕێ. هاوکات، له‌به‌ر شوێن و واقیعی جوگرافی کوردستان کە “وڵاتێکی دەورەدراو” (landlocked)، واتە وڵاتێکی بێ کەنارە و لە هەموو لایەکەوە بە وشکانی دەوردراوە، ئەوا زۆرجار، ئەگەر نەڵێین هه‌میشه، ئه‌و لایه‌نەی کە بزووتنەوەکانی کوردستان داوای یارمەتی لێدەکەن، یەکێک لە چوار داگیرکه‌رەکەی کوردستان-ە. هه‌ڵکه‌وتی کوردستان وای کردووه، ئه‌گه‌ر دۆستێکی کورد به‌نیازپاکی، یان بۆ بەرژەوەندی خۆی، بیه‌وێت یارمه‌تی ڕاپەڕینەکانی کوردستان بدات، ئه‌وا به‌ناچاریی بۆ گه‌یاندنی کۆمه‌ک و چەک و تەقەمەنی ده‌بێ له ڕێگه‌ی دراوسێیه‌کی، داگیرکەرێکی، کوردستان بیان گه‌یه‌نێت. مێژووش پێمان ده‌ڵێت که دراوسێکانی کوردستان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانیان یارمه‌تی کوردیان داوه و ده‌ده‌ن، یان یارەمەتی لایەنی دیکە دەگەیەنن.
دیاره ئه‌مه ته‌نیا له‌سه‌ر دراوسێ نه‌یاره‌کانی کوردستان جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه نیمچه سه‌ربه‌خۆیه‌ی کوردستانیش لە باشوور یان هه‌ر دەوڵەتێکی سەربەخۆ له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان لە دواڕۆژ دابمەزرێت، جێبه‌جێ ده‌بێت. چونکه هه‌رێمه‌که/وڵاتەکە، بۆ نموونە: هه‌رێمی کوردستان، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه کاتییه‌کانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کان له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات، وەک ئەوەی ئێستا بە زەقی دەبینرێت لە مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور. بۆیه، ئه‌و فشاره‌ی که ئێستا هه‌رێم جارجار ده‌یخاته سه‌ر بزووتنه‌وه چەکدارییەکانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکوور شتێکی چاوه‌ڕوان کراوه.
لەوەشدا دەردەکەوێت کە خه‌باتی چه‌کداریی و پشتبه‌ستن به لایه‌نێکی دیکه په‌یوه‌ندییه‌کی دیاله‌کتیکیانه‌یان هه‌یه. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، هه‌رکاتێک بزووتنەوەیەک پشت به لایه‌نێکی دەرەکی ببەستێت، ئه‌وا له‌لایه‌ک ده‌بێته مایه‌ی له‌ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که، له‌لایه‌کی دیکه‌ش، بزووتنه‌وه‌که ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی ئایدیۆلۆجی و فکری لایه‌نه پشتپێبه‌ستراوه‌که. بۆ نموونە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پەکەکه تاڕاده‌یه‌ک له نه‌وه‌ته‌کان سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستبوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باره‌گای سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له سووریا و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی لە لوبنان بوون، ئەوا ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌خزایه ژێر کاریگەریی ئه‌و ده‌وڵەتە، وەک تێوەگلانی پەکەکە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ ڕازیکردنی پشتیوانەکەی، سووریا. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی که تا ده‌هات بزووتنه‌وه‌که پێداویستیی جه‌نگ و تفاق و شوێنی مه‌شقکردنی زیاتر ده‌بوو. بەهەمان شێوە، بوونی پهکەکه له سووریا، که هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستبردنی بۆ چه‌ک و پەیڕەوکردنی خەباتی چەکداریی، یه‌کێک له‌و هۆکارانە بوو که له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ئیسرائیل وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌ماشا بکرێت، چونکه هەم سووریا، وڵاته پشتپێبه‌ستراوه‌که، ده‌یان ساڵه وه‌ک وڵاتێکی پاڵپشتیکەر له تیرۆر ناسراوه، هەم خەباتی چەکداریی شێوازێکی ڕەتکراوەیە بۆ خەبات لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا (لە بەشەکانی داهاتوودا قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت). لەلایەکی دیکەوە، توندڕه‌ویی سووریا کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وتی فکریی و پراکتیزیی په+که+که دانابوو. سووریا به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه سه‌ر تورکیا و پارسه‌نگکردنی ته‌رازووی هێز له کێشه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ تورکیا په-که-که‌ی به‌کارده‌هێنا. له‌هه‌مانکاتدا شه‌ڕی مه‌عنه‌وی و ئایدۆلۆجی ئه‌مریکا و ئیسرائیلی-شی پێ ده‌کرد، گوایه به‌ره‌ی دژی ئیمپریالیزمیان پێکهێناوە، گوتارێک کە ئێستاش، دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە دەرچوون لە سووریا، کەچی پە!کە!کە نەیتوانیوە لێی ڕزگار بێت. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دەربازنەبوون لە گوتاری دژە-ئیمپریالیزم، نزیکیی ئەو ڕێکخراوە بێت لە ئێران لەم ساڵانەی دوایی، کە خۆی بە ڕابەری بەرەی دژی-ئیمپریالیزم دەزانێت، ئەوەی ئێران ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە له 1946 دامەزرا، تا سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر خه‌ریکی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و جه‌ماوه‌ری بوو. په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هیچ ده‌روجیرانێکی کوردستان نه‌بوو، که‌چی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه چه‌کدارییه‌که‌ی 1961 هه‌رزوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی کۆمه‌ک وه‌رگرتن ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران تێکه‌ڵ کرد. