هه‌واڵ

حکوومەتی عێراق: هەرێم زیاتر لە سێ ئەوەندەی پشکی خۆی لە ئەستۆ کەوتووە

زێدپرێس

 

باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەریم پابەندی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان نەبووە وەک ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو پارانەی لە ئەستۆی هەرێمن، زیاتر لە سێ ئەوەندەی پشکی هەرێمە.

 

ئەمڕۆ هەینی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(تویتەر) ڕایگەیاند، “حکوومەتی فیدراڵ تەواوی ئەرک و پابەندییە داراییەکانی بەرانبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، و هەوڵێكی زۆری داوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر”.

زیاتر دەڵێ “تاوەکوو کۆتایی مانگی حوزەیران، ئەو بڕە پارەیەی لە ئەستۆی هەرێمدایە زیاترە لە سێ بەرانبەر لە پشکی هەرێم لە بودجە، بەپێی خەرجی ڕاستەقینەی دەوڵەت، لەو کاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی بە گوێرەی یاسایی بودجەی فیدراڵ ڕادەست نەکردووە”.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، “سەرەڕای جێبەجێ نەکردنی ئەرک و پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵ بڕیاریدا کە هاووڵاتیانی عێراقی لە هەرێم ئۆباڵی ئەم پابەندنەبوونە نەکەوێتە ئەستۆیان”.

لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ، “کارمان کرد بەو شێوەیەی یاسا ڕێگە دەدات، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە قەرز بداتە هەرێم تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکانی یەکلا دەکاتەوە”.

باسم عەوادی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە “حکوومەتی فیدراڵ پەرۆشە بۆ مافەکانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان، بەهەمان شێوازی پەرۆشیبوونی بۆ مافەکانی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی تر، پابەندبوون بە یاسایە فیدراڵییەکان و ڕێککەوتننامەکان لە سایەی دەستوور کورتترین ڕێگایە بۆ هەناردەکردنی دارایی و زیادبوونی متمانە”.

ئەو گوتانەی باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ پێنجشەم ٧ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، “نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدڕاڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت، متمانە کەم دەکاتەوە و پێشلکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکانیشە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوکات خشتەیەکی تایبەت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لە مانگی تەمووزەوە تا ئێستا، بۆ هەر مانگێک دەبێت حکوومەتی عێراق بڕی یەک ترلیۆن و ٣٧٥ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە.

هەفتەی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین قەرز بە هەرێمی کوردستان دەدەن بەمەبەستی دابینکردنی مووچە، ئەو قەرزەش لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان حیساب دەکرێت تا پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانی بودجە و پاکتاوکردنی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...