دەسەڵاتی هەسەدە لەم ناوچەیەدا دابەش دەبێتە سەر دوو زۆن: زۆنێکی ئەوەیە کە پێی دەگوترێت باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمە ناوچە سەرەکی و گەورەکەیە و حەسەکە و قامشلۆی لێیە. بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لێرەن. ئەم ناوچەیە پارێزراوە لە لایەن ئەمریکاوە. سنووری هەیە بە باشووری کوردستانەوە. چەند بنکەیەکی سەربازی ڕووسی و سووری لێیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن بۆ ڕێگرتن لە هێرشەکانی تورکیا، بەڵام حوکم و ئیدارەکردن لای هەسەدەیە. زۆنی دووەم ئەوەیە کە پێی دەگوترێت باکوری ڕۆژئاوای سووریا، کە عەفرینی لێیە. هەسەدە تا ئەمڕۆش لە تەل ڕەفعەت و منبج ئامادەیە و بەڕێوەیان دەبات، واتە جارێ نزیکە لە عەفرینەوە. جیاوازی ئەم ناوچەیە ئەوەیە، کە بنکەی سەربازی ڕووسی و ئێرانی لێیە، بەشار ئامادەیە. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:
١. کەمکردنەوەی هێزی ئەمریکا لە کاتی ترەمپ؛ ٢. بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیا، هەسەدە ناچار بوو ڕێککەوتن بکات لەگەڵ سووریا و ڕووسیا بۆ ڕێگرتن لە هێرشی تورکیا. ئەم زۆنە، ئەگەر ئەمریکا بۆی نەگەڕێتەوە، کە ئەگەر هەیە ئەمریکا بیەوێت کۆنتڕۆڵی بکاتەوە، ئەوا ناوچەیەکە پارێزراو نییە و هەموو کات ئەگەر هەیە هاوشێوەی عەفرین لە کوردی بسەننەوە. جگە لە هەژموونی ئێران و سووریا و ڕووسیا لەم زۆنە، گرووپە سوونییە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیاش ئامادەییەکی گەورەیان هەیە. لە هەمووی کێشەتر، ئەو ڕێگایەی کە ئەم دوو زۆنەی ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکتر دەبەستێتەوە، لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەسەد و ئێرانە، واتە لە زۆنی یەکەمەوە، بۆ ئەوەی بگەیتە زۆنی دووەم بۆ تەل ڕەفعەت و منبج، ناچار دەبیت بە ڕێگایەکدا بڕۆیت کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نییە.
ئەم ناوچەیە (ڕۆژهەڵاتی فوڕات) تاکە ناوچەی سوریایە بۆ ئەمریکا، کە بتوانێت تیایدا بمێنێتەوە و لەبەردەم هەژموونی ڕووسی و ئێران بوەستێت. تاکە ناوچەیە کە ڕووسیا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، بەبێ ئەو ناوچەیە، هەژموونی ڕووسیا بەسەر سوریادا ناتەواو دەبێت. لای تورکیا بە گەورەترین هەڕەشە دادەنرێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە ئەگەرێکە بۆ لە دایکبوونی دووەم قەوارەی کوردی لەسەر سنوورەکانی. ئەم ناوچەیە بۆ ئێران لە چەندین ڕووەوە گرنگە: ١. فراوانکردن و تەواوکردنی هیلالی شیعییە، لە عیراقەوە بەو ناوچەیەدا بە ئاسانی دەگاتە دەریای سپی ناوەڕاست و سووریا و لوبنان؛ ٢. ئەگەری دروستبوونی دووەم قەوارەی کوردی لەوێ لە ژێر هەژموونی ئەمریکا، کە دوای ئەمە نۆرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ ٣. جۆرێکە لە چاودێری و گەمارۆدانی تورکیا لە سووریاوە و؛ ٤. سەرئێشە دروستکردن بۆ ئەمریکا و چەندین خاڵی گرنگی دی.
