سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ده‌سه‌ڵاتى سیاسی

ڕێكخستنى كاروباره‌كانى كۆمه‌ڵگا پێویستى به‌ ئامرازێك هه‌یه،‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام بدات، ئامرازى پێویستیش بۆ ئه‌م ڕێكخستنه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌. له‌م باسه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌مكى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى (Political Authority) و مه‌شروعییه‌ت و جۆره‌كانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕه‌نسیپانه‌ى كه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ سه‌رى دامه‌زراوه‌ و به‌پێى ئه‌م پڕه‌نسیپانه‌ش پلانه‌ سیاسییه‌كان و كاروبارى گشتیى كۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ ده‌كات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یه‌كه‌م: چه‌مكى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى

مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت پێداویستییه‌كانى مانه‌وه‌ى دابین بكات پێویستى به‌وه‌ هه‌یه،‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كى كۆمه‌ڵیدا بژیێت. ژیانى كۆمه‌ڵییش پێویستى به‌ ڕێژه‌یه‌كى دیار له‌ كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسا هه‌یه‌ تا بتوانێت به‌ باشترین شێواز ئه‌م پێداویستییانه‌ فه‌راهه‌م بكات و كۆمه‌ڵیش به‌ڕێوه‌ ببات. له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ داخوازییه‌كانى مرۆڤ به‌ حوكمى غه‌ریزه‌ى سروشتى مرۆڤ سنووردار نییه‌ و هه‌موو جۆره‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك وه‌گه‌ڕ ده‌خات تا ئه‌م داخوازییانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات. پێویستى بۆ ژیانى كۆمه‌ڵى له‌ لایه‌ك و گوشارى داخوازییه‌كان له‌ لایه‌كیتره‌وه،‌ دوو پاڵنه‌رى سه‌ره‌كین بۆ دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵگه‌. هه‌روه‌ها به‌ هۆى زۆربوونى ژماره‌ى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ و ته‌شه‌نه‌ى داواكارییه‌كان، كۆمه‌ڵگا بۆ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى تاك و كۆمه‌ڵ پێویستى به‌ ئامرازێك هه‌یه‌ تا ئه‌م كارانه‌ ڕابپه‌ڕێنێت. ئه‌م ئامرازانه‌ش خۆیان له‌ دینامیكییه‌تى ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بیننه‌وه‌.

 

له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، تاقمێكى بچووك ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌گرنه‌ ده‌ست و فه‌رمانڕه‌وایى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن

 

كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان، بچووك بن یان گه‌وره‌، ته‌قلیدیى بن یان مۆدێرن، پیشه‌سازیى بن یان كشتوكاڵى، بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانی كۆمه‌ڵگا پێویستیان به‌ حكوومه‌ت هه‌یه‌ تا ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. زیاد له‌مه‌ش ڕاستییه‌‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، كه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، تاقمێكى بچووك ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌گرنه‌ ده‌ست و فه‌رمانڕه‌وایى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها حه‌قیقه‌تێكى گومان لێنه‌كراویتر ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئامانجى هه‌ر سیسته‌مێكى حكوومه‌تى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پاراستنى پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌تى.

له‌ ڕووى زمانه‌وانییه‌وه‌، زاراوه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ ڕیشه‌ى لاتینى زاراوه‌ى ئۆسۆریته‌ (AUTHORITY) كه‌ تایبه‌ت به‌ ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ڕۆما بووه‌، وه‌رگیراوه‌، ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ڕۆما له‌ ئیعتبارى یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كانى گه‌ل پشتگیرى ده‌كرد، ڕۆمییه‌كانیش ده‌سه‌ڵات (ئۆسۆریته‌)ى ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌یان په‌سه‌ند كردبوو. ده‌سه‌ڵاتیش به‌ ماناى هێزى ڕه‌وایه‌.

 

كاتێك باس له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین مه‌به‌ست تاك یان تاقمێكه‌ كه‌ مافى ڕێبه‌رایه‌تیكردنیان هه‌یه‌ و له‌میانه‌یدا جه‌خت له‌ سه‌ر ماف ده‌كرێت نه‌ك هێز

 

مه‌به‌ست له‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، مافێكى جێگیر بووه‌، كه‌ له‌ هه‌ر سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بۆ دیاریكردنى ڕێڕه‌وى كۆمه‌ڵگا، ڕاده‌ڕبرین سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كانى، نه‌هێشتنى مشتومڕ و به‌ گشتی بۆ ڕێبه‌رایه‌تى و ڕێنماییکردنی  خه‌ڵك بوونى هه‌یه‌. كاتێك باس له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین مه‌به‌ست تاك یان تاقمێكه‌ كه‌ مافى ڕێبه‌رایه‌تیكردنیان هه‌یه‌ و له‌میانه‌یدا جه‌خت له‌ سه‌ر ماف ده‌كرێت نه‌ك هێز. واته‌ ئه‌و مافانه‌ى كه‌ ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا به‌ ڕه‌زامه‌ندى خۆیان به‌ نوخبه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانیان سپاردووه‌ تا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م مافه‌دا ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست بگرن. هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌كارهێنانى هێزیش له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ بێت كه‌ ئه‌م مافه‌ ڕێیپێداوە.

ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونى كۆمه‌ڵدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، چونكه‌ به‌بێ بوونى ده‌سه‌ڵات سیسته‌م وه‌دى نایه‌ت و ئازادى بوونى نابێت. كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م، دیارده‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵدا ناتوانین وێناى بكه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن كۆمه‌ڵ، به‌بێ بوونى ده‌سه‌ڵات بوونى نابێت. بۆیه‌ به‌ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵى مرۆڤایه‌تى دیارده‌ى ده‌سه‌ڵات، پشتگیریى لێكراوه‌ و گۆڕدراوه‌ به‌ یاساى ڕێكخه‌رى كۆمه‌ڵگا.

