سیاسی
ئاراستەکان

لەناوەوەی ئۆپەراسیۆنی کارتێکەری ئێران

جەی سۆلۆمۆن

وەرگێرانى لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

ڕووداوەکان

لە بەهاری ٢٠١٤، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە هێوری دەستیان کرد بە جوان-پیشاندانی وێنە و پێگەی تاران لەمەڕ کێشەکانی ئاسایشی جیهان -بە تایبەت پڕۆگرامی ناوکی پێوەست بە ئێران، ئەوەش لەڕێی پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ تۆڕێک لە توێژەر و کەسایەتی ئەکادیمیی کاریگەری گشت کیشوەرەکانی زەوی. بە دەستپێشخەریی پسپۆڕانی ئێران ناوزەدیان کرد.

قەبارە و ئامانجی پڕۆژەی دەستپێشخەریی پسپۆڕانی ئێران لە خەزێنەیەکی فرەوانی پەیوەندی و ئیمێڵەکانی حکوومەتی ئێران دەردەکەوێت، کە بۆ یەکەمجار لە لایەن سێمافۆر و ئێران ئینتەرناشناڵ ئاماژەیان پێدراون. بەرپرسەکان، کە لەژێر بەرپرسیارێتیی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی، کار دەکەن، پیرۆزباییان لە خۆیان کردووە بە بۆنەی کاریگەریی دەستپێشخەرییەکە. بەلانی کەم دوو کەس لە لیستەکەی وەزارەتی دەرەوە بوون بە یاریدەدەری سەرەکی ڕۆبەرت مالی، کە نێردراوە تایبەتەکەی ئیدارەکەی بایدن بوو بۆ ئێران، لە حوزەیرانی ئەمساڵیش مۆڵەتی پشووی پێدراوە لەدوای سڕکردنی مۆڵەتی ئاسایشەکەی. سێیەمیشیان لە لایەن ئەو خانەی بیرەوە قبووڵ کرا کە مالی بەڕێوەی دەبرد بەر لەوەی لە وەزارەتی دەرەوە دەست بەکار بێت.

نووسراوەکان تێڕوانینی قووڵ و نوێ سەبارەت بە بیرکردنەوە و کارەکانی ناوەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەبەخشن، بە تایبەتیش لە کاتێکی هەستیاری گفتوگۆ دیبلۆماسییەکانە لەسەر چەکی ناوکی -سەرەڕای ئەوەش وێناکردنی ڕووداوەکان لە تێڕوانینی تارانەوە گومانی خراوەتەسەر، ئەگەر بە ڕاشکاوی ڕەتنەکرابێتنەوە، بە هەندێک لەوانەی لە دەستپێشخەریی پسپۆڕانی ئێران بەشدارن. پەڕاوەکان پیشانی دەدەن چۆن ئێران توانای ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کارتێکردنی هەبووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی زۆرجار لە ناوچەکە ئەنجامی دەدەن.

 

 

ئیمێڵەکان لە لایەن ئێران ئینتەرناشناڵەوە دەستکەوتوون و وەرگێڕدراون، کەناڵێکی هەواڵی تەلەڤزیۆنییە، کە بە زمانی فارسی پەخش دەکات و بارەگاکەی لە لەندەنە -بۆ ماوەیەکیش لە واشنتن بوو بەهۆی هەڕەشەکانی حکوومەتی ئێران، هەروەها ئەو بەڵگەنامانە لەگەڵ سێمافۆر هاوبەشییان پێکراوە. سێمافۆر و ئێران ئینتەرناشناڵ پێکەوە هەواڵیان لەسەر هەندێک ڕەهەندی دەستپێشخەرییەکە دا. هەریەک لە دوو ڕێکخراوەکە سەربەخۆیانە چیڕۆکی خۆیان لەسەر باسەکە نووسیوە.