ڕۆژههڵاتی فوڕات لای تورکیا بە گەورەترین هەڕەشە دادەنرێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە ئەگەرێکە بۆ لە دایکبوونی دووەم قەوارەی کوردی لەسەر سنوورەکانی
پێش جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، بۆ ماوەیەک تاڕادەیەک دۆخی ئەو ناوچەیە ئارام بوو. بەڵام لەگەڵ هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە، پاش ماوەیەکی کەم ڕووسیا ناچار بوو بەشێک لە هێز و سوپاکەی بکشێنێتەوە لە سووریا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، بۆ ناردنەوەیان بۆ گۆڕەپانی جەنگی ئۆکڕانیا. لێرەوە وەرچەرخانێک دروست بوو. چونکە ئەو بۆشایەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات دروستی کرد بەهۆی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکەی، ئێران و پاسداران و گرووپە شیعە تیرۆریستییەکانی ئێران پڕیان کردەوە. ڕووسیا لە شاری “تدمر” و دەوروبەری بە تەواوی کشایەوە، لە فڕۆکەخانی “حماە” و لە زۆر ناوچەی شاری “ئەلقلمون” و باشووری سووریا کشایەوە و، پاسداران و گرووپەکانی سەر بە پاسداران چوونە شوێنیان.
لێرەوە ئەمریکا هەندێک هەنگاوی دیکەی نا و وادیارە سیاسەتی گۆڕیوە سەبارەت بەو ناوچەیە. چونکە کاتێک سوپای ڕووسیا لەوێ بوون، ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕێککەوتبوون و هەردوولا کۆک بوون لەسەر هەندێک خاڵ، بەوەش ململانێی نێوانیان کۆنتڕۆڵکراو بوو. ئەو ڕێککەوتن و لە یەکتێگەیشتنانەی نێوان هەردوو دەوڵەت لە ڕێگەی ئۆفیسێک یان بنکەیەکی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ڕووسیا لە وڵاتی ئوردن بەڕێوە دەچوو. پاش جەنگەکەی ئۆکڕانیا و تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، ئەو ئۆفیسە داخرا. ئێستا ئێران کە شوێنی ڕووسیای گرتووەتەوە لەو ناوچانە، ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی نییە لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوام هێرش دەکات و سەرئێشە بۆ ئەمریکا دروست دەکات. لەمەدا ڕووسیا و سووریا پشتگیری دەکەن، یان لێی بێدەنگن.
ئەم ڕووداوانە دەکرێت لە بەرژەوەندی کورد بن و هەلێکی مێژوویی بێت بۆ کورد. چونکە: ١. ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا بایەخێکی زیاتر دەداتەوە بەو ناوچەیە. لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هێزێکی زیاتری بردووەتە ڕۆژئاوای کوردستان؛ ٢. چەکی بەهێزتر و زیاتری گواستووەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لەوانە سیستەمی مووشەکی هیئایار، کە ڕووسیای هەراسان کردووە لە ئۆکڕانیا. ئەگەر هەیە چەکدارانی هەسەدە ڕاهێنان بکەن لەسەر بەکارهێنانی ئەم مووشەکانە و بدرێن بە هەسەدە لە ئایندەدا. جگە لەوە چەندین جۆری چەکی نوێ براوەتە ناوچەکانی هەسەدە، کە دەکرێت هەسەدە ببێتە خاوەنیان لە ئایندەدا؛ ٣. ئەمریکا دەزانێت ئێران، بە نوێنەرایەتی ڕووسیا و سووریا، دەیەوێت ئەمریکا لەو ناوچەیە دەربکات. وا دیارە ئەمریکا قبوڵی نییە هەژموونی ئێران و ڕووسیا زیاد بکات و هەژموونی ئەمریکا کەم بێت لە سووریا؛
ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا بایەخێکی زیاتر دەداتەوە بەو ناوچەیە. لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، هێزێکی زیاتری بردووەتە ڕۆژئاوای کوردستان
٤. گرنگترین پلانی ئەمریکا، کە هەندێک سەرچاوە و ڕاپۆرت ئاماژەی پێدەکەن بریتییە لە: ئەمریکا دەیەوێت بنکە سەربازییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا ببەستێتەوە بە بنکە سەربازییەکەی خۆی “التنف” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەمەش هەموو سنووری سووریا لەگەڵ عێراق و ئوردن دەچێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا. واتە پچڕانی هیلالی شیعی، بەوەش ئیتر ئێران ناتوانێت لە ڕێگەی عێراق و باشووری کوردستانەوە بچێتە ناو سووریا و لوبنان.
بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکا چەند مانگێکە هۆزە عەرەبییە سوونەکانی سووریا لەو ناوچانە پڕ چەک دەکات، بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی میلیشیا ئێرانییەکان بکەن و دووریان بخەنەوە لەسەر سنوور. سووننەی عێراق و دەوڵەتی ئوردن پشتگیری ئەم پلانە دەکەن. ئیسرائیلش تەواو پشتگیری دەکات، کە هێزە ئاسمانییەکەی زۆربەی کات ئامادەیە لەو ناوچانە و بنکە سەربازییەکانی ئێران بۆردمان دەکات. ڕووسیا و ئێران و تورکیا و سووریا دژی ئەم پلانەن. تورکیا پێی خۆش نییە ئێران ئەو سنوورانە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام لە نێوان ئەوەی کورد کۆنتڕۆڵی بکات یان ئێران، بە دڵنیاییەوە ئێرانی دەیان جار پێ باشترە. تورکیا دەزانێت، لە سووریا، لە هەر شوێن ئەمریکا ئامادە بێت، هەسەدە بەهێز دەبێت.
دەگوترێت ئەمریکا بە نیازە هەسەدە و هۆزە عەرەبییەکان و هەندێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنێت. بەپێی زانیاری من، کە پشت بەستووە بە چەندین لێدوان، ڕاپۆرت و هەواڵی ئینگلیزی و ناوخۆی سووریا و لەگەڵ چەند کوردێکی ڕۆژئاوا کە ئاگاداری وردەکاری دۆخەکەن، هەسەدە ماوەیەک ڕازی نەبووە کە بەشداربێت لەو پلانەی ئەمریکا، ئەوەش بەهۆی فشارەکانی ئێران کە لە ڕێگەی پەکەکەوە خستوویەتییە سەر هەسەدە. دەکرێت ئەوەش هۆکارێک بێت کە ئەمریکا دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە زیاتر پشت بە هۆزە عەرەبییەکان ببەستێت. هەندێک لەو هۆزە عەرەبییانە سەر بە هەسەدەن، یان پەیوەندییان باشە بە هەسەدەوە، ئەوەش خاڵێکی گرنگە.
دەگوترێت بەپێی ئەو پلانە، ئەمریکا دەیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاتر بکات، تا دەگاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەر سنووری ئوردن. ئەمە ڕاستەوخۆ لێدانێکی جیۆپۆلەتیکییە لە ئێران و خەونە دوژمنکارانەکەی. هەسەدە بە فشاری پەکەکە، پێی وایە نابێت هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەی ئەمریکا، لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا دەبێت دەرفەتێک بمێنێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ سووریا و ئێران و ڕووسیا. ئەمە لە ڕوویەکەوە لۆژیکییە، بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە لەوانەیە لە دەستدانی هەلێک بێت کە دووبارە نابێتەوە.
ئەمریکا دەیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاتر بکات، تا دەگاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەر سنووری ئوردن
ڕوون و ئاشکرایە، بەبێ ئەمریکا ڕۆژئاوای کوردستان ناتوانێت بۆ یەک هەناسەش بەردەوام بێت. مەحاڵە بەرەی ڕووسیا و سووریا و ئێران و تورکیا ڕێ بدەن ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بێت بۆ یەک ڕۆژیش. بۆیە هەر چەند خوێندنەوە و عەقڵانیەت لە سیاسەتدا گرنگە، بەڵام هەندێک کات لە بڕیاری سیاسی لەم جۆرە دۆخانەدا، لۆژیکی قومار هەیە، دەبێت یەکجار بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدرێت و بە تەواوی هەسەدە خۆی بداتە پاڵ ئەمریکا. ئەمەش بنەمایەکی لۆژیکی تێدایە، ڕۆژئاڤا ئەمریکا دروستی کردووە و دەیپارێزێت، هەر بەهۆی ئەمریکاوەش بەردەوام دەبیت.
ئێستا ئێران پلان و بەرنامەی تەواوی هەیە بەردەوام بێت لە هێرش و فشارەکانی بۆ سەر ئەمریکا لەو ناوچەیەدا، ڕووسیا لەم دۆخەدا دەیەوێت لە ڕێگەی ئێرانەوە ململانێی ئەمریکا بکات لە سووریا، بەهۆی سەرقاڵبوونی خۆی بە شەڕی ئۆکرانیاوە. ئەمریکاش لەسەر زاری بایدن، ماوەیەک پێش ئێستا گوتی، بەردەوام دەبین لەو ناوچانە. بەپێی پێدراوەکانیش، ئەمریکا هێز و چەکی زیاتر ڕەوانەی ئەو ناوچەیە دەکات و بەنیازە بنکەیەکی سەربازی نوێ بکاتەوە، ئامادەکراو بە چەکی نوێ و پێشکەوتوو.