 

ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م، دیارده‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، چونكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵدا ناتوانین وێناى بكه‌ین

 

لێره‌وه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ پاشكۆى نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پشتبه‌ستن به‌ هێزى میتافیزیكییه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و له‌ سه‌ر ئه‌و ڕێسایانه‌ داده‌مه‌زرێت كه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتن له‌ نێوان زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگاوه‌ داڕێژراون، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات ڕێڕه‌وێكى یاسایى وه‌رده‌گرێت و ده‌بێت به‌ یه‌كێك له‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونى كۆمه‌ڵگا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ (دوركایم) ده‌ڵێت: “ده‌سه‌ڵات پێویسته‌ بۆ هێنانه‌دى هاوسه‌نگى و سه‌قامگیرى له‌ ناو بنیاتى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌و به‌شێكى دانه‌بڕاوى هه‌موو سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، هه‌روه‌ها خودى سیسته‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ موماره‌سه‌كردندا، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ بنیاتى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گرێدراوه‌ و لێى جیا نابێته‌وه‌”.

(جۆرج باڵاندیه‌) واى بۆ ده‌چێت كه‌: “ده‌سه‌ڵاتى سیاسى بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك پێویسته‌ و هانى ڕێزگرتن له‌و ڕێسایانه‌ ده‌دات كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ سه‌رى دامه‌زراوه‌ و، له‌ بەرانبەر كه‌موكوڕییه‌كان پارێزگاری لێ ده‌كات و له‌ وروژاندنى به‌ربه‌ره‌كانێ له‌ نێوان تاكه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كاندا سنوورێك داده‌نێت”.

 

به‌شێكى هه‌ره‌ زۆرى مێژووى مرۆڤایه‌تى بریتى بووه‌ له‌ ململانێكردن و ناكۆكى له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیدا

 

كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵات حه‌قیقه‌تێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و بایه‌خێكى تایبه‌تى له‌ گۆڕان و گه‌شه‌كردنى كۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌. به‌شێكى هه‌ره‌ زۆرى مێژووى مرۆڤایه‌تى بریتى بووه‌ له‌ ململانێكردن و ناكۆكى له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیدا، به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات ڕۆڵى گرنگیى له‌ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى مرۆڤایه‌تیدا گێڕاوه‌.

ده‌سه‌ڵاتیش بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ئه‌ركه‌ جۆراوجۆره‌كانى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ باشترین شێوه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، پێویستى به‌ هه‌ندێ ڕێسا و بنه‌ما هه‌یه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌م ئه‌ركانه‌. ده‌توانین ئه‌م بنه‌مایانه‌ به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌ كورت بكه‌ینه‌وه‌.

 

بنه‌ماى دانایى و زانین (الحكمه‌ والمعرفه‌): بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵات بتوانێت ئامانجه‌كانى ده‌سته‌به‌ر بكات، پێویسته‌ پشتبه‌ستراو به‌ ڕاده‌یه‌كى فرەوان له‌ دانایى و زانین بێت، ئه‌گینا ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى تووشى ئاژاوه‌ ده‌بن.

بنه‌ماى یاسایى ڕه‌وایى: واته‌ كۆمه‌ڵێك ڕێساى ڕێكخه‌رى ڕه‌فتارى سیاسى. ئه‌م ڕه‌فتاره‌ش تاكى بێت یان كۆمه‌ڵى.

بنه‌ماى مه‌شروعییه‌ت (ڕه‌زامه‌ندى و په‌سندكردن): واته‌ ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربڕین له‌ لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ بۆ موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵات. ڕه‌وایى یاساییه‌ و مه‌شروعییه‌تیش سیاسییه‌.

بنه‌ماى هێز و توانایى (پاڵه‌وانییه‌تى): به‌پێى ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌كانى كه‌سایه‌تى داده‌مه‌زرێت.

بنه‌ماى به‌شداریكردن: واته‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ربڕى ویستى هاوبه‌شى گشت هێزه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

بنه‌ماى هاوسه‌نگى: أ. هاوسه‌نگى به‌ ماناى چاره‌سه‌ركردنى ناوه‌ندى دێت، یاخود خاڵى ناوه‌ندى له‌ نێوان دوو لایه‌ن یان زیاتر له‌ دوو لایه‌ن. ب. هاوسه‌نگیى له‌ نێوان دوو لایه‌ن یان زۆرتر له‌ دوولایه‌ندا به‌ ئاڕاسته‌ى ئامانجى هاوبه‌ش.

 

فه‌رمانڕه‌وایان شتێك نین ته‌نیا به‌كارهێنه‌رى ده‌سه‌ڵاتن كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ موماره‌سه‌كردنى ده‌سه‌ڵات به‌ ناوى ده‌وڵه‌ت و له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گشتیدا

 

ئه‌گه‌ر له‌م بنه‌مایانه‌ش وردببینه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ ده‌سه‌ڵات گۆڕاوه‌ بۆ سیسته‌مێكى سه‌ربه‌خۆ له‌ كه‌سى فه‌رمانڕه‌وا و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى له‌خۆوه‌ گرتووه‌ و ئه‌م له‌خۆگرتنه‌ش به‌رده‌وامیى هه‌یه‌. هه‌روه‌ها فه‌رمانڕه‌وایان شتێك نین ته‌نیا به‌كارهێنه‌رى ده‌سه‌ڵاتن كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ موماره‌سه‌كردنى ده‌سه‌ڵات به‌ ناوى ده‌وڵه‌ت و له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گشتیدا.