پەیوەندییەکان ئەو کارئاسانییەی بەردەم دیپلۆماتەکانی ڕۆحانی دەردەخەن بۆ چوونەناوەوەی بازنەکانی یاسادانانی واشتینتن و ئەورووپا لەڕێی ئەو تۆڕەوە، بەتایبەت لە کۆتا ساڵەکانی ئیدارەکەی ئۆباما. بەگوێرەی ئیمێڵەکان بێت، ئەکادیمییەکی ئەڵمانی لەناو دەستپێشخەرییەکە، پێشنیازی ئەوەی کردووە وتار و بۆچوونی بەرپرسانی تاران لەژێر ناوی ئەو لە ڕۆژنامەکان بڵاو بکرێنەوە. هەندێکیشیان هەندێکجار ڕاوێژیان بە دەستەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکرد سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەو کۆنفڕانسانەی لە ئەمریکا و ئیسڕائیل ئەنجام دەدران. ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە نووسەرانی بەرهەمداری ڕۆژنامەکان و بابەتە شیکارییەکان بوون، تێڕوانینی خۆیان لە تەلەڤزیۆن و تویتەر دەخستەڕوو، زوو زوو باسی گرنگی سازانیان لەمەڕ کێشەی چەکی ناوکی لەگەڵ تاران دەهێنایە بەرچاوان -لە پێگەیەکدا بوون لەگەڵ هەردوو ئیدارەکەی ئۆباما و ڕۆحانی دەگونجا لەو کاتەدا. ئیمێڵەکان دەریدەخەن دەستپێشخەرییەکە دوای هەڵبژاردنی ڕۆحانی لە ٢٠١٣ دەستیپێکردووە، کاتێک دەگەڕا بەدوای چارەسەرێکی هاوبەش لەگەڵ ڕۆژئاوا سەبارەت بە کێشەی چەکی ناوکی. بە گەڕانەوە بۆ ئیمێڵەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەڕێی خانەی بیرە ناوخۆییەکەیەوە، کە دەکاتە دامەزراوەی لێکۆڵینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندی لەگەڵ ١٠ ئەندامی سەرەکی پڕۆژەکە بەست. وەزارەتەکە لەڕێی ئەوانەوە هەوڵیدا لە ١٨ مانگی داهاتوودا بانگەشەکان چڕ بکرێنەوە بۆ پیشاندانی سوودەکانی ڕێککەوتنێکی ناوکی لە نێوان تاران و واشنتن، کە لە تەمموزی ٢٠١٥ بەئەنجام گەیشت.

“ئەو دەستپێشخەرییە کە بە ‘دەستپێشخەریی پسپۆڕانی ئێران’ ناوزەدی دەکەین، پێکهاتووە لە دەستەیەکی کرۆکی ٦-١٠ ئێرانیانی ناسراوی نەوەی دووەم، کە پەیوەندییان لەگەڵ خانەی بیرە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە ئەکادیمییە پێشڕەوەکان بەستووە، بە تایبەتی ئەوانەی ئەورووپا و ئەمریکا،” سەعید خەتیبزادە، دیپلۆماتێکی ئێرانی لە ئەڵمانیا و دواتریش گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، وای بۆ موستەفا زەهرانی نووسیوە، کە دەکاتە بەڕێوەبەری خانەی بیری ‘دامەزراوەی لێکۆڵینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان’ی ناوخۆیی لە تاران. نامەکە لە ٥ی ئاداری ٢٠١٤ نووسراوە، لە کاتێکدا پڕۆژەکە تازە چالاک دەبوو. پەیوەندییەکانیان لە نێوان ئینگلیزی و فارسی دەگۆڕا -کە لەڕێی ئێران ئینتەرناشناڵەوە وەرگێڕدراون، دواتریش سەربەخۆیانە لە لایەن سێمافۆرەوە پشتڕاست کراونەتەوە.

 

 

هەفتەیەک دواتر لە ١١ی ئادار، خەتیبزادە نامەیەکی دیکەی ناردووە و گوتوویەتی لە لایەن دوو ئەکادیمی گەنجەوە پاڵپشتی بۆ دەستپێشخەرییەکە بەدەست هێناوە -ئاریان تەباتەبایی و دینا ئەسفەندیاری- دوای چاوپێککەوتنێکیان لە پڕاگ. “ئەو سێیەمان ڕێککەوتین ببین بە دەستەی کرۆکی دەستپێشخەرییەکە.”

ئێستا تەباتەبایی لە پێنتاگۆن وەک سەردەستەی یاریدەدەری سکرتێری بەرگری بۆ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان خزمەت دەکات، پێگەیەک کە مۆڵەتی ئاسایشی حکوومەتی ئەمریکای پێویستە. ئەو پێشتر وەک دیپلۆماتێک کاری کردووە لە دەستەکەی مالی بۆ دانوستانەکانی بابەتی چەکی ناوکی ئێران دوای ئەوەی ئیدارەکەی بایدن لە ٢٠٢١ پۆستەکەیان گرتەدەست. ئەسفەندیاری ڕاوێژکارێکی باڵای بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە لە گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی، کە خانەیەکی بیرە لە لایەن مالییەوە ڕابەرایەتی کراوە لە ٢٠١٨ تاکوو ٢٠٢١.

