سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بۆچی پڕۆسەی چەکدانان؟

لە پازدە ساڵی ڕابردوودا، لەچەندین نوسین و گفتوگۆدا باس لە بێجەدوایی چەک کراوە. بۆخۆشم پێم وابوو قۆناغی چەک کۆتایی هاتووە. هۆکارەکانی ئەو قەناعەتە، زۆر ڕەهەندی هەن. لێرەدا بەشێک لەو ڕەهەندانە لەچەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە.

 

یەکەمییان و گرنگترینیان تەکنیکی و تەکنۆلۆژییە. لەڕووی تەکنۆلۆژیاوە، شەڕی دڕۆن و فرۆکەی بێفڕۆکەوان بە کەلاشینکۆف و بی کەی سی ناکرێت، دەوڵەت وەکو ئەندامی بەهێزترین هاوپەیمانیی سەربازی کە “ناتۆ”یە، توانیویەتی ببێتە هێزێکی زاڵ لە هەموو ناوچەکە. وێڕای ئەو شەرعییەتەی لەڕێی ئەو پێگەیەی کە هەیەتی، زاڵ بووە بەسەر شەرعییەتی ئازادیی و ڕزگاری تەڤگەری باکوور.

 

دووەم، وەکو دەرەنجامێکیش بۆ خاڵی یەکەم، ڕووبەری شەڕ چیتر ناوخۆی تورکیا نەبوو، کە بتواندرێت زیانێکی ڕاستەوخۆ بە دەوڵەت بگەیەنن، بتوانن ئازاری دەوڵەت بدەن. هەمووشمان دەمانبینی چۆن چالاکوانان و شەڕڤانان لەلایەن درۆنەکانەوە بە سەدان کیلۆمەتر دوور لە سنوورە دەستکردەکانی تورکیا بەئامانج دەگیران و لێدەدران. بۆیە، تورکیا توانیبووی گۆڕەپانی شەڕ لەسنوورەکانی خۆی دووربخاتەوە. پرسیاریش ئەوەیە شەڕ بۆچییە کە نەتواندرێت ئازاری داگیرکەر بدەیت و ناچاری بکەیت بۆ ئاشتی یان داننان بە مافەکان؟

 

سێیەم، لەپاڵ ئەوەش کە شەر لە سنوورەکانی تورکیا دوورکەوتۆتەوە، ئەو چەکە هەمیشە پاساوێک بوو بۆ وێرانکردنی زیاتری کوردستان و داگیرکاری و فراوانخوازی. جوانترین و دڵڕفێنترین دەڤەری باشوور بۆتە تەراتێنی سوپای تورک بە پاساوی ڕاوەدوونانی شەڕڤانان. بەدەیان هەزار هاوڵاتیی کورد لەموڵک و ماڵی خۆیان بێبەش کراون. بۆیە، باشووریش بەو دۆخە نائارام بوو و پڕووشکی شەڕ هاتبووە ناو ماڵەکانی باشوور و بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی باشوور بوونەتە قوربانی دڕەندەیی سوپای دەوڵەتی تورک.

 

چوارەم، لەهەمووش خراپتر، ناوی پارتی کرێکاران، کە دەکرێت بڵێین بەشێوەیەکی ڕێژەیی زادەی شەڕی ساردی سەدەی ڕابردووە، ئێستا ململانێکە گۆڕاوە. چیدیکە لەناو ڕەوشی شەڕی سارددا ناژین و فرەجەمسەری و هەژموونی رۆژئاوا زۆر زاڵ و زەقن. هێزێک لەنێو تۆنێڵەکان چۆن بتوانێت گۆرانکاری لەوەها دۆخێکدا دروست بکات؟

 

پێنجەم، لەوخاڵانەی سەرەوەش مەترسیدارتر، ئەو هێزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەکو هێزێکی تیرۆریست تۆمار کراوە. هیچ هێزێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەوهێزەدا بکات. هەموومان دەزانین سەرەتا چەند قوڕس بوو بۆ ئەمریکییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژئاڤای کوردستان، چونکە تۆمەتبار دەکران بە وابەستەبوون بەو هێزە. ئەو لەکەیە، هەمیشە بەڵگەیەکی قوڕس بوو دژ بەو تەڤگەرە بەکار دەهێندرا. بۆیە، دەوڵەت ئەو پاساوەی زۆر خراپ بەکاردەهێنا. ئەندامانی پارتی کرێکاران لە رۆژئاواش ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئاستەنگ دەبوونەوە بەهۆی ئەو تۆمەتەی کە لەسەریان جێگیر کراوە.

 

شەشەم، بەشێکیش لەو تۆمەتەی “تیرۆر”، پەیوەندی بە ئایدیۆلۆجیای پارتی کرێکارانەوە هەیە. هەموومان دەزانین ڕۆژئاوا خۆشی لەو ئایدیۆلۆجیا و بیرکردنەوە نایەت. لەسەر ئاستی هەرێمیش ئەو ئایدیۆلۆجیایە قبوڵکراو نیە. تەنانەت ئەمڕۆش کە گۆڕانکاری بەسەر ئایدیۆلۆجیاکەیاندا هاتووە، لەزیهنییەتی هەموواندا پارتی کرێکاران هەر هێزێکی کۆمۆنیستی و زادەی شەری ساردە. بۆیە دەبوایە لەو بازنە داخراوەدا دەرچەیەک هەبێت بۆ خۆقوتارکردن.

 

دواخاڵ، کە زۆر جاریش لەسەریم نوسیوە، بڕیاری سیاسی و بڕیاری شەڕ، بەدەست هێزی سیاسیی باکوورەوە نەبوو، بەڵکو بەدەست باڵی سەربازییەوە بوو. لەو ڕووەوە زۆر بەراوردم کردووە بە هێزی سوپای کۆماری ئێرلەندا، کە بڕیاری هێزی سەربازی بەدەست باڵی سیاسییەوە بوو. ئەمەش وایکردبوو بزووتنەوەی سیاسیی باکوور نەتوانێت وەکو پێویست ببێتە لایەن لە هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک، نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەمیشە بە تۆمەتی وابەستەبوون بە باڵی سەربازی خزێندراونەتە زیندانەوە.

 

لەسەر بنەمای ئەو حەوت خاڵە، پارتی کرێکاران و تەواوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکوور، لەناو بازنەیەکی داخراودا دەخولانەوە. دەبوایە دەرچەیەک بۆ جۆرێک لە چارەسەری و دەرچوون لەو بازنە داخراوەدا هەبێت. کوردی باکوور دەتوانن باشتر خۆیان ڕێکبخەن و هەموو تواناکانییان لە هەڵمەتی سیاسیدا مۆبیلیزە بکەن. کە باڵی سەربازی نامێنێت و چەکەکان بێدەنگ دەبن، هیچ پاساوێک بۆ دەوڵەتی تورک نامێنێتەوە بۆ تۆمەتبارکردنی کاری سیاسی و وابەستەکردنییان بە هێزێک بەو هەموو وەسفانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە.

 

بۆیە، پێم وایە ئەو قۆناغە ئەگەر بەدروستی بچێتە پێشەوە، لەبەرژەوەندی بزووتنەوەی سیاسی باکوورە، کە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی چالاکە و دەکرێت هەڵکێشانی هەناسەیەکیش بێت لەو دۆخە سەربازییەی کە بەسەر باکووری کوردستاندا سەپێندراوە.

 

لەکۆتاییدا پێویستە گەشبین بین. خواستی نەتەوەکان کپ دەکرێت بەڵام دانامرکێت.

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button