هه‌روه‌ها له‌ گشت ڕێباز و ڕاوبۆچوونه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسی، ده‌بینین كه‌ جۆره‌ هاوده‌نگییه‌ك له‌ ئارادایه‌ له‌باره‌ى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌لانى كه‌مه‌وه‌، له‌ ڕووى تیۆرییه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش بریتین له‌:

  • بوونى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ به‌كارهێنانیدایه‌ نه‌ك له‌ خاوه‌ن بوونیدا. واته‌ له‌ خاوه‌ندارى مرۆڤدا نییه‌، به‌ڵكو له‌ په‌یوه‌ندیى نێوان مرۆڤه‌كاندا بوونى هه‌یه‌.
  • ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، ده‌سه‌ڵاتى هه‌مووانه‌ و به‌ گشت خه‌ڵكه‌وه‌ به‌نده‌.
  • ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ئامانجى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌ و له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا كارى پێده‌كرێت.
  • ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌سه‌ڵاتى ناچاركه‌ره‌.
  • ده‌سه‌ڵاتى سیاسى گشتگیره‌ و ده‌یه‌وێت هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیتر له‌ بەرانبەریدا لاوه‌كى بێت.
  • ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، ده‌سه‌ڵاتێكى جێگیر بووه‌.
  • ده‌سه‌ڵاتى سیاسى جۆره‌ ڕه‌واییه‌كى له‌ خۆوه‌ گرتووه‌.

 

دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ ڕوانگه‌ى لیبراڵیزم و ماركسیزم

 

لیبراڵیزم

كرۆكى لیبراڵیزم،  لێك جیا كردنه‌وه‌ى پانتایى حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌. لیبراڵیزم هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، هه‌وڵێكى هزرى بووه‌ به‌ مه‌به‌ستى دیاریكردنى پانتایى تایبه‌تى (تاكى، خێزانى، ئابوورى) له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌ت. وه‌كو ئایدۆلۆژیاى سیاسیش، له‌ پانتایى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیدا بەرانبەر پانتایى ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌ت، له‌ حكوومه‌تى مه‌رجدار و پابه‌ند به‌ یاسا و ئازادییه‌كانى تاك و مافى مه‌ده‌نی، به‌ تایبه‌تیش خاوه‌ندارێتى تایبه‌ت پشتگیرى كردووه‌. به‌پێى پڕه‌نسیپه‌كانى لیبراڵیزم ده‌بێت مافى حكوومه‌ت بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ ژیانى تایبه‌تى و مه‌ده‌نیدا به‌ به‌ربه‌ستى به‌هێز و دیار سنوردار بكرێت.

 

سیاسه‌ت، یاسا، ئایین، ڕه‌وشت و سیسته‌مى په‌یوه‌ندى له‌ كۆمه‌ڵگاى لیبراڵدا به‌ جۆرێك ڕێكده‌خرێت، كه‌ ئه‌و باڵابوون و پێشخستنه‌ى ئازادى بریندار نه‌كات

 

یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى لیبراڵیزم بریتییه‌ له‌ باڵایى ئازادى به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتێك شه‌رعییه‌تى هه‌بێت كه‌ بتوانێت چه‌ند په‌یمان و ڕێككه‌وتنێك بسه‌پێنێت و به‌ هۆیه‌وه‌ زۆرترین ئازادى بۆ زۆرترین ژماره‌ى مرۆڤ دابین بكات. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ سیاسه‌ت، یاسا، ئایین، ڕه‌وشت و سیسته‌مى په‌یوه‌ندى له‌ كۆمه‌ڵگاى لیبراڵدا به‌ جۆرێك ڕێكده‌خرێت، كه‌ ئه‌و باڵابوون و پێشخستنه‌ى ئازادى بریندار نه‌كات. له‌ ڕوانگه‌ى لیبراڵیزمه‌وه‌، حكوومه‌ت یان هه‌مان كۆمه‌ڵه‌ تاكێك كه‌ به‌پێى بنه‌ماى گرێبه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، مافێكى زۆرتر له‌ مافى تاكه‌ پێكهێنه‌ره‌كانیان نییه‌، هه‌ربۆیه‌ش  له ‌حكوومه‌تى لیبرالدا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى كه‌ بوار هه‌بێت ده‌رفه‌ت ده‌دات كه‌ هاووڵاتییان ڕاسته‌وخۆ ئه‌ركه‌ تاكى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى خۆیان ده‌ستنیشان و جێبه‌جێ بكه‌ن.

له‌ لیبرالیزمدا، گرنگترین فاكته‌رى ڕه‌وایى به‌خشین به‌ حكوومه‌ت ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییانه‌، له‌م بیرۆكه‌یه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌و له‌ نێوان گوێڕایه‌ڵى و ڕه‌زامه‌ندیدا هه‌یه‌، ته‌نیا به‌ ڕه‌زامه‌ندیى تاكه‌ كه‌ ده‌توانین خوازیارى گوێڕایه‌ڵى بین، چونكه‌ حكوومه‌ت له‌ ئه‌نجامى داواكارى و حه‌زى ئه‌و هاووڵاتییانه‌یه‌ كه‌ دایانمه‌زراندوه‌. بۆیه‌ ماناى لیبرالیزمى سیاسى كۆنتڕۆڵى ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى  ده‌سه‌ڵاتن.

