هه‌واڵ

نیو ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی لە هەولێرەوە تێپەڕ دەبن

زێدپرێس

دامودەزگا کارگێڕییەکانی پارێزگای هەولێر، لە ئامادەکاریدان بۆ پێشوازیکردن لە نیو ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی، کە لە هەولێرەوە بۆ نەجەف و کەربەلا تێپەڕ دەبن.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لە ١٨ی ئەم مانگەوە(ئابی ٢٠٢٣)، بە فەرمی هاتنی زیارەتکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەست پێدەکات و لە یەکەم وێستگەیان بە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لەوێوە بەرەو باشووری عێراق.

بۆ ئەو مەبەستە و لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر، لێژنەیەکی باڵای تایبەت بە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی پێکهێنراوە. دامودەزگاکان ئامادەکارییان کردووە، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، فریاگوزاری، تەندروستی، ئەمنی و هەروەک ڕێکخستنی پڕۆسەی گواستنەوەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن و پاش تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکانیش بەهەمان دەروازەی نێودەوڵەتی بۆ ئێران دەگەڕێنەوە.

لە ٨ی ئابدا، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکی بەرفرەوانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکخست، بەمەبەستی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تا دوواین خاڵی سنووری پارێزگای هەولێر، کە بازگەی شێراوەیە لە خوار شرۆچکەی پردێی سەر بە پارێزگای کەرکووک.

خۆشناو، لەو کۆبوونەوەیەدا، ڕای گەیاند، پار وەک یەکەم ئەزموون پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەمساڵ ژمارەی زیارەتکاران بە تەواوەتی بەرز ببێتەوە.

ساڵی ڕابردوو، لەسەر بنەمایی ڕێککەوتنى نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگارى ورمێ بۆ یەکەمینجار بە فەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناو خاکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت دەستى پێکرد و زیاتر لە ٧٠ هەزار زیارەتکاری ئێران لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ سەردانیکردنى نەجەف و کەربەلا، هاتنە ناو هەرێمی کوردستانەوە و دوای مانەوەیان لە شاری هەولێر، بەرەو شوێنی مەبەست چوون و ئەمساڵیش چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ژمارەی زیارەتکاران بۆ نیو ملیۆن کەس دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...