تەباتەبایی و ئەسفەندیاری لێدوانیان لەسەر دەستپێشخەرییەکە نەدا. خاوەنکارەکەی ئێستای ئەسفەندیاری، گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی، بەشداریی ئەوی لە دەستپێشخەرییەکە پشتڕاست کردەوە. بەڵام گرووپەکە، کە هەوڵ بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان دەدات لە جیهاندا، گوتی دەستپێشخەرییەکە تۆڕێکی نافەرمییە لە ئەکادیمی و توێژەران، کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرپەرشتی نەکراوە، هەروەها لەڕێی حکوومەتێکی ئەورووپایی و چەند دامەزراوەیەکی ئەورووپاییەوە پاڵپشتی دارایی کراوە، کە ڕەتیان کردەوە ناویان بدەن.

ئەو ئیمێڵانەی باسی دەستپێشخەرییەکەیان دەکرد بەشێکبوون لە هەزاران لەو پەیوەندییانەی لەگەڵ زەهرانی بەستراون، کە ئێران ئینتەرناشناڵ دەستیخستوون. لەو بەڵگەنامانەیش، لەبەرگیراوەی پاسپۆرتەکان، سیڤییەکان، بانگهێشتنامەی کۆنفڕانسەکان، بلیتەکانی فڕۆکە و داواکاری ڤیزە هەبوون. دیار نییە بەڵگەنامەکانی پێوەست بە دەستپێشخەرییەکە چەند تەواو یان گشتگیرن.

 

زیاتر بزانە

بەگوێرەی پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بێت، دەستپێشخەرییەکە زۆر بە خێرایی تەشەنەی سەند دوای هەوڵەکانی سەرەتایان. لە ١٤ی ئایاری ٢٠١٤، کۆنفڕانسێکی دەستپێک لە هۆتێلی پاڵایس کۆبەرگی ڤیەننا ئەنجام درا -شوێنی گفتوگۆکانی پرسی ناوکی نێودەوڵەتی. بەپێی ئیمێڵێک، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەڤاد زەریف، لە لیستی ئامادەبووان ناوی هاتبوو، لەپاڵ ئەویشدا، ئەندامانی دەستەی دانوستانکاری ناوکییەکەی و هەشت نوێنەری خانەی بیرە ڕۆژئاواییەکان. سەرەتا دیپلۆماتە ئاست نزمترەکانی ئێران پێشنیازیان کردبوو کۆبوونەوەکە لە تاران ئەنجام بدرێت، بەڵام جێگری زەریف لەبەر هۆکاری لۆجیستیکی دژی پێشنیازەکە وەستابوویەوە.

بەگوێرەی ئیمێڵەکان، بەدرێژایی گفتوگۆکان لە ڤیەننا، زەریف سەرنجی لەسەر دروستکردن و دیارخستنی کەسایەتییەکی دیار بوو، کە بتوانێت بانگەشە بۆ ڕوانگەی ئێران بکات لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی ناوکی. ئەو بە دیاریکراوی باسی لە نموونەیەکی ئێرانی ڕۆبەرت ئاینهۆرن دەکرد، دیپلۆماتێکی ئیدارەی ئۆباما و شارەزایەکی بواری ناوکییە، کە زوو زوو پارچە نووسینی زانستییانەی سەبارەت بە پڕۆگرامی ناوکی ئێران بڵاو دەکردەوە، هەروەها لە چالاکییەکانی خانەکانی بیری ئەورووپا و ئەمریکا دیار دەکەوت.

“ئەتۆ ڕاستت فەرموو کاتێک گوتت شەرمە ئێران نموونەیەکی بۆب ئاینهۆرنی تایبەت بە خۆی نییە -یەکێک بتوانێت سەرنج بۆ سەر حاڵەتەکەی ئێران ڕابکێشێت وەک چۆن ئاینهۆرن سەرنج بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان یان پی٥+١ ڕادەکێشێت،” عەدنان تەباتەبایی، ئەکادیمییەکی ئەڵمانی بەشدار لە چاوپێککەوتنەکەی دەستپێشخەرییەکە لە ڤیەننا، ٥ ڕۆژ دواتر، لە نامەیەکی بۆ زەریف بە ئینگلیزی وای نووسیبوو. پی٥+١ پێنج ئەندامە هەمیشەیییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا بوون، لەگەڵ ئەو کەرتە دیپلۆماسییەی لەسەر ڕێککەوتنە ناوکییەکە دانوستانیان لەگەڵ تاران دەکرد. عەدنان تەباتەبایی پەیوەندی بە ئاریان تەباتەباییەوە نییە.