 

ماركسیزم

بۆچوونێكیتر بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى بریتییه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ى ماركسیزم، كه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كى شۆڕشگێڕانه‌یه‌ و هه‌وڵده‌دات بۆ له‌ ناوبردنى ده‌سه‌ڵاتى به‌رقه‌رار و گۆڕینى گشت بواره‌كانى ژیان. ئه‌م ڕێبازه‌ زۆرتر باس له‌ ململانێى چینایه‌تى له‌ چوارچێوه‌ى به‌رهه‌مهێنان و باس له‌ فه‌لسه‌فه‌ى بوونى ده‌وڵه‌ت ده‌كات تاوەكوو تێڕوانینێكى ورد بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ڕه‌گ و سه‌رچاوه‌كانى. له‌ جیهانبینى ئه‌م ڕێبازه‌دا ده‌بینین كه:‌

  • په‌یوه‌ندیى چینایه‌تى بریتییه‌ له‌ په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵات.
  • چه‌مكى چین و ده‌سه‌ڵات پێكه‌وه‌ گرێدراون، چونكه‌ هه‌ردووكیان له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دێنه‌ ئاراوه‌.

به‌ بۆچونى ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئابوورى له‌ بوارى په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌رهه‌مهێناندا، ده‌بێته‌ هۆى هێنانه‌دى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى. بۆرژوازى له‌ ڕێگه‌ى خاوه‌ندارێتى ئامرازه‌كانى به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا كاروبارى به‌رهه‌مهێنان به‌ڵكو ئۆرگانى ده‌وڵه‌تیشی خستۆته‌ ژێر كۆنتڕۆڵى خۆیه‌وه‌.

 

ده‌وڵه‌ت هیچ نییه‌، ته‌نیا ئۆرگانێك نه‌بێت كه‌ بۆرژوازى بۆ گه‌ره‌نتیكردنى خاوه‌ندارێتى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى، چ له‌ ڕووى به‌رژه‌وه‌ندیى ناوخۆیى و چ له‌ ڕووى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانییه‌وه،‌ دایمه‌زراندوه‌

 

ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ تێڕامانێكى دوژمنكارانه‌ى لە بەرانبەر ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ و هه‌وڵى له‌ ناوبردنى ده‌دات تا نه‌توانێت گشت بواره‌كانى كومه‌ڵگا له‌ پێناو مانه‌وه‌ى خۆیدا بخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌ت واى بۆ ده‌چێت كه‌ ده‌وڵه‌ت هیچ نییه‌، ته‌نیا ئۆرگانێك نه‌بێت كه‌ بۆرژوازى بۆ گه‌ره‌نتیكردنى خاوه‌ندارێتى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى، چ له‌ ڕووى به‌رژه‌وه‌ندیى ناوخۆیى و چ له‌ ڕووى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانییه‌وه،‌ دایمه‌زراندوه‌. ده‌وڵه‌ت سیمبۆلى ئاشت نه‌بوونه‌وه‌ى ناكۆكى چینایه‌تییه‌. ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ له‌و بڕوایه‌دایه‌، كه‌ هزرى چینى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا، هزرگه‌لى به‌رقه‌راره‌ به‌سه‌ر گشت كۆمه‌ڵگادا، واته‌ ئه‌و چینه‌ى كه‌ له‌ ڕووى هێزى ماددییه‌وه‌ زاڵه‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، ئه‌و چینه‌یه‌ كه‌ ئامرازه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى ماددى به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئامرازه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانى هزریش كۆنتڕۆڵ ده‌كات.

 

سێیه‌م: مه‌شروعییه‌تى سیاسی

پێویسته‌ چه‌مكى مه‌شروعییه‌ت وه‌ڵامى دوو پرسیار بداته‌وه‌:

یه‌كه‌م: به‌ چ هۆكارێك كه‌سێك یان كه‌سانێك مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ فه‌رمانڕه‌وایى به‌سه‌ر كه‌سانیتردا بكه‌ن و بڕیاره‌ سیاسییه‌كان دابڕێژن؟

دووه‌م: بۆچى پێویسته‌ كۆمه‌ڵگا بڕیاره‌كانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى جێبه‌جێ بكات؟

به‌پێى ئه‌م دوو پرسیاره‌ له‌ نێوان مافى حكوومه‌ت و پێویستى ملكه‌چبوون جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كى لۆژیكانه‌ هه‌یه‌. كه‌واته‌ مه‌شروعییه‌تى سیاسى بریتییه‌ له‌: قبوڵكردنى ڕه‌زامه‌ندانه‌ى حكوومه‌ت و سیسته‌مى سیاسى له‌ لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش كاتێك دێته‌دى كه‌ شێوه‌ى به‌رقه‌رارى سیسته‌مى سیاسى له‌گه‌ڵ به‌ها و بڕوا گشتییه‌كانى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا یه‌ك بگرێته‌وه‌، به‌م جۆره‌ش ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا ملكه‌چى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌بن و پشتگیرى له‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كه‌ن.

 

به‌ بڕواى ڤێبەر مه‌شروعییه‌ت پشت به‌ بڕوا ده‌به‌ستێت و داواى ملكه‌چبوون له‌ خه‌ڵك ده‌كات، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات كاتێك كاریگه‌ره‌ كه ‌مه‌شروعییه‌تى هه‌بێت

 

مه‌شروعییه‌ت به‌ ماناى یاساییبوون یان به‌پێى یاسابوون دێت. بۆ یه‌كه‌مجار ماكس ڤێبەر ئه‌م چه‌مكه‌ى به‌ ماناى هاوچه‌رخ به‌كارهێنا. به‌ بڕواى ڤێبەر مه‌شروعییه‌ت پشت به‌ بڕوا ده‌به‌ستێت و داواى ملكه‌چبوون له‌ خه‌ڵك ده‌كات، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات كاتێك كاریگه‌ره‌ كه ‌مه‌شروعییه‌تى هه‌بێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌ (جان لۆك) ده‌ڵێت كاتێك ده‌سه‌ڵات ڕه‌وایه‌ كه‌ تاكه‌كان ملكه‌چى ده‌سه‌ڵاتێك بن كه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتن و ده‌سه‌ڵاتى خودى ئه‌وان بێت و ته‌نیا حكوومه‌تێك كه‌ هاووڵاتییان ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌بێت، ئه‌و حكوومه‌ته‌یه‌ كه‌ یاساكانى له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانه‌وه‌ داڕێژرابێت و پارێزگارى له‌ ماف و ئازادییه‌كانى گه‌ل بكات. واته‌ سیسته‌مێك كه‌ بۆ من ئازادى په‌یڕه‌وكردنى ئیراده‌ى خۆم له‌ هه‌موو شتێكدا دابین بكات، به‌ مه‌رجێك ئه‌م ئیراده‌یه‌ دژى یاسا نه‌بێت.