بەپێی داتاکانی (جسور للدراسات)، کە یەکێکە لە دەزگا هەرە باشەکان بۆ لێکۆڵینەوە و خستنەڕووی داتا لەسەر دابەشبوونی هێزەکان لە سوریا، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، ئێران ٥٧٠ بنکە و خاڵی سەربازی هەیە لە ناو سووریا. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەوروبەری ٣٠ بنکە و خاڵی سەربازییان هەیە. بەڵام لە ڕووی کوالێتیەوە ئەو ٣٠ بنکە و خاڵە سەربازییەی ئەمریکا زۆر کاریگەرتر و بەهێزترە لەو ٥٧٠ بنکە و خاڵە سەربازییەی ئێران، کە زۆربەشی زیاتر سەرقاڵی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و سیغە و بەدڕەوشتین. هاوکات تورکیا و گرووپە سووننییە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیا ١٢٥ بنکە و خاڵی سەربازییان لە سوریادا هەیە. ڕووسیا ئێستا ١٠٥ بنکە و خاڵی سەربازی هەیە، کە پێشتر زیاتر بوو. زیادبوونی بنکە سەربازییەکانی ئێران و کەمبوونەوەی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیاوە هەیە.
ئێران ٥٧٠ بنکە و خاڵی سەربازی هەیە لە ناو سووریا. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەوروبەری ٣٠ بنکە و خاڵی سەربازییان هەیە
بە گشتی زیادبوونی ململانێی ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا و ئێران لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، دەکرێت لە بەرژەوەندی کورد بێت، وەک زۆربەی کات ناسەقامگیری لە ناوچەکە و جەنگ و ململانێ و شەڕی نێوان دەوڵەتەکان سوودی بۆ کورد هەبووە. لە هاوکێشەی سووریا خاڵێک کە زۆر گرنگە، لێدان لە بەرژەوەندی ئێران و ڕووسیا، تا ڕادەیەکی زۆر هاوکاتە بە لێدان لە بەژەوەندییەکانی تورکیاش. چونکە بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان، ئاشکرا بەرەیەکی دوژمن هەن، کە پێکدێن لە (ڕووسیا، تورکیا، ئێران و سووریا)، کە هەر چواریان ئامانجیان سڕینەوەی ڕۆژئاوای کوردستانە. لەبەرانبەردا ئەمریکا هەیە، ئاشکرایە کورد کەوتووەتە بەرەی ئەمریکاوە، ئەمریکا بەرژەوەندی لەوەدایە ڕۆژئاوای کوردستان بمێنێتەوە، چونکە بە مانای هەژموونی ئەمریکایە بەرانبەر ئەو بەرە چوار قۆڵییە قێزەونە ستەمکارە.
ئایا کورد پێویستە چی بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان:
١. هەسەدە و ڕۆژئاڤا بیەوێت یان نا، تازە لە بەرەی ئەمریکایە و ئەو بەرە چوار قۆڵییە جگە لە سڕینەوەی ڕۆژئاڤا و چەککردنی هەسەدە بە هیچی تر ڕازی نابن. تا ئەمڕۆش کە ناتوانن ئەو ئامانجەیان بهێننە دی تەنیا لەبەر هاوکاری و ئامادەیی ئەمریکایە لە ڕۆژئاوا. بۆیە هەسەدە پێویستە، بەڵکو ناچاریشە، هەموو هێلکەکانی خۆی بخاتە سەبەتەی ئەمریکا. ئەگەر ئەمریکا کشایەوە، ئەوا ئەگەر هەسەدە بە تەواوی لەگەڵ ئەمریکا بێت یان نا، ئەگەر هەندێک لە هێلکەکانیشی بخاتە سەبەتەی ئێران و سووریا و ڕووسیا، ئەوا ئەو بەرەیە ڕۆژئاڤا هەر دەسڕنەوە. بە کورتی (دەرفەتی گەڕانەوە) نەماوە. بۆیە نابێت هیچ گلەیی و گومانێک لای ئەمریکا دروست بێت، کە هەسەدە سۆزێک یان پەیوەندییەکی شاراوەی هەیە لەگەڵ بەرەی ئێران و سووریا و ڕووسیا، کە بەرەی تورکیاشە لەو هاوکێشەیەدا.