 

 

عەدنان تەباتەبایی پێشنیازی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد لەژێر ناوی ئەوەوە نووسراو بڵاو بکەنەوە. لە هەمان ئیمێڵدا بە زەریفی گوتبوو، “پێشنیازمان دەکرێت ئەوە بێت وەک دەستەیەک، کار لەسەر داڕشتنێک (٢٠٠٠ وشە) بکەین سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی بەردەوامن. بە نموونە، دەکرێت لەژێر ناوی بەرپرسێکی پێشوو بڵاو بکرێتەوە، لەڕێی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیجی یان دامەزراوەی لێکۆڵینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان -بەدڵنیایییەوە دوای ئەوەی تۆ و دەستەکەت چاوێکیان بە نووسینەکەدا خشاندەوە.”

وەزیری دەرەوە چوار ڕۆژ دواتر و دوای زەهرانی وەڵامی دایەوە. زەریف پێشنیازەکەی قبووڵ کرد و ئاماژەی بەوەدا “ئەو وتار یان بۆچوونانە” لەژێر ناوی کۆمەڵێک کەسانی ئێرانی یان نائێرانی دەرەوە، لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی پێشوو بڵاو بکرێنەوە. ڕوون نییە ئەگەر، یان چەند، پارچە نووسین لە ماوەی ئەو پڕۆسەیەدا بڵاو کرابێتەوە.

عەدنان تەباتەبایی ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر دەستپێشخەرییەکە بدات، گوتیشی ڕاپۆرتەکانی ئێران ئینتەرناشناڵ و سێمافۆر “لەسەر بنەمای هەڵە سەرچاوەیان گرتووە و گریمانەکانیش هەڵەن.” هەروەها گومانی خستەسەر ڕاستبوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ زەریف. ئێران ئینتەرناشناڵ لێکۆڵینەوەیەکی کونپشکنانەی لەسەر ئیمێڵەکان کرد، هیچ دژییەکیەکی لە زانیارییەکان نەدۆزییەوە کە گومان بخاتە سەر ناڕاستبوونیان.

دەستپێشخەرییەکە بەزوویی هەوڵی بۆ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دا -بڵاوکردنەوەی بۆچوون و شیکاری لە میدیا باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەورووپا، کە تێیاندا بەتایبەت یاسادانەرانیان بە ئامانج گرتبوو. کەمتر لە مانگێک دوای کۆبوونەوەکەی ڤیەننا، عەلی ڤایزی سەر بە گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی، قوتابییەکی نزیکی ڕۆبەرت مالی، کە بە هاوبەشێکی دەستپێشخەرییەکە دانراوە، وتارێکی سەبارەت بە دامرکاندنەوەی تەنگژەی ناوکی بۆ زەهرانی ناردووە پێش بڵاوکردنەوەی. “چاوەڕوانی لێدوان و بۆچوونی تۆ دەکەم،” بە زمانی فارسی لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٤ وای نووسیبوو، فایلێکی هاوپێچیشی لەگەڵ بوو بە ناونیشانی “مەترسییە مەزەندەکراوەکانی دیپلۆماسی ناوکی لەگەڵ ئێران.”

ئیمێڵەکان پیشانی دەدەن وتارەکان لە لایەن زەهرانییەوە هاوبەشییان پێکراوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە، زەریف، هەر لەو ڕۆژەی کە پێی گەیشتووە. ١٢ ڕۆژ دواتریش لە “ناشناڵ ئینترێست” لەژێر ناوی “دایلێمای هەڵە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران،” بە هەندێک وشەی گۆڕاوەوە، وتارەکە بڵاوکرایەوە. ڕوون نییە ئەگەر زەریف خۆی گۆڕانکاری تێدا کردبێت، چونکە لە بەڵگەکاندا دیار نییە هیچ ئیمێڵێکی ناردبێتەوە. لە کاتێکدا زۆرینەی خانەی بیران و میدیاکان مەرجیان هەن لەدژی بڵاوکردنەوەی وتار پێش چاپکردنیان، گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکی بۆ سێمافۆر گوتی، کە جەستەکە بە بەردەوامی و چالاکانە هەوڵ بۆ تێگەیشتن لە تێڕوانینی ئەو لایەنە سەرەکییانە دەدا کە لە ناکۆکییەک تێوەگلاون، هەروەها نووسراوی پێوەست لەگەڵ یاسادانەران هاوبەشی پێدەکات.