 

بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانى ڕه‌وایى، یان ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ لایه‌نێكیتر یاخود كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخى پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یران

 

كه‌واته‌ ڕه‌زامه‌ندى فاكته‌رێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌رقه‌راربوونى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی. ڕه‌زامه‌ندیش واته‌ متمانه‌پێكردنى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا به‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌و ڕێبازه‌ى كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یڕه‌وى لێ ده‌كات بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ڵێنى هێنانه‌دییانى داوه‌. هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندى له‌ ئه‌نجامى دابینكردنى پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى بوارى ماددى و مه‌عنه‌وی ژیانى مرۆڤه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییان له‌ ده‌ست بدات، تووشى قه‌یرانى ڕه‌وایى ده‌بێته‌وه‌. بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ش یان ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ لایه‌نێكیتر یاخود كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخى پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یران. كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ى دووباره‌ سه‌قامگیركردنى كۆمه‌ڵگا و گۆڕانكارى له‌ ڕێڕه‌وى ده‌سه‌ڵاتدا دێته‌دى. كه‌واته‌ هه‌موو ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ده‌سه‌ڵاتدا هاوبه‌شن.

 

هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى مه‌شروعییه‌ت

چه‌ندین هۆكار ده‌بنه‌ هۆى دروستبوونى قه‌یرانى سیاسى كه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك له‌م قه‌یرانانه‌ ده‌ده‌ین:

  • پشتگوێخستنى ده‌ستور
  • سنورداركردنى به‌شداریى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى
  • ناتوانایى حكوومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنى به‌ڵێنه‌كانى
  • به‌رزبوونه‌وه‌ى داواكارییه‌كانى خه‌ڵك و كه‌مى سه‌رچاوه‌كانى به‌رده‌ستى حكوومه‌ت
  • دروستبوونى بۆشایى له‌ نێوان حكوومه‌تى به‌رقه‌رار و حكوومه‌تى ویستراوى خه‌ڵك

 

جۆره‌كانى مه‌شروعییه‌ت:

دیڤید ئیستن سێ جۆرى مه‌شروعییه‌ت لێك جیا ده‌كاته‌وه‌:

  1. مه‌شروعییه‌تى ئایدیۆلۆژیك: له‌م جۆره‌دا سه‌رچاوه‌ى مه‌شروعییه‌ت ئایدیۆلۆژیاى زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادایه‌. له‌م مه‌شروعییه‌ته‌دا سیسته‌مى سیاسى ئامانجه‌كانى كۆمه‌ڵگا دیار ده‌كات و بڕیار له‌سه‌ر داهاتووى كۆمه‌ڵگا ده‌دات. ڕه‌تى هه‌ر جۆره‌ بیروبۆچوونى دژ به‌ خۆى ده‌كات.
  2. مه‌شروعییه‌تى ستراكتۆریى: واته‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ ڕێگه‌ى ستراكتۆره‌كانى ناو كۆمه‌ڵگا و به‌پێى ڕه‌زامه‌ندى هاووڵاتییان كاره‌كانى ئه‌نجام ده‌دات و ناتوانێت له‌و یاسایانه‌ى كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م ستراكتۆرانه‌دا زاڵه‌ ده‌ركه‌وێت.
  3. مه‌شروعییه‌تى كه‌سى: واته‌ كاتێك كه‌ كۆمه‌ڵگا بڕوا به‌ تواناییه‌كانى تاكه‌كه‌سێك (سه‌ركرده‌) دێنن و ئه‌م كه‌سه‌ى به‌پێى بۆچوونه‌كانى خۆى كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ ببات.

 

له‌ بابه‌تى مه‌شروعییه‌تدا جه‌خت له‌سه‌ر ڕاستى و دروستى سیسته‌مى سیاسى ناكرێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییان ده‌كرێت

 

به‌گشتى چه‌مكى مه‌شروعییه‌ت هێز و ده‌سه‌ڵات لێك جیا ده‌كاته‌وه‌، واته‌ كاتێك كه‌ هێز مه‌شروعییه‌تى له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م هێزه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕدرێت و هاووڵاتییان پشتگیرى لێ ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ له‌ بابه‌تى مه‌شروعییه‌تدا جه‌خت له‌سه‌ر ڕاستى و دروستى سیسته‌مى سیاسى ناكرێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییان ده‌كرێت.

 

چواره‌م: جۆره‌كانى ده‌سه‌ڵاتی سیاسی

هه‌ر بیرمه‌ندێك خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كردبێت، به‌پێى تێگه‌یشتنى خۆى ده‌سه‌ڵاتى پۆلین كردووه‌، ئێمه‌ش له‌م بابه‌ته‌دا سوودمان له‌ دابه‌شكردنى (ماكس ڤێبەر) بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى وه‌رگرتووە.