٢. بە ڕێککەوتن لەگەڵ پەکەکە، بە فەرمی و بە واقیعی، سەربەخۆیی تەواو بدرێت بە هەسەدە و هەژموونی پەکەکە بۆ ماوەیەکی کاتی نەمێنێت. پەکەکە ئەستەمە ئێستا بتوانێت دژی ئێران بێت. لەم دۆخەشدا ئەستەمە ڕۆژئاڤا ئەگەر بەرژەوەندی خۆی بوێت، دژی ئێران نەبێت. دەرکردنی پەکەکە لەو هاوکێشەیەدا زۆر گرنگ و پێویستە. ئەوەی کە ڕۆژئاڤا دەپارێزێت سەد لە سەد ئەمریکایە، بەبێ ئەمریکا پەکەکە ناتوانێت ١٠ خولەک ڕۆژاڤا بپارێزێت بەرانبەر بەو بەرە بەهێز و دڕندە و قێزەونی دژە کوردە. پەکەکە دەبێت بزانێت، گوێڕایەڵیکردنی تەواوی هەسەدە بۆ ئەمریکا، دژایەتی هەسەدە بۆ ئێران، لەم هاوکێشەیەدا لێدانێکی کەمەرشکێنە لە تورکیا. هەر وەک چۆن دژایەتی نەکردنی ئێران، گوێڕایەڵی نەکردنی ئەمریکا لە لایەن هەسەدەوە، لەم هاوکێشەیەدا گەورەترین خزمەتە بە تورکیا.
پەکەکە دەبێت بزانێت، گوێڕایەڵیکردنی تەواوی هەسەدە بۆ ئەمریکا، دژایەتی هەسەدە بۆ ئێران، لەم هاوکێشەیەدا لێدانێکی کەمەرشکێنە لە تورکیا
٣. هەسەدە دەبێت هەموو هەوڵێک بدات لەگەڵ ئەمریکا هەندێک ڕێککەوتن و لەیەک تێگەیشتن بکات، وەک: داوا بکەن و هەوڵبدەن کە ئەمریکا ڕاهێنان بە چەکدارانی هەسەدە بکات لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکە نوێ و پێشکەوتووانە؛ ئەو چەکانە هەمووی یان بەشێکی بدرێن بە هەسەدە؛ ئەمریکا تەنیا بنکە سەربازی و شوێنەکانی خۆی نەپارێزێت، بەڵکو کۆی ڕۆژئاڤا و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بپارێزێت؛ هەسەدە داوا بکات کە بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا و ئەسەد و ئێران لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی فوڕات و ڕۆژئاوای کوردستان بدرێنەوە بە ئەمریکا و هەسەدە؛ دروستکردنی ڕێگایەک بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی حەسەکە و قامشلۆ، زۆنە سەرەکییەکەی هەسەدە، بە زۆنی تەل ڕەفعەت و منبج، ئەوەش بە دوورخستنەوەی ئێران و سووریا دەبێت؛ هەسەدە هەوڵبدات کە ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ هاوکاری بکات بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە تیرۆریستییەکانی تورکیا، بە تایبەت ئازادکردنی عەفرین ئامانجێکی گەورەیە.
٤. لەبەرانبەر ئەو داواکاری و دەستکەوتانەی کە هەسەدە لە ئەمریکای دەوێت، پێویستە هەسەدەش چەند شتێک بداتە ئەمریکا: گوێڕایەڵی تەواوی ئەمریکا؛ ئامادەیی شەڕکردن لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران؛ هەسەدە بە ڕوونی ئامادەیی خۆی دەرببڕێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی ئەمریکا، کە دەیەوێت بنکە سەربازییەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا ببەستێتەوە بە بنکە سەربازییەکەی “التنف” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دواجار ئەمە لە سوودی هەسەدە و کوردە، ڕووبەڕێکی گەورە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دەبنە خاوەن هەژموون لە ناوچەیەکی گرنگ کە عێراق و سووریا و ئوردن بەیەکتر دەبەستێتەوە، جگە لەوەی گورزێکی جیۆپۆلەتیکی گەورەیە لە پڕۆژەی هیلالی شیعی و خەونی لەناوبردنی ڕۆژئاڤاش لە لایەن تورکیاوە دەیان جار قوورستر دەکات.
