
پێش هەموو شت، مەبەست لەم پێشنیار و ویست و لێدوانانەی ئیسرائیل تەنیا بەرژەوەندی خۆیەتی. بەڵام سەرەتا پێویستە بزانین ئەگەر ئەم پێشنیارەی ئیسرائیل لە واقعدا جێبەجێ بکرێت لێکەوتەکانی چی دەبن؟
گریمان سووریا دابەش دەکرێتە سەر چەند ناوچەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ، تیایدا کورد و دروز و عەرەبی سووننە و عەلەوی هەر یەک ناوچەیەکی خۆی دەبێت. لە سیناریۆیەکی وادا هەر یەک لەو گروپانە بە ئازادییەکی زیاترەوە بڕیار لە حوکم و چارەنووسی خۆیان دەدەن. شەڕ و ململانێ و ناکۆکی ناوخۆ کەمتر دەبێتەوە. چونکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکی سووریا و زۆر وڵاتی تری ناوچەکە، ئەو تێکەڵییە نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینییەیە کە کەسیان ئەوی تر قبوڵ ناکەن. یان دەبێت لایەنێک خۆی بسەپێنێت و ئەوانی تر سەرکوت بکات، یاخود هەمووان شەڕی هەمووان دەکەن. چونکە بە دیموکراسیبوونی ئەم وڵات و کۆمەڵگانە لەم کاتەدا مەحاڵە. چارەسەری وڵاتانی وەک سووریا و عیراق و ئێران و تورکیا… یان بوونە بە سوویسرا و بەلجیکا، یاخود دابەشبوون. ئەگەرنا، ململانێی بەردەوام، شەڕی ناوخۆ، پشت بەستنی هەر یەک لەو گروپانە بە هێزی دەرەکی بۆ پاراستنی خۆی.
بژاردەی بوون بە سویسرا و بەلجیکا مەحاڵە، دەرکەوت زاڵبوونی لایەنێک و سەرکوتکردنی لایەنەکانی تر، سەرکەوتوو نەبوو، بووە مایەیی شەڕی ناوخۆ و کووشتارێکی بێ سنوور و درووستبوونی دەوڵەتی شکستخواردوو و بێ سەرەوەری. کاتی ئەوە هاتووە بیر لەوە بکرێتەوە کە هەر یەک لەو نەتەوە و گروپانە خۆیان بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و سەربەخۆ بن. پێویستە چارەسەرێکی تر تاقی بکرێتەوە، نەک دووبارەکردنەوەی هەمان شکست و کووشتارەکانی ڕابوردوو. پڕۆژەکەی ئیسرائیل لە واقعدا ئەوپەڕی دادپەروەری و مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازانەیە. بۆ نموونە، ئیسرائیل پێیوایە تەنانەت عەلەوییەکان، کە دەیان ساڵە لە میحوەری مقاوەمە و دژە ئیسرائیلن، مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ئازادانە بژین. تەنانەت ماف بە عەرەبە سوونییەکان دەدات دەوڵەتێکی ئیسلامی درووست بکەن ئەگەر خوازیارن. گریمان زۆرینەی عەرەبی سووننە لە سووریا دەیانەوێت دەوڵەتێکی ئیسلامی درووست بکەن، ئەم ویستە لە لایەن عەلەوی و دروز و کوردەوە ڕەت دەکرێتەوە. کەواتە پڕۆژەکەی ئیسرائیل، مافی چارەیخۆنووسین دەداتە ئیسلامییەکان و ئەوانی تریش.