 

یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى

له‌ بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌ت به‌و كۆمه‌ڵگایانه‌یه،‌ كه‌ له‌ بارودۆخێكى سه‌ره‌تایى یان خێڵه‌كیدا ده‌ژین، واته‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى كه‌ له‌ ڕووى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ جۆره‌ خه‌سڵه‌تێكى هۆزگه‌رێتى و ئینتیما بۆ به‌هایه‌كى داخراو به‌ سه‌ریاندا زاڵه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م چه‌شنه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ كۆمه‌ڵگاكانى سه‌رده‌م و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كاندا به‌رچاو ناكه‌وێت، هه‌ر بۆ نموونه‌ش له‌ زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ خاوه‌ن به‌ها و نه‌ریتى كۆمه‌ڵایه‌تى دواكه‌وتوون، ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمانڕه‌وایى به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌كات.

 

په‌یوه‌ندیى هاووڵاتی به‌ فه‌رمانڕه‌واوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وه‌ له‌ میانه‌ى هه‌ستكردن به‌ وەلائی بۆ فه‌رمانڕه‌وا، كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌و بیروباوه‌ڕانه‌ى كه‌ پشتگیرى له‌ پله‌ و پایه‌ى فه‌رمانڕه‌وا ده‌كه‌ن

 

ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى كاتێك سه‌ر هه‌ڵده‌دات كه‌ ١. زاڵبوون و ده‌سه‌ڵات پشت به‌ خه‌سڵه‌تێكى پیرۆزى به‌هاكان ده‌به‌ستێت، كه‌ ئه‌م پیرۆزییه‌ به‌ درێژایى زه‌مه‌ن بوونى هه‌بووه‌ و له‌لایه‌ن گه‌لیشه‌وه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ په‌سند كراوه‌. ٢. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، له‌ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌ گشتییه‌كاندا ده‌سه‌ڵاتێكى میراتیى ڕه‌هایه‌ تا پارێزگارى له‌ نه‌ریته‌ جێگیربووه‌كان بكات و ٣. له‌ ڕێگه‌ى بیروباوه‌ڕ و نه‌ریته‌كانه‌وه‌، نه‌ك له‌ ڕێگه‌ى یاساوه‌ كاریگه‌رى له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه‌ داده‌نێت. ٤. به‌م جۆره‌ش فه‌رمانڕه‌وایى سروشتێكى به‌ كه‌سى بوون و ده‌سه‌ڵاتخوازى و ته‌قلیدى وه‌رده‌گرێت. په‌یوه‌ندیى هاووڵاتییش به‌ فه‌رمانڕه‌واوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وه‌ له‌ میانه‌ى هه‌ستكردن به‌ وەلائی بۆ فه‌رمانڕه‌وا، كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌و بیروباوه‌ڕانه‌ى كه‌ پشتگیرى له‌ پله‌ و پایه‌ى فه‌رمانڕه‌وا ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى به‌رده‌وام هه‌وڵى مانه‌وه‌ى سیسته‌مى سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رده‌وامبوونى ده‌دات، هه‌روه‌ها لەبەرانبەر هه‌ر جۆره‌ گۆڕانكارییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیدا تووشى گیروگرفت ده‌بێت.

 

به‌ گشتیش ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌ین وه‌ك:

  • فه‌رمانڕه‌وا یان پاشا كه‌ وه‌ك باوكى خێزان ده‌ژمێردرێت، ڕه‌وایى له‌ ڕێگه‌ى په‌یڕه‌وكردنى نه‌ریته‌كانى كۆمه‌ڵگا وه‌ده‌ست دێنێت. كۆمه‌ڵگاش خاوه‌ن نه‌ریتى باوه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ په‌سند كراوه‌.
  • داموده‌زگاكانى بیرۆكراسى ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ خێزانى خودى فه‌رمانڕه‌وا پێكهاتووه‌.
  • چونكه‌ گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌م سیسته‌مه‌دا به‌ شێوازى میراتى ئه‌نجام ده‌درێت و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست خێزانى فه‌رمانڕه‌وادایه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى كڕین و فرۆشتنى پله‌ و پۆسته‌ كارگێڕییه‌كان بوونى هه‌یه‌.
  • له‌ ڕوانگه‌ى (ڤێبەر)ه‌وه‌، داب و نه‌ریته‌كان فاكته‌رى مه‌عنه‌وین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى گه‌ل.

له‌ ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى ده‌سه‌ڵاتێكى چه‌قبه‌ستووى ناوه‌ندگه‌راى پشتبه‌ستوو به‌ پاشكۆ مێژووییه‌كانه‌. تا ئه‌و كاته‌ى كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕێز له‌و ڕێسا و بنه‌مایانه‌ بنێت كه‌ له‌سه‌ریان دامه‌زراوه‌ و جه‌خت له‌ باڵابوونیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بكات، گه‌ره‌نتى به‌رده‌وامى و ده‌سه‌ڵاتدارێتى خۆى ده‌كات و ڕه‌زامه‌ندیى گه‌لیش ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. به‌ڵام لادان له‌م پڕه‌نسیپانه‌ هۆكارى وروژاندنى جه‌ماوه‌ره‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات.