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ڕێگای چه‌ند که‌سێکه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل-یش په‌یوه‌ندی به‌سترا. گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆ له سه‌ره‌تای دامه‌زراندی پارتی تا ١٩٦١ له سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌که و ڕه‌وته فکرییه‌کانی پارتی ڕوویان نه‌دابوو، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەدی بۆچی دوای ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌که ده‌ستی بۆ دراوسێکانی درێژ کرد. ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداریی و پێداویستییەکانی شەڕ نه‌بووبێت ئه‌دی ده‌بێ چی بێت؟ واتە، خەباتی چەکداریی زەرورەتی پشتبەست بە بێگانەی هێناگۆڕێ. لەهەمان کاتدا، به‌نزیکبوونه‌وه له ئێران و ئیسرائیل پارتی هەم جڵەوی بزووتنەوەکەی لە دەستدا، هەم بوو بە بەشێک لە گەمە ئیقلیمییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەم لە ڕه‌وته شۆڕشگێڕییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می ناوچه‌که دوورکه‌وته‌وه، له‌وانه حیزبی شیوعی عێراقیش. ئێمە لێرە باس لە باشی یان خراپی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوە لە حیزبی شیوعی و بلۆکی ڕۆژهەڵات ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە پشتبەستن بە بێگانە حەتمییەتی گۆڕین لە ئاراستەی فکریی بزووتنەوەکەش دێنێتەگۆڕێ. پارتی تا سەرەتای شەستەکانی ڕابردوو وەک هێزێکی چەپ خۆی دەناساند و لە حیزب و لایەنە چەپەکانی ناوچەکە نزیک بوو، بەڵام کاتێک بزووتنه‌وەکە لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل پەیوەندی گرێدا، ئێدی پارتی پشتی له چەپ و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات کرد و ڕووی لە ئێران و ئەمریکا کرد، وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی موحافیزکار خۆی نمایش دەکرد.
بەپێچەوانەوە، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ی باکوور بنه‌وبارگه‌ی له سووریا دانابوو ئه‌ویش دژ به ڕۆژئاوا و به شنه‌ی ڕۆژهه‌ڵات سه‌مای ده‌کرد، بزووتنه‌وه کوردییه‌که‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز دەیخوێند و ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی له شاخه‌کانی کوردستان هه‌ڵکردبوو. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، وەک ئاماژەی پێ کرا، له لوبنان له‌پاڵ فه‌له‌ستینیه‌کان شه‌ڕی ئیسرائیلی ده‌کرد.
ئه‌مانه هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که خەباتی چەکداریی بێجگە لەوەی پێویستیی پشتبەستن بە وڵاتێکی دراوسێ، لە دۆخی کوردستان، داگیرکەرێک، دێنێتەپێش، ئەوا بزووتنه‌وە چه‌کدارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییه‌کانیان ده‌که‌ونە ژێر کاریگه‌ریی فکریی و ئایدیۆلۆجیی ئه‌و لایه‌نەش کە پشتی پێ ده‌به‌ستن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی نه‌ک هه‌ر له ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که به‌ڵکو ئاراسته فکرییه‌کانیشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ڕۆژ نابن چونکه به ناچاری ده‌که‌ونه ژێر ڕه‌حمه‌تی خه‌ته ئایدیۆلۆجییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نه پشتپێبه‌ستراوه‌که. یه‌کێک له به‌ره‌نجامه‌کانی پشتبەستن بە بێگانە، کە زادەی پەیڕەوکردنی خەباتی چەکدارییە، لەگەڵ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وەکە، دەوڵەتە پشتپێبەستراوەکە دەخاتە پێگەیەکی بەهێز لە کاریگەریی دروست کردن لەسەر بزووتنەوەکە. بۆیه هه‌ر کاتێک به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتە پشتپێبەستراوەکە بخوازێت فوویه‌ک له “مه‌شخه‌ڵی” شۆڕشه‌کان/ڕاپەڕینەکان ده‌که‌ن.
ئه‌وه به‌و مانایه نییه که خه‌باتی چه‌کداریی تاکه هۆکاری سه‌رنه‌کەوتن یان سه‌رانگۆبوونی بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کانه، به‌ڵکو یه‌کێکه له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان. بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن و له‌ده‌ستنه‌دانی ڕكێفی بزووتنه‌وه‌کانی کوردستان به وه‌لانانی خه‌باتی چه‌کداریی وه‌ک شێوازێکی خه‌بات ده‌ست پێ ده‌کات.
لە بەشەکانی داهاتوودا، گفتوگۆی خاڵە نەرێنی و نه‌هامه‌تییه‌کانی دیکەی خه‌باتی چه‌کداریی دەکەین، لەوانە: ناشیرینبوون و باونەمانی خەباتی چەکداری وەک شێوازێکی خەبات؛ شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ تا کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی کوردستان لەگەڵ خەڵک و جەماوەر.
ماویەتی