پڕۆژەکەی ئیسرائیل سنوورێک بۆ ئەو کوشتارە ناوخۆییەیی مسوڵمانان دادەنێت. دەرکەوتووە سوننە و شیعە ناتوانن بە یەکەوە بژێن، یان دەبێت یەکێکیان دەسەڵاتی هەبێت ئەوی تر بچەوسێنێتەوە، یاخود هەردووکیان شەڕی یەکتر دەکەن. ئەمە لە عیراق و ئێران و سووریا و یەمەن دەیان ساڵە بێ وەستان دەسەلمێنرێت. لە سووریا زیاد لە ٥٠ ساڵ سووننە گلەیی هەبوو کە عەلەوییەکان دەیانچەوسێننەوە، ئیستاش عەلەوییەکان گلەیی دەکەن کە سوننە زوڵمیان لێ دەکەن. ئەم دوو گروپە ناتوانن و ئامادە نین بە یەکەوە بژێن. زیاد لە سەد ساڵە ڕۆژانە دەسەلمێنرێت کورد نابێت و ناکرێت و هەڵەیە لەژێر دەسەڵاتی عەرەب و فارس و تورک بژێت. ئەمە جگە لەوەی بۆ کورد کارەساتە و بووەتە مایەیی جینۆساید و چەوساندنەوەیەکی بەردەوام، بووەتە سەرئێشە و کێشەیەکی بەردەوامی تورک و فارس و عەرەب. کورد هەمیشە شکست و کێشەکانی دەخاتە ئەستۆی ئەو چوار دەوڵەتە، ئەو چوار دەوڵەتەش هەمیشە کورد تۆمەتبار دەکەن بە سەرچاوەی کێشەی ناوخۆ و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ هیزی دەرەکی. ئەم هاوکێشە سەخیفە زیاد لە سەد ساڵە بەردەوامە، پڕۆژەکەی ئیسرائیل چارەسەرێکی ڕیشەییە بۆ ئەوە.
ئەوانەی دژی ئەو پڕۆژەیەن چەند پاساوێکیان هەیە: گوایە ئیسرائیل دەیەوێت دەوڵەتانی ناوچەکە پەرت و لاواز بکات بۆ ئەوەی خۆی بەهێز و زاڵ بێت! بۆ ئێستا بەهێز و زاڵ نییە؟ دەوڵەتانی ناوچەکە بەرانبەر بە ئیسرائیل لەوە زەلیلتر دەبن؟ هەر ٥٦ دەوڵەتە ئیسلامییەکە بە حکومەت و خەڵکەوە بەسەر پێڵاوەکانی نەتانیاهۆ کەوتوون. یانی سووریا تەل ئەڤیڤی گەمارۆ داوە و ئێستا ئیسرائیل دەیەوێت دابەشی بکات؟ هەمان شت بۆ عیراق و ئێران و تورکیا ڕاستە. پاشان لەم جەنگەدا بە تەواوی کۆتایی بە وەهم و یستی سڕینەوەی ئیسرائیل هێنرا، ئەوەی بانگەشەی شەڕی ئیسرائیلی دەکرد، کووژرا و ناوچەکەی کاولکرا. هەر وەک چۆن شەڕی ناسیونالیزمی عەرەبی دژ بە ئیسرائیل گەورەترین شکستی هێنا و کۆتایی پێهات. بە هەمان شێوە شەڕی ئیسلامی سیاسی (بە هەردوو ڤێرژنی تیرۆری سووننی و تیرۆری شیعی) و ئێران دژ بە ئیسرائیل گەورەترین شکستی هێنا و بۆ ئەبەد خرایە ژێر پۆستاڵی سەربازەکانی ئیسرائیل. قۆناغی داهاتوو سەردەمی ئاشتی و کۆتایهاتنی جەنگی ئیسرائیل دەبێت، چونکە ئیتر حکومەت و کۆمەڵگەکان توانای ئەو خۆکووژییەیان نییە بەرانبەر بە ئیسرائیل. لە ماوەی ١٥ مانگدا ئیسرائیل زیانی سەدان ملیار دۆلاری لە فەڵەستین و سووریا و لوبنان و ئێران و یەمەن داوە، زیاد لە ٧٠ هەزار کەسی لەناوچەکە کووشتووە، سەروو ١٥٠ هەزاری بریندار و کەم ئەندام کردووە. زۆربەی هەرە زۆری سەرکردە و ڕابەرەکانی بەرەی دژە ئیسرائیلی کووشتووە. بە سەدان هەزار خانوو و شەقام و بەندەر و ژێرخانی وێران کردووە. ٥ سەربازگەی لە لوبنان، و ٩ لە سووریا، زیاد لە ١٠ سەربازگەی لە غەززە درووستکردووە. دانوستانی دژە ئیسرائیلییەکان لە ئایندەدا تەنیا بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە دەبێت، نەک شەڕ و خۆکووژی تر. جارێ جەنگەکەش تەواو نەبووە، زیانەکان زیاتر دەبن. بێ گومان ئیسرائیل وەک هەمیشە یەک بست خاکی لە دەستنەداوە!