 

دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتى كاریزمى

ده‌سه‌ڵاتى كاریزمى له‌ هه‌ر كۆمه‌لگایه‌كدا سه‌رهه‌ڵبدات، خه‌سڵه‌تى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ له‌ سه‌رووى كۆمه‌ڵگا و ئه‌ندامه‌كانیه‌تى، بۆیه‌ گشت كۆمه‌ڵگا به‌ دیدێكى سیحرئامێزه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ سه‌ركرده‌ى كاریزما. لێره‌وه‌ ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ خه‌سڵه‌تێكى ڕۆحى وه‌رده‌گرێت و كۆمه‌ڵگا له‌ میانه‌ى ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و كه‌س بۆى نییه‌ ڕه‌خنه‌شى لێ بگرێت. له‌ كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌دا زۆرینه‌ى جه‌ماوه‌رى كۆمه‌ڵگا پشتگیرى لێده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌م پشتگیرییه‌ به‌رده‌وام و نه‌گۆڕ بێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گۆڕانكارییه‌ فرە ڕه‌هه‌نده‌كانى ژیان بۆچوونى هاووڵاتییان لەبەرانبەر سه‌ركرده‌ى كاریزمادا ده‌گۆڕێت.

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تى هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌:

  • ده‌سه‌ڵاتى كاریزمى، ده‌سه‌ڵاتێكه‌ پشت به‌ هێزى تاكه‌كه‌س ده‌به‌ستێت، واته‌ هێزى ئیلهامبه‌خشى كه‌سه‌كه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستێت داخۆ فه‌رمانده‌ یاخود سه‌ركرده‌، تا چ ڕاده‌یه‌ك توانا و لێهاتوویى ده‌بێت وه‌كو پاڵه‌وانێك یان كه‌سێكى پیرۆز فه‌رمان بۆ په‌یڕه‌وكه‌رانى ده‌ربكات.
  • له‌ ده‌سه‌ڵاتى كاریزمیدا، مرۆڤ به‌ هۆى دابونه‌ریت یان یاسا له‌ كاریزما په‌یڕه‌وى ناكات، به‌ڵكو به‌هۆى باوه‌ڕبوونى به‌ كاریزما په‌یڕه‌وى لێده‌كات و په‌یوه‌ندیى سۆزایه‌تى یان ناعه‌قڵانى له‌ نێوان په‌یڕه‌وان و سه‌ركرده‌دا هه‌یه‌.
  • له‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌موو دامه‌زراوه‌ بیرۆكراتییه‌كان هیچ مێتۆدێكى سیستماتیك بۆ دامه‌زراندن یان له‌ كارلابردن به‌كارناهێنرێت.
  • چاودێرى و دیاریكردنى وردى قه‌ڵه‌مره‌وى ئیختیارات و دادوه‌رى له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى ڕوون نییه‌.
  • له‌ هێزه‌ ناسروشتییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئایینى یان نائایینى بێت.
  • په‌یامێكى له‌خۆگرتووه‌، كه‌ ده‌كرێت دووباره‌ نوێكردنه‌وه‌ى باوه‌ڕێكى له‌ناوچوو یان گه‌ڵاڵه‌كردنى ئامانجێكى نوێ بێت.

 

ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك له‌ سه‌ر كه‌سایه‌تى تاك بنیات نراوه،‌ نه‌ك له‌ سه‌ر بنه‌ماى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى یان پله‌ و پایه‌ى كه‌سه‌كه‌، هیچ جۆره‌ ڕێسا و پره‌نسیپێكیش سنووردارى ناكات

 

ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك سروشتى بێت یان ناسروشتى به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێت. ئه‌م ڕوانینه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتگه‌رایى (ئۆسۆریتاریانیزم) واته‌ خواستى گوێڕایه‌ڵى بێچه‌ندوچوون یان سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات به‌بێ ڕه‌چاوكردنى ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییان په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وى هه‌یه‌. چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك له‌ سه‌ر كه‌سایه‌تى تاك بنیات نراوه،‌ نه‌ك له‌ سه‌ر بنه‌ماى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى یان پله‌ و پایه‌ى كه‌سه‌كه‌، هیچ جۆره‌ ڕێسا و پره‌نسیپێكیش سنووردارى ناكات. ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتێك به‌ ڕاشكاوى لە بەرانبەر ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى یان عه‌قڵانى ده‌وه‌ستێت، چونكه‌ نه‌ عه‌قڵ و نه‌ نه‌ریت پایه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نییه‌. به‌ڵكو سۆز و نه‌ریت شكاندن له‌ پێداویستییه‌كانى ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌یه.

 

سێیه‌م: ده‌سه‌ڵاتى عه‌قڵانى

ده‌سه‌ڵاتى عه‌قڵانى له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییانه‌ن كه‌ تیایدا كار و ئه‌ركه‌كان به‌ ڕوونى دیاریكراون و پێشكه‌وتنى فرە ڕه‌هه‌ند له‌ بواره‌كانى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیریدا ده‌سته‌به‌ركراوه‌. ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ خه‌سڵه‌تى هه‌ره‌ سه‌ره‌كییان كارایى سیسته‌مى بیرۆكراسییه‌ و، عه‌قڵانییه‌تیش له‌ به‌ڕێوه‌بردنى بواره‌كانى ژیاندا شوێن په‌نجه‌ى دیاره‌. هه‌روه‌ها له‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌ هۆى فرەوانیى زانیارییه‌كان و قۆرخ نه‌بوونى ئامرازه‌كانى ڕاگه‌یاندن به‌ ده‌ست لایه‌ن یان تاقمێك و ئازادیى یاسایى له‌ دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نه‌ گشتییه‌كاندا وه‌ك پارت و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، گشت ئه‌م فاكته‌رانه‌ نه‌ك ته‌نیا ئامرازێكن بۆ سنورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و گۆڕانكارى له‌ ئه‌ركه‌كانیدا (به‌پێى پێداویستییه‌كانى ڕۆژ)، به‌ڵكو له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ یارمه‌تیده‌رى ده‌سه‌ڵاتن له‌ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانیدا. له‌م سیسته‌مه‌دا هه‌ر جۆره‌ چالاكییه‌ك له‌ هه‌ر بوارێكدا پێویسته‌ به‌پێى یاسا ڕێكخرا بێت، كه‌ كه‌س بۆى نه‌بێت پێشێلى بكات.

