سیاسی

ئەمریکا و میسر تاوتوێی “دەستبەجێ ڕاگرتن”ی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن

زێدپرێس

 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەم لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، سامح شوکری، پاتەی کردەوە، کە پێویستە “دەستبەجێ” ئەو هێرشەی حەماس لە سەرەتای ڕۆژی شەممەوە دژی ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ڕابگیرێت. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ شتێکی نییە ئێران بە تێوەگلان لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تۆمەتبار بکات. ئێران پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی حەماس دەربڕیبوو، کە لە لایەن حزبوڵڵای لوبنانیشەوە پاڵپشتی کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فڕانس ٢٤، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەم لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، سامح شوکری، تاوتوێی “وەستاندنی دەستبەجێ”ی ئەو هێرشەی حەماسی کرد، کە لە سەرەتای شەممەوە دژی ئیسرائیل دەستیپێکردووە. لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچی نییە ئێران بە تێوەگلان لە هێرشەکەدا تۆمەتبار بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە ئێران پشتیوانی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی حەماس دەربڕی، کە بەهەمان شێوە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە پاڵپشتی کرا.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، حەماس ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەناکاوی دژی ئیسرائیل دەستپێکرد و هەزاران موشەکیان بەرەو ناو ئیسرائیل هەڵدا؛ چەکدارانی حەماس چوونە ناو خاکی ئیسرائیل و ژمارەیەک ئیسرائیلییان بەدیل گرت، ئیسرائیلیش بەتوندی وەڵامیدایەوە؛ لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، کە لەلایەن بزووتنەوەکەوە کۆنتڕۆڵكکراوە.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە “هێشتا زووە” بۆ ئەوەی بڵێین ئایا ئێران دەستی لە هێرشەکەی حەماسدا هەبووە.

ناوبراو ڕایگەیاند، هەماهەنگی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە سەبارەت بە پێداویستییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە دوای هێرشی حەماس، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا لەم کاتە سەختەدا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.

 

پێشتر عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لەمیانەی پەیوەندییەکدا لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، تاوتوێی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەیان لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کرد.

سەرۆکایەتی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا، باس لە “ڕاوێژکاری و هەماهەنگی سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی گرژی بەردەوامی کەرتی غەززە لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل” دەکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو سەرۆک “نیگەرانی قووڵیان دەربڕیوە سەبارەت بە زنجیرەی گرژییەکان و ڕووداوە مەترسیدارەکانی کەرتی غەززە.”

ئەوان جەختیان لەسەر پێویستی “ڕاگرتنی توندوتیژی، و ئەنجامدانی ئەوپەڕی ئاستەکانی خۆگرتن، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە لەدەستدانی خەڵکی زیاتر” کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا لە زاری سیسییەوە پشتڕاستی کردەوە، کە قاهیرە پەیوەندی بە لایەنە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان و ئەکتەرە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کردووە، “بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەرەسەندنەی ئێستا”، هۆشداری داوە لە “مەترسی خراپبوونی دۆخەکە و خزان بەرەو توندوتیژی زیاتر و تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی” لە کەرتی غەززە، و پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە، کە هەڕەشە لە سەقامگیری و “ئاسایشی ناوچەکە” دەکات.

 

میسر بە ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دادەنرێت، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کەرتی غەززەی کۆنتڕۆڵکردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...