سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

گرتنی سەرۆکی ڤەنزوێلا یانی چی؟

نیکۆلاس مادۆرۆ بە دوو کاتژمێر و نیو گیرا. ئەم هێرش و دەستگیرکردنە کاریگەری زۆرە لە سەر دۆخی دونیا و پێگەی ئەمریکا. ئەمریکا، وەک لە ستراتیژی ئیدارەی ترەمپدا باسکراوە فۆکەسی خۆی دەخاتە سەر بەشی ڕۆژئاوای گۆی زەوی، یان وێسترن هامسفێر، ئەمەش یانی هەردوو ئەمریکا.

 

سەرەتا بە کەناڵی پەنەما دەستی پێکرد کاتێک کۆمپانیا چینییەکانیان لەوێ دەرپەڕاند. یان دەتوانین بڵێین لە ڕووی ڕەمزییەوە بە گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیکەوە دەستی پێکرد. یان هەندێک دەڵێن بە دانانی مارکۆ ڕۆبیو وەک کوبییەک دەستی پێکرد.

 

گرتنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە چەند ئاستێکدا گرنگە:

یەکەم، ئیدارەی ترەمپ پڕۆسەکە لە چوارچێوەی شەڕی نارکۆ-تیرۆریزمدا دەکات. پێکەوە گرێدانی قاچاخچیانی موخەدەرات لەگەڵ تیرۆریزمدا بەشێکە لە خیتابی ناوەوەی ئەمریکا لە لایەن ماگاوە. بەڵام ئەمە تەنها ڕووکەشە یان خیتابە بۆ لاواندنەوە جەماوەری ناوەوە.

 

دووەم، ڤەنزوێلا بەوە ناسراوە کە خاوەن بڕێکی زۆری نەوتە، ئەم نەوتە بەشی زۆری بۆ چین دەڕۆیشت. ئێستا و لەمەودوا، ئەگەر بۆ چینیش بەردەوام بێت، بەڵام لە سایەی بڕیاری ئەمریکادایە. ئەمە بەشێکە لە سنوردارکردنی یان لاوازکردنی ڕۆڵی چین لە ئەمریکای لاتین کە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە.

 

سێیەم، ئێستا ئەمریکا لە ڕێگای دۆلار و نەوتەوە، جارێکی تر دەتوانێت ڕێگریی لە هەموو جوڵە دارایی و وزەییەکانی دونیا بکات. بیرتانە کە بایدن ناچاربوو بێت بۆ سعوودییە هەتا لە محەمەد بن سەلمان بپاڕێتەوە نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە، چیدی ئەوە پێویست نییە. ئەمە یانی بێبایەخبوونی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ئەمریکا.

 

چوارەم، سیستەمی حوکمی یاسا و نیزامی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی کۆتایی هات. چین زۆر بەمە نیگەرانە. چونکە لە کۆتایی ئەم نیزامەدا بەکارهێنانی هێز دەبێتە بنەمای کاریگەری لە دونیادا، چین ناخوازێت هێز بەکاربهێنێت.

 

پێنج، سەرەتای نەگبەتی دەوڵەتە بچکۆلەکان و نیمچە مامناوەندەکان دەستی پێکرد. لەمەودوا دەوڵەتی بچوک بۆ ئەوەی سەروەری خۆی مسۆگەر بکات، دەبێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. چەند ساڵێک لەمەوپێش، لە جێگایەک بەرچاوم کەوت، لەم سەردەمەدا، ئەگەر دانیشتوانت لە دوو سەد ملیون کەمتر بێت ناتوانی سەروەری خۆی بپارێزیت. بۆیە ئەگەر بچوک بیت سێ بژاردەت هەیە: یەک پشتبەستن بە زلەیەک، دوو، بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، سێ، زەلیلی.

 

 

شەش، دەڵێن هێرشەکەی ڤەنزوێلا دیدی ڕیالیستەکانی سەلماند. بەڵام مێرشمایەر وەک دیارترین ڕیالیست دەربارەی ڤەنزوێلا هەڵە بوو، چونکە گۆڕینی ڕژێمی لە ڤەنزوێلا وەها دەبینی کە هاوشێوەی عێراق و ئەفغانستان بێت.

 

حەوت، سەرباری هەموو ئەمانە هێشتا نازانرێت ئایا ئەو وڵاتە بەرەو شەڕی ناوخۆ یان سەقامگیریی دەڕوات. بۆ ئەمریکا بردنەوەی جەنگ ئاسانە، بەڵام سەرکەوتن لە شەڕدا سەختە.

 

هەشت، لە ڕابردوودا، ڤەنزوێلا، نمونەی ئەو وڵاتانە بوو کە وەک مۆدێلی دووفاقی فرەیی یان پارادۆکس ئۆف پلێنتی دەبینرا، بەو مانایە لە کاتێکدا سامانی زۆرە، بەڵام هەژاریشی زۆرە. ئەمە وەهای کرد کە چافێز بێتە سەر حوکم. ئەوانەی خۆیان بە براوە دەزانن دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش چافێز، کاتێک بیست لە سەدی دەوڵەمەند و هەشتا لە سەدی هەژار بوو ڤەنزوێلا.

 

لە کرۆکی هەموو مۆدێلێکی حوکمڕانیدا پرسێکی ئەخلاقی قورس هەیە، دەبێت چەندێک خەڵک ئازار بکێشن هەتا ئەوانیتر بە خۆشی بژین؟ حوکمڕانی ترەمپ، حوکمڕانی ملیاردێرەکانە، بۆیە ئازار چەشتنی ئەوانیتر ڕەوایە.

 

چەمکێکی تر کە جێگایەتی ئاماژەی پێبدەین، چەمکی زەلیلکردنە، کە بادی کاری لە سەر کردووە. گرتن و پێشاندانی مادۆرۆ بەو جۆرە، نیشانەی زەلیلکردنی نەیارەکانی ئەمریکایە. زەلیلکردن لە کرۆکی باڵادەستی زلهێزەکاندایە.

 

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button