یاخود دەوترێت هەر گروپ و نەتەوەیەک سەربەخۆ بن، کەواتە دەیان دەوڵەت درووست دەبێت… ئەمە بۆچی کێشەیە؟ گۆی زەوی بەشی ئەو دەوڵەتانە ناکات؟ پێش جەنگی یەکەمی جیهانی ٥٠-٦٠ دەوڵەت هەبوون، ئێستا زیاد لە ١٩٣ دەوڵەت هەیە. بۆچی نابێت ئەو ١٩٣ دەوڵەتە ببنە ٢٠٠ یان ٢٢٠ دەوڵەت؟ بۆچی لە ماوەی سەد ساڵ زیاد لە ١٢٠ دەوڵەت زیادی کرد، ئێستا نابێت ١٠ دەوڵەتی تر زیاد بکات؟
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو گەشە و سەقامگیری و پێشکەوتنە ڕێژەیەیی لە دەوڵەتانی کەنداو هەیە، وەک ئیماڕات و قەتەر، ئەوەیە ئەو دابەشبوونە نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیەیان نییە، یان زۆر کەمترە. دابەشکردنی سووریا بۆ چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەکرێت چەندین ئیمارات و قەتەری تر لەو ناوچەیە درووست بکات. بۆ نموونە مافی سوننەکانی سووریایە ئەگەر دەیانەوێت دەوڵەتێکی ئیسلامی درووست بکەن، بەڵام مافی ئەوەیان نییە ئەو دەوڵەتە بسەپێنن بەسەر عەلەوی و کورد و دروز و مەسیحی. ئەم نەتەوانەش مافی ئەوەیان نییە عەرەبی سوننە ناچار بکەن دەوڵەتێک درووست بکەن کە خۆیان نایانەوێت. کەواتە چارەسەر ئەوەیە هەر گروپێک بەرپرس بێت لە ژیان و سیستەمی سیاسی و چارەنووسی خۆی، کەس ڕێگری لەوی تر نەکات، کەس فکر و دین و خواستی خۆی نەسەپێنێت بەسەر ئەوانی تر. ئەمە بە پڕۆژەکەی ئیسرائیل دێتە دی.
بە داخەوە، زۆرینە، ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت خودی نەتەوەکانی ناوچەکەش تا ئێستا یان دژی ئەم پڕۆژەیەن یاخود بانگەشە و پشتگیری لێ ناکەن. پڕۆژەکەی ئیسرائیل ئەگەر جێبەجێ بکرێت، دەیان جار لە یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری ناوخۆی وڵاتەکان دادپەروەرتر و مرۆڤدۆستانەتر و ئاشتیخوازانەترە. بە تایبەت کە هیچ کام لەو گروپانە جوو نین و ئیسرائیل نایەوێت هیج ناوچەیەک لەوانە داگیر بکات. گەورەترین خزمەت بە کۆی نەتەوە و گروپەکانی ناوچەکە دەکات. بە تایبەت ئەگەر لە سووریاوە دەست پێبکات و بگاتە عیراق و ئێران و تورکیا و وڵاتەکانی تری ناوچەکە کە دەیان ساڵە گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ و ستەمکارین بە هۆی ئەو تێکەڵبوونە سەپێنراوە.