ڕه‌وایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى عه‌قڵانى- یاسایى پشت به‌ستراوه‌ به‌ داڕشتنى ڕێسا و بڕیاره‌كان له‌ سه‌ر بنه‌ماى یاسا كه‌ هه‌م فه‌رمانڕه‌وا هه‌میش هاووڵاتى به‌ نۆرمگه‌لى هاوبه‌ش پابه‌ند ده‌كات. له‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا كرده‌ى سیاسى له‌ ڕێگه‌ى ده‌ستور و یاساوه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێت و یاساسالارى و ده‌ستورسالارى(Constitutionality)  به‌ به‌شێك له‌ كرده‌ى سیاسى داده‌نرێت.

 

له‌ ده‌سه‌ڵاتى عه‌قڵانیدا، له‌ ده‌ره‌وه‌ى ویستى خه‌ڵك هیچ ماف و ئه‌ركێك بوونى نییه‌، كه‌واته‌ خه‌ڵك  ئه‌رك و مافه‌كانى ده‌سه‌ڵات دیاریده‌كات

 

له‌ ده‌سه‌ڵاتى عه‌قڵانیدا، گوێڕایه‌ڵى بۆ كه‌سێكى دیاریكراو نییه،‌ به‌ڵكو بۆ كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى بابه‌تییانه‌یه‌ و له‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌دا گشت ماف و ئه‌ركێك له‌ ویستى گشتیى خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ویستى خه‌ڵك هیچ ماف و ئه‌ركێك بوونى نییه‌، كه‌واته‌ خه‌ڵك  ئه‌رك و مافه‌كانى ده‌سه‌ڵات دیاریده‌كات.

به‌ گشتى ده‌سه‌ڵاتى یاسایى -عه‌قڵانى له‌سه‌ر ئه‌م پڕه‌نسیپانه‌ى خواره‌وه‌ دامه‌زراوه:

  • له‌ ڕووى عه‌قڵانییه‌وه‌، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر یاسایه‌ك له‌ ڕێگه‌ى ڕێككه‌وتنه‌وه‌ به‌رقه‌رار بكرێت.
  • هه‌ر یاسایه‌ك له‌ جه‌وهه‌ردا بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ڕێسا كه‌ به‌ ئامانجه‌كى له‌مه‌و پێشتر نووسراوه‌ته‌وه و‌ بۆ داهاتووش به‌كاردێت.
  • خاوه‌نانى ده‌سه‌ڵاتى یاسایى په‌یڕه‌وى له‌ دیسپلینى خۆیان ناكه‌ن، به‌ڵكو په‌یڕه‌ویى له‌ یاساكان ده‌كه‌ن.
  • كه‌سى گوێڕایه‌ڵ وه‌كو ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگا، گوێڕایه‌ڵى له‌و یاسایانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ جه‌وهه‌رى بۆچوونى كۆمه‌ڵگا ده‌ژمێردرێن.
  • به‌و جۆره‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ گۆێڕایه‌ڵن به‌پێى به‌ندى سێیه‌م، له‌ كه‌سى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات گوێڕایه‌ڵى ناكه‌ن، به‌ڵكو گوێڕایه‌ڵى ڕێسا بابه‌تییه‌كانن.

كه‌واته‌ له‌م سیسته‌مه‌دا تاكى ده‌سه‌ڵاتدار ڕه‌وایه‌تیى نییه‌، به‌ڵكو ڕه‌وایه‌تى به‌ دامه‌زراوه‌كان ده‌درێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى یاساوه‌، هه‌ر له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌ تاك پله‌ و پایه‌ وه‌رده‌گرێت یاخود لێى ده‌سێنرێته‌وه‌. له‌ ئه‌نجامدا، له‌ سیسته‌مى عه‌قڵانیدا گشت كرده‌وه‌كان له‌ میانه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ریان رێككه‌وتووه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، كه‌ نه‌ ده‌سه‌ڵات و نه‌ كۆمه‌ڵگا بۆیان نییه‌ به‌ ته‌نیا گۆڕانكارى تیایدا ئه‌نجام بده‌ن.

 

پوخته‌:

  1. له‌ ئه‌نجامى ئه‌م بابه‌ته‌دا، به‌وە ده‌گه‌ین كه‌ شیكردنه‌وه‌ى چه‌مك و ناوه‌ڕۆكى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كارێكى دژوار و سه‌خته.
  2. ئه‌م چه‌مكه‌ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ خۆده‌گرێت كه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونیى پێویستى به‌ چه‌ندین فاكته‌ری دی هه‌یه‌. وه‌ك هێزى ناچاركردن، ڕه‌زامه‌ندى، دابینكردنى پێداویستییه‌كانى مرۆڤ، ڕێكخستنى كۆمه‌ڵگا، وه‌دیهێنانى ئازادى و دادپه‌روه‌رى. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌، په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵۆز و چڕ بێت و سنووره‌كانى ده‌سه‌ڵات به‌پێى كات و شوێن ئاڵوگۆڕى به‌سه‌ردابێت.
  3. چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌كان به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندان،‌ ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندا بن.
  4. ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كۆڵه‌كه‌ى ژیانى هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێكدێنێت و له‌ ده‌رهاویشته‌ى پێداویستییه‌كانى مرۆڤ بۆ ڕێكخستنى كاروباره‌كانى ژیانى تایبه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیه‌تى.
  5. ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندى و ڕه‌وایى له‌ ده‌سه‌ڵات بسێندرێته‌وه،‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆى جوڵانه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى مه‌شروعییه‌ت.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button