مارینا ئۆتاوەی
ناوەندی شیکاری وڵسۆن سێنتەر
یەکێك لە میراتەکانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ناساندنی فیدراڵیزم بوو لەو وڵاتەدا. ئەو میراتە ئێستا هەڵدەوەشێتەوە، چونکە بەغدا ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە و لەسەرووی هەموشیانەوە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی سەربەخۆ بێبەشی دەکات.
لەکاتی داگیرکردنی عێراقدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی لە نووسینەوەی دەستوری ٢٠٠٥دا گێڕا. دەستورەکە بەپەلە نووسرا و بەدڵنیاییەوە سازان و تەنانەت چارەسەرێکی مامناوەندی تێدا نەبوو لەنێوان عێراقییەکاندا سەبارەت بەوەی چ شتێك باشترینە بۆ وڵاتەکە. لە ئەنجامدا چەندین کێشە بە چارەسەرنەکراوی بەجێهێڵدران.
دەستپێکی هەڵەی فیدراڵیزم
تایبەتمەندییەکی دیاری دەستورەکە ناساندنی فیدڕاڵیزم بوو نەکو تەنیا بۆ عێراق بەڵکو بەشێوەیەکی فراوانتر بۆ جیهانی عەرەبی کە دەوڵەتەکانی لە ڕووی مێژووییەوە زیاتر ناوەندیین. فیدڕاڵیزمی عێراقی لە سەرەتاوە شلۆق بوو. فیدڕاڵیزمێکی خێچ و خوار لەگەڵ تەنیا یەك هەرێمی فیدرالی کە کوردستان بوو، بە پێچەوانەوە لە دەوڵەتێکی تەواو ناوەندییدا. پەرلەمان ئەو یاسایانەی دەرکرد کە بەشێوەیەکی تیۆری ڕێگە بە پارێزگاکانی تر دەدات ببن بە هەرێمی سەربەخۆ بەهەمان ڕێژەی تۆتۆنۆمی کوردستان. بەڵام کاتێك چەند پارێزگایەك هەنگاوی یەکەمیان هەڵگرت، بەغدا هەوڵیدا دڵنیابێت کە پڕۆسەکە بەردەوام نابێت.
هەرچەندە ئەو ئۆتۆنۆمییەی هەرێمی کوردستان هەیبوو هەمیشە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە، بەتایبەتی بەهۆی سەرهەڵدانی سێ کێشەی چارەسەرنەکراو.
کۆنتڕۆڵکردنی نەوت
هەموو ئەو کێشانە تاکو ئەمڕۆ چارەسەرنەکراون. ناوچە جێناکۆکەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، مادەی ١٤٠ هەر جێبەجێنەکراوە و هەرگیزیش جێبەجێ ناکرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەکی نەوت و گازی دەرنەکردووە بۆ ڕوونکردنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی یەدەگی نەوت، بەوەشەوە کە کێ مافی ئیمزاکردنی گرێبەستەکان و هەناردەکردنی نەوت و گازی لە کوردستاندا هەیە. لە غیابی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیدا، حکوومەتی هەرێم یاسای نەوت و گازی خۆی لە ئابی ٢٠٠٧دا دەرکرد. ئەمە کێشەکەی چارەسەر نەکرد. یاساکە ئەو پڕەنسیپانەی لە دەستوردا بوون دەستنیشانکرد، کە بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی بەرپرسیارێتی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمن، بەڵام دەسەڵاتی زیاتری بە هەرێم دا، وەکو ئیمزاکردنی گرێبەستەکان و فرۆشتنی نەوت (بەسەربەخۆیی)، زیاتر لەوەی کە حکوومەتی فیدراڵی بیەوێت قبوڵی بکات. سەرەڕای ناکۆکییەکان، حکوومەتی هەرێم دەستیکرد بە ئیمزاکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەکی نوێوە کە کێڵگەکانی خۆی بە بۆڕییەکی تورکیاوە بەستەوە کە لە پێشخابورەوە، لە سنوری تورکیا و عێراق و کوردستان، بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا دەڕوات. ئەو دژایەتییەی بەغدا وایکرد نەوتی هەرێم بە هەرزانتر بفرۆشرێت و کەشتییەکان جارجار لە دەریادا گیریان دەخوارد و نەیاندەتوانی بارە نەوتەکە بەتاڵ بکەن.
حکوومەتی هەرێم و بەغدا بێکۆتایانە دانوستانیان لەسەر فرۆشتنی نەوتی کوردستان دەکرد، حکوومەتی هەرێم پابەند دەبوو بە ڕادەستکردنی بڕی دیاریکراوی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ، ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، و عێراقیش لە بەرانبەردا ڕازی دەبوون بە دابینکردنی ڕێژەیەکی لەسەدی بودجەکەی بۆ حکوومەتی هەرێم. ڕێککەوتنەکان هەرگیز بەردەوام نەبوون و بەردەوام دانوستانیان لەسەر دەکرایەوە، هیچ سەرکەوتنێکی بەردەوامیان نەبوو.