٥. لەم کاتەدا و تا دۆخەکە یەک لا دەبێتەوە بۆ بەرژەوەندی کورد، هەسەدە بە هیچ جۆرێک نابێت ڕێگە بدات بە دروستبوونی هیچ حزب و ڕێکخراو و گرووپێکی سیاسی لە ڕۆژئاڤا و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی. بە هەموو شێوەیەک سەرهەڵدانی هەر گرووپ و ڕێکخراو و میدیایەکی ئۆپۆزسیۆن دەبێت قەدەغە بکرێت و ئەگەر پێویستی کرد سەرکوت بکرێت. چونکە دروستبوونی دووەم حزب یان گرووپی سیاسی کوردی لە ڕۆژاڤا، واتە سەرهەڵدانی خیانەت و جاشایەتی. ئەو کات ئەو گرووپە پەنا دەباتە بەر تورکیا و هەسەدەش پەنا دەباتە بەر ئێران بۆ ئەوەی خۆیان لە یەکتر بپارێزن، تورکیا و ئێرانیش زۆر شارەزاترن لە ئەمریکا لەوەی چۆن ململانێی دوو گرووپی کوردی بقۆزنەوە بۆ لێدان لە کورد و بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
تا دۆخەکە یەک لا دەبێتەوە بۆ بەرژەوەندی کورد، هەسەدە بە هیچ جۆرێک نابێت ڕێگە بدات بە دروستبوونی هیچ حزب و ڕێکخراو و گرووپێکی سیاسی لە ڕۆژئاڤا و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی
٦. ئەو هۆزە عەرەبی و گرووپە ئۆپۆزسیۆنانەی کە ئەمریکا ئامادەیان دەکات و پڕ چەکیان دەکات، پێویستە هەسەدە هەژموونی بەسەریاندا هەبێت و هەوڵبدات هەر هەموویان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. چونکە هەمووان سەر بە ئەمریکان، ئاشکرایە هەسەدە گرنگترین و بەهێزترین گرووپی سەر بە ئەمریکایە لە سووریا. پێویستە هەسەدە وا بکات کە ئەمریکا لە ڕێگەی هەسەدەوە ئەو گرووپانە ئاڕاستە بکات و پڕ چەکیان بکات. دواجار ئەو گرووپ و هۆزانە عەرەبن، واتە وەک بەشار و ئەردۆگان دوژمنی ڕۆژئاوان. واتە ئەگەر ئێران و ئەسەد دووربخرێنەوە لەو ناوچانە، ئەو کات هەر ئەو هۆزانە دەیانەوێت ڕۆژئاوا بسڕنەوە. بۆیە لە ئێستاوە پێویستە بزانن ئەو هۆز و گرووپانە دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بن، هەر کات هەڵگەڕانەوە، هەسەدە بەهێزتر بێت و بتوانێت بەرگری لە کوردستان بکات.
٧. هاوکێشەی سووریا و ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە جۆرێکە، جگە لە هێز هیچی تر ڕۆڵی تیا نییە. بۆیە لەم دۆخەدا کە دەکرێت ئەمریکا پێویستی بە هەسەدە هەبێت، هەسەدە دەتوانێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی سەرئێشە و هێرشی بەردەوام بۆ سەر تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیا لەو ناوچانەی کە تورکیا داگیری کردوون. ڕاگرتنی هاوسەنگی و دپلۆماسی و هەوڵدان کە وا خۆت دەربخەیت مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازی، لەم جۆرە هاوکێشانەدا نەک سوودی نییە، بەڵکو زیانی گەورەی هەیە. لەم جۆرە هاوکێشانەدا تەنیا ئەوە گرنگە کە هەموو لایەنەکان بزانن توانای شەڕکردنت چەندە و دەتوانی چەندێک زیان لە نەیارەکان بدەیت، چەندێک تواناکان زیاتر بوو، ئەوەندە زیاتر دەستکەوت بەدەست دێت.
٨. هەسەدە هەموو هەوڵێک بدات کە ئەمریکا جگە لە هەسەدە بەدیل و دۆستی تری نەبێت لە سووریا. واتە ئەمریکا دڵنیابێت لەوەی بەبێ هەسەدە، هیچ گرووپێکی تر ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت لەو ناوچەیەدا.