
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی گشتگیردا، دەزگای زانیاری گشتی بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ، توانیویانە “وەسیم ئەسەد” دەستگیر بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەسیم بە “تاوانبار” و “بازرگانی ناسراوی ماددە هۆشبەرەکان” و بە “تێوەگلان لە چەندین تاوانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو” ناوبردراوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاشکرای کرد، دەستگیرکردنی وەسیم ئەسەد لە بۆسەیەکی پلان بۆداڕێژراو بووە و پێوەست بە دەستگیرکردنی ناوبراویش دەڵێ: “ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەهێزی ئێمەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان و گەیشتن بە دادپەروەری”.
وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد و بەدرێژایی شەڕی سووریا وەک یەکێک لە گەورە شەبیحەکانی ڕژێم ناودەبردرا و زۆرجار بە شەبیحەکەی بەشار ئەسەد ناسێندراوە.
لەماوەی شەڕی سووریا، “شەبیحە” بەو تاوانبارانەی سەربە ڕژێم دەگوترا کە دەستیان لە هیچ تاوانێک لە بەرانبەر کەسانی سەربە ئۆپۆزسیۆن و دژە ڕژێم نەدەپاراست.
پێش ڕووخانی ڕژێمی سووریا، وەسیم ئەسەد لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، کاردەکات بۆ ئامادەکردنی گرووپی پشتیوانی و پاراستن بۆ پارێزگای لازقیە و گوندەکانی دەوروبەری، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی یەدەگ بۆ هێزەکانی ڕژێم کە لە بەرەکانی پێشەوەن، خزمەت بکەن و ئەندامانی گرووپەکەیش مانگانە سێ ملیۆن لیرەی سوورییان پێدەدرێت.
هاوکات وەسیم ئەسەد بە گەورە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دادەندرێت و چەندین جار لەوڕووەوە تۆمەتبارکراوە. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان کە لەلایەن میدیای ڕەخنەگەر و ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە ئاڕاستە دەکران، پەردەیان لەسەر هەندێک زانیاری تایبەت هەڵداوەتەوە، بەوەی وەسیم ئەسەد لەگەڵ بازرگانە لوبنانییەکانی ماددەی هۆشبەر لەناویاندا نوح زەیتەر، ڕوویان لە دیمەشق و لازقیە کردووە، بۆ قۆستنەوەی دەروازەکانی قاچاخی نایاسایی و هەروەها باسیان لەوە کردبوو کە گرووپەکەی نوح زەیتەر لە گوندەکانی لازقیە بنکەکەیان هەبووە و بە هاوکاری لەگەڵ ڕژێمی سوریا بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگۆن بەتایبەت دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
وەسیم ئەسەد و نوح زەیتەر بەهۆی ڕۆڵیان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پشتیوانیکردن لە ڕژێمی سووریا، خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا.