وەڵامدانەوەی ڕیفراندۆمهكه لە عێراق و دەرەوەی وڵات ئیدانەکردنی گشتگیری کوردستان و ڕەتکردنەوەی داوای لەمێژینەی کورد بوو کە دەیانگوت مافی سەربەخۆییان هەیە.
بارودۆخەکە دوای ئەیلوولی ٢٠١٧ زیاتر خراپتر بوو کاتێك حکوومەتی هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕێکخست و بە شێوەیەکی زۆر هەڵە هێزی خۆیی و ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی دەیتوانی بەدەستی بهێنێت لێکدایەوە. پشتیوانی ناوخۆیی بۆ ڕیفراندۆم زۆر بوو؛ ٧٢ لە سەدی دەنگدەران دەنگیاندا کە ٩٢ لەسەدیان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. کاردانەوەی بەغدا و تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر خراپ بوو. هەرچەندە سەرۆکی هەرێم گوتی کە ڕیفراندۆمەکە تەنیا بۆ زانینی ڕای خەڵکی بووە و بەسادەیی دەستپێکی پڕۆسەیەکی دوورودرێژی دانوستانە لەگەڵ بەغدا، وەڵامدانەوە لە عێراق و دەرەوەی وڵات ئیدانەکردنی گشتگیری کوردستان و ڕەتکردنەوەی داوای لەمێژینەی کورد بوو کە دەیانگوت مافی سەربەخۆییان هەیە.
ناوەندێتی دەگەڕێتەوە
بەم شێوەیە، لەبری هەنگاوی یەکەم بەرەو سەربەخۆیی، ڕیفراندۆم بووە هەنگاوی یەکەم بەرەو سنوردارکردنی ئۆتۆنۆمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدڕاڵیزم لە عێراقدا. بەغدا دەستبەجێ هەموو هەناردەی نەوتی کوردستانی ڕاگرت و حکوومەتی هەرێمی لە کۆکردنەوەی داهاتی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی کەلوپەلی بیانی ڕاگرت (هەنگاوێك کە ئەوە پێشتر قەت گەمارۆی نەخرابووە سەر و چەندین ساڵ چاوپۆشی لێکرابوو) و لە ئەنجامدا دەستی بەسەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا گرت و [بە پێچەوانەی] پێشتر کە هەر کەسیك دەیتوانی بەبێ ئەوەی پێویست بە ڤیزەی عێراقی بێت سەردانی هەرێم بکات.
دانوستانی زیاتر هێواش هێواش ڕێگەیان دا بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی زۆر توندتری بەغدادا. هەردوو لایەن گەیشتنە ڕێککەوتنێك سەبارەت بە کۆکردنەوەی گومرگەکان کە دووبارە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی سنوردارتر کرد.
لە شوباتی ٢٠٢٢دا، بەغدا مەبەستی درێژخایەنی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێم لەڕادەبەدەر ڕوونکردەوە کاتێك دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە یاسای نەوت و گازی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٠٧ نادەستوورییە، چونکە دەسەڵاتی زیاتری بە کوردستان داوە سەبارەت بە مامەڵەی لەگەڵ هایدرۆکاربۆنەکان لەوەی دەستوور ڕێگەی پێداوە. ھەروەھا بڕیاریشی دا کە حکوومەتی ھەرێم دەبێت ھەموو ئەو نەوتەی کە بەرھەمی دەهێنێت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات بۆ فرۆشتن.
حکوومەتی هەرێم ناڕەزایی دەربڕی بەرانبەر بەو بڕیارە، بەڵام هیچ کاریگەری نەبوو و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا ئەو مەرجانەی قبوڵ کرد کە بەغدا سەپاندبووی بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە. هێشتا لە کاتی نووسینی ئەم هەواڵەدا، هەناردەکردنی نەوت دەستی پێنەکردۆتەوە، چونکە تورکیا ڕەتیدەکاتەوە بۆڕییەکە بکاتەوە تاوەکو بەغدا پاشەکشە لە داواکارییەکەی دەکات کە تورکیا ئەو قەرەبوو بدات بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا ڕێگەی بە کوردستان داوە نەوت هەناردە بکات، بڕیارێك کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەرچووە، کە تورکیا بەرپرسیارە لە پێدانی ئەو پارەیە.
لەکاتێکدا وردەکارییەکانی دۆسیەکە تاڕادەیەك نهێنین و ئاڵۆزن، گرنگترین دەرەنجام ئەوەیە کە کوردستان کۆنترۆڵی نەوتی خۆی لە دەستداوە، تاکە سەرمایە کە دەیتوانی ئۆتۆنۆمییەکەی پێ مانادار بکات.
هەڵوەشاندنەوەی هێواش هێواشی فیدراڵیزمی عێراقی گورزێکی جددییە لە کوردستان. هەروەها گورزێکە لە هەوڵی ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی ئەو ناوەندگەراییەی کە کاریگەری لەسەر هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان هەیە. ئەم جۆرە ناوەندگەراییە هاندەری ململانێی نەتەوەیی و تائیفییە بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەبسێنێت، کە هەموو کۆمەڵگاکانی فرەیین.
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد عەبدوڵا