 

 

بەگوێرەی ئیمێڵەکان، ئاریان تەباتەبایی، بەرپرسێکی ئێستای پێنتاگۆن، بەلانی کەم لە دوو حاڵەتدا ڕاوێژی بە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردووە بەر لە بەشداریکردن لە چالاکییەکانی تایبەت بە دانانی ڕێکار. لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٤، بە زمانی فارسی ئیمێڵێکی بۆ زەهرانی ناردووە و نووسیویەتی لەگەڵ تورکی فەیسەڵی شازادەی سعوودیە یەکیان بینیوە -نێردراوێکی پێشوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، شازادەکە ئارەزووی پیشانداوە بۆ کارکردن لەگەڵ یەکدی و بانگهێشتی کردووە بۆ سعوودیە. هەروەها گوتوویەتی بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە وۆرکشۆپێک لەسەر پڕۆگرامی ناوکی ئێران، لە زانکۆی بێن گوریۆنی ئیسڕائیل. “ئارەزووی ڕۆیشتنم نییە، بەڵام دواتر بیرم کردەوە ڕەنگە باشتر بێت بڕۆم و گفتوگۆ بکەم، لەبری ئەوەی ئیسڕائیلییەکی وەک ئێمیلی لاندۆ بچێت و زانیاریی هەڵە بڵاو بکاتەوە. حەز دەکەم بۆچوونی تۆش بزانم لەسەر قبووڵکردنی بانگهێشتنامەکە و ڕۆیشتنم بۆ ئەوێ.”

زەهرانی لە هەمان ڕۆژدا وەڵامی داوەتەوە، “ئەگەر هەموو شتەکان لەبەرچاو بگیرێن، سعوودیە وەک کەیسێکی باش دەردەکەوێت، بەڵام وا باشترە خۆت لە کەیسی دووەمیان (ئیسڕائیل) بەدوور بگریت. سوپاس.” تەباتەبایی چەند کاتژمێرێک دواتر وەڵامی داوەتەوە، “زۆر سوپاس بۆ ئامۆژگارییەکەت. لەمەڕ باسەکەی سعوودیە دەست بەکار دەبم و لە بەرەوپێشچوونەکان ئاگادارت دەکەمەوە.” هیچ بەڵگەیەک نییە تەباتەبایی چووبێت بۆ کۆنفڕانسەکەی ئیسڕائیل، هەرچەندە کتێبەکانی و توێژینەوەکانی وای پیشان دەدەن چاوپێککەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیسڕائیل ئەنجام دابێت.

ئاریان تەباتەبایی بە زەهرانی گوتووە داوای لێکراوە لە بەرانبەر کۆنگرێسی ئەمریکا لەمەڕ ڕێککەوتنە ناوکییەکە گەواهی بدات. لە ١٠ی تەمموزی ٢٠١٤، نووسیویەتی کە داوای لێکراوە لە بەرانبەر چەند ئەنجوومەنێکی کۆنگرێس و دوو ئەکادیمی هارڤارد، گاری سامۆر و ویلیام تۆبی، ئامادەبێت، دووانەکەی کۆتایی بە تێڕوانینی ئاریان زۆر توندن سەبارەت بە ئێران. “لە چەند ڕۆژانی داهاتوودا سەرقاڵت دەکەم. کەمێک سەخت دەبێت چونکە ویلیام و گاری هیچکامیان ڕوانگەیان لەسەر ئێران باش نییە،” ئەو نووسیبووی.

تەباتەبایی هاوبەشی بە بەستەرێک کرد لەگەڵ زەهرانی، کە دەیبردە ناو وتارێکی بڵاوکراوەی خۆی لە بۆستن گڵۆب، بە ناونیشانی “پێنج خوڕافە سەبارەت بە پڕۆگرامی ناوکی ئێران.” وتارەکە ڕوونی کردبوویەوە لەبەرچی ئێران پێویستی بە هێزی ناوکییە و سەرنجی خستبووە سەر فەتوایەک، کە ڕابەری باڵای ئێران، ئایەتووڵا خامنەیی، گوایە پەرەپێدانی چەکی ناوکی قەدەغە کردووە بە بیانووی ئەوەی نائیسلامییە. هەندێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوا گومانیان خستووەتەسەر ڕاستبوونی فەتوایەکە.

 

لە ڕوانگەی تارانەوە

بەرپرسانی ئێرانی بەرپرسیار لە دەستپێشخەریی پسپۆڕانی ئێران، زەهرانی و خەتیبزادە، لە هەندێک ئیمێڵی ناوخۆیی نێردراو بۆ بەرپرسە باڵاترەکانیان، بە کارەکانی خۆیاندا هەڵداوە بەهۆی سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکە. ئەوان دەیانژمارد لە ماوەی هەفتەیەکدا چەند جار ئەکادیمییەکانی دەستپێشخەرییەکە بابەتیان دەنووسی و ئەو بابەتانە لە میدیاکان بەکار دەهێنرانەوە، ئەوە دوای ئەوەی تاران و زلهێزەکانی جیهان گەیشتن بە گرێبەستێکی پێشەکیی ناوکی لە ٢ی نیسانی ٢٠١٥، لە لۆزان، سویسڕا. زانیارییە میدیاییەکان لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاوبەشییان پێکراوە.

“دوای گفتوگۆیە تەلەفۆنییەکەمان، تەنیا کەمێک لە گرنگترین کارە بڵاوکراوەکانی هاوڕێکانمانم لەو ئیمێڵەدا داناوە بۆ ئەوەی بیانبینی، کارەکان هیی هەفتەیەک دوای بەئەنجامگەیاندنی گرێبەستەکەی لۆزانە،” خەتیبزادە بە فارسی نووسیبووی. “ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامدا بووین و بەدرێژایی کاتەکان کارمان دەکرد. هەندێک لە هاوڕێیان بەتەنیا هێندەی دامەزراوەیەکی میدیایی سوودبەخش بوون.”

لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٥، خەتیبزادە ئیمێڵێکی بۆ زەهرانی نارد، ئەویش نامەکەی ئاڕاستەی زەریف و مەجید تەختڕەڤانچی کرد، کە یەکێک بوو لە جێگرەکانی وەزیری دەرەوە و ئەندامێکی دەستەی دانوستانە ناوکییەکان بوو. خەتیبزادە ١٠ فایلی وۆردی جیای بە ئیمێڵەکە بەستبوویەوە، هەریەکەیان کارەکانی یەکێک لە ئەکادیمییەکانی دەستپێشخەرییەکەی تێدا ڕیزکرابوو. لە ناویاندا، ئاریان تەباتەبایی و عەلی ڤایز هەبوون، کە هەردووکیان لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ مالی کردووە لە دەیەی ڕابردوو، هەروەها دینا ئەسفەندیاریش هەبوو، کە لە ماوەی کارکردنی مالی لە گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی وەرگیرابوو. (مالی لەڕێی تویتەر و بە ئاشکرا بەخێرهاتنی ئەسفەندیاری کرد بۆ دەستەکەی لە گرووپەکە، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١، بەڵام بەر لەوەی ئەسفەندیاری دەست بە کارەکەی بکا، مالی دەستی لەکار کێشایەوە و وەک بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی بایدن دەستی بە کارکردن کرد.)

 

 

خەتیبزادە، گوتەبێژی دواتری وەزارەتی دەرەوە، لە ئیمێڵەکەدا بەخۆیدا هەڵداوە، “لەپاڵ ئەوانەشدا سەدان تویت و پۆست کراون، هەروەها… ئەوە شتێکی تاکە لە ئینتەرنێتدا و ترێند دروست دەکەن. پێویستە تێبینی بکرێت ئەو کارانە تەنیا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو نەکراونەتەوە، بەڵکوو بە چەندان زمانی نێودەوڵەتی دیکەش.”

ئەو لیستەی لە لایەن خەتیبزادەوە هاوبەشی پێکرا، پیشانی دەدا لە هەفتەیەکدا ئاریان تەباتەبایی چوار وتاری بڵاوکردبوویەوە، یەکێکیان لە فۆڕەین پۆلسی، هەروەها چاوپێککەوتنی لەگەڵ هەفینتن پۆست و ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران ئەنجامداوە، ئاژانسەکە بەستراوەتەوە بە سووپای پاسداران، لە گشت وتار و چاوپێککەوتنەکان زیاتر پاڵپشتی لە ڕوانگەی تاران دەکرد سەبارەت بە گفتوگۆکان لەمەڕ چەکی ناوکی. لە وتارێکیدا بۆ ناشناڵ ئینترێست، کە پێکەوە لەگەڵ دینا ئەسفەندیاری نووسیبوویان، باسیان لەوە دەکرد ئێران “زۆر بەهێزە” بۆ ئەوەی سنووردار بکرێت، هەروەها گوایە “تاران پێویستی بە هیچ گرێبەستێک نییە بۆ ئەوەی هەست بە بەهێزی بکات و جێ پێی خۆی لە ناوچەکەدا قایم بکات.”

عەلی ڤایزیش لە چالاکییە میدیاییەکانی زۆر چوست بوو. کارەکانی بەنزیکەیی لە گشت ڕۆژنامە دیارەکانی ئەمریکا ئاماژەیان پێدرابوو، لەوانەیش، نیو یۆرک تایمس، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت، واشینتن پۆست و لۆس ئەنجلس تایمس، ئەوە هەر لە ماوەی دەستپێکی دەستپێشخەرییەکە لە ئاداری ٢٠١٤ تاکوو بەئەنجامگەیشتنی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە تەمموزی ٢٠١٥.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، خانەی بیری دامەزراوەی لێکۆڵینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان، زەریف، زەهرانی و خەتیبزادە ڕەتیان کردەوە لێدوان بدەن لەمەڕ بابەتەکە.

 

ڕوانگەی جەی

ئەگەر ئەکادیمی یان ڕۆژنامەوان بیت، ئیشکردن لەسەر ئێران وەک ئەوە وایە لەناو کێڵگەیەکی میندا بجوڵێیەوە. گەیشتن بە وڵاتەکە و بەرپرسەکانی بەتوندی سنووردارکراوە. تەنانەت ئەو دەرفەتانەی دروستیش دەبن مەترسیی خۆیان لەگەڵە. لەماوەی گەشتەکانم بۆ ئێران وەک پەیامنێر، پێویست بوو بەر لە گەشتەکانم پرسیارەکانم و بیرۆکەی بابەتەکانم پێشکەشی وەزارەتی دەرەوە بکەم، هەروەها فەرمانبەرێکی حکوومی وەک ناوەندێک بەکرێ بگرم. ئەو فەرمانبەرە ڕۆڵی وەرگێڕی دەبینی، لە هەمان کاتیشدا چاودێربوو بەسەر گشت جوڵە و چاوپێککەوتنەکانم. پێم وابوو دەزگای هەواڵگریی ئێران لە نزیکەوە چاودێری دەکردم.

تاران بە هەوڵی ماندوونەناسانە ئۆپەراسیۆنی زانیارییەکانی بە وڵاتانی دیکەدا بڵاو دەکاتەوە، هەندێکجار سەرکەوتوو دەبن و هەندێکجاریش نا. ئەکادیمییەکی ئێرانی نیشتەجێی هەمیشەیی ئەمریکا، بە ناوی کاڤە ئەفرەسیابی، پەیوەندی پێوە دەکردم و تێڕوانینەکانی خۆی لەبارەی پڕۆگرامی ناوکی ئێران پێ دەگوتم، بە تۆمەتی کارکردن لەژێرەوە لەگەڵ ڕژێمی ئێران، لە ناوچەیەکی بۆستن لە ساڵی ٢٠٢١ دەستبەسەر کرا. ئەو وەک بەشێک لە گرێبەستی بارمتە گۆڕینەوەکەی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە نێوان ئیدارەی بایدن و ئێران ڕێگەی پێدراوە بگەڕێتەوە تاران، هەرچەندە ئەفرەسیابی گوتی نیازی مانەوەی لە ئەمریکا هەیە.

نوێکردنەوە: ئەفرەسیابی، کە کەیسەکەی هێشتا لە قۆناغی پێش-دادگایی بوو بەر لەوەی ئازاد بکرێت، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە پەیوەندی پێوە کردم و ڕەتی کردەوە هەرگیز وەک بریکارێک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێران کاری کردبێت. “بە توندی دژی ئەو بانگەشە هەڵە و نادادپەروەرانە دەوەستمەوە، کە ناوبانگیشمیان زڕاندووە،” لە ئیمێڵێکدا پێی گوتم. “کارە نێودەوڵەتییە کاتییەکانم وەک ڕاوێژکار بۆ هەڵمەتەکەی ئێران لەژێر ڕێبەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ پەیوەندییەکی بە کتێب و وتارەکانمەوە نییە…تەنانەت لەو نووسراوانەم ژمارەیەکی زۆر لە وتار هەن بە ڕوونی ڕەخنە لە ئێران دەگرن.” گوتیشی، “من سەرچاوەیەکی ئاسایشتی نەتەوەیی بووم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەرگیز هەڕەشە نەبووم.”

 

 

لە هەمان کاتدا ڕژێمی ئێران پڕە لە لایەنی دەسەڵاتدار، مانەوە لە ناوەڕاستدا کارێکی پڕ مەترسییە بۆ دیپلۆمات و ڕۆژنامەوانان. دەستپێشخەرییەکە لە لایەن ئیدارەیەکی ڕۆحانییەوە سەریهەڵدا، کە خواستی هێنانەوەی ئێرانیان هەبوو بۆ ناو مامەڵە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش دوای هەشت ساڵ سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدینەژاد، کە هۆڵۆکۆستی ڕەت دەکردەوە و بانگەشەی بۆ لەناوبردنی ئیسڕائیل دەکرد. وەزیری دەرەوەی ڕۆحانی، جەڤاد زەریف، لە ماوەی خزمەتی پێشووی وەک نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەکادیمی و سیاسییەکانی ڕۆژئاوا بەستبوو. بەشداربووانی دەستپێشخەرییەکە، هەروەها زۆرینەی حکوومەتانی ڕۆژئاوا، دەست بەکاربوونی ڕۆحانی و زەریف لە پێگە نوێکانیان بە دەرفەتێک دەزانی بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە ئابووریی جیهان ببەستنەوە و کۆتایی بە تەنگژە ناوکییەکە بهێنن. ئیدارەکەی ئۆباما لەڕێی وەسیلەی ئاشکرا و نهێنییەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەوە بوو.

بەڵام ڕۆحانی هەرگیز نوێنەری دیوە ڕادیکاڵەکەی کۆمارە ئیسلامییەکە نەبووە، بە تایبەت سوپای پاسداران. هەروەها هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١، کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزا دراوە، بەگشتی زۆرینەی دەرگاکانی بەرەو ڕووی ڕێککەوتنەکان داخست. ڕاستییەکەی، حکوومەتەکەی ڕەئیسی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پشتیان لە ڕۆبەرت مالی و هەندێک لە ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە کردووە، لەڕێی میدیاکانی دەوڵەتەوە تۆمەتی ئاژاوەی ئیتنیکییان لەناو ئێران دەدەنە پاڵ. تاران تایمس، میدیایەکی ئینگلیزی پێوەست بە نووسینگەی ڕەئیسییە، لە ماوەی ڕاگرتنی مالی ئاشکرای کردووە: لە هەندێک زنجیرە نووسراودا بانگەشەی ئەوە کراوە، سڕکردنی دیپلۆماتەکە بەستراوەتەوە بە هەندێک لەو جۆرە هەوڵانەی خۆی و هەندێک لە هاوکارانی لەگەڵ ئێرانیان داوە.

“پەیوەندییە گوماناوییەکانی مالی لەگەڵ هاوکارە ئێرانییەکانی ئەوی خستە ئەو بارە خراپەوە،” تاران تایمس لە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی مانگی ڕابردووی وای نووسیبوو. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتی کردووەتەوە لێدوان لەسەر هۆکاری سڕکردنەوەکەی بدات. ئێف بی ئایش لێکۆڵینەوە لە مالی دەکەن، ئەوەش گومان دروست دەکات کارەکانی دیپلۆماتەکە زۆر جدیتر بن لە هەڵەکردن لە مامەڵە لەگەڵ زانیارییە نهێنییەکان.

مالی یەکەم بەرپرسی ئەمریکا نییە بکەوێتە تەڵەی کۆماری ئیسلامییەوە. شاراوەیی سیستەمی تاران و کارە فرەوانەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەتوانن نیازە ڕاستەقینەکانی حکوومەتەکە بشارنەوە. ئیمێڵەکانی دەستپێشخەرییەکە سەرنجێکی تایبەت لەسەر سیستەمی ئێران دەخاتە بەردەست.

 

بازنەی ناکۆکییەکان

هیچ کام لەو هاوکارانەی مالی، کە دیپلۆماتە ئێرانییەکان وەک ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە ئاماژەیان پێداون، ڕاستەوخۆ قسەیان بۆ سێمافۆر نەکردووە. بەڵام خاوەنکاری ئێستای ئەسفەندیاری و ڤایز، کە دەکاتە گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی، تێگەیشتنێکی تەواو جیاوازی بۆ دەستپێشخەرییەکە و ڕۆڵی تاران تێیدا هەیە.

ئێلیسا جۆبسن، بەڕێوەبەری بەشی هەڵمەتەکانی گرووپەکە، گوتی دەستپێشخەرییەکە “سەکۆیەکی نافەرمییە” و دەرفەتی بە توێژەرانی سەر بە ڕێکخراوی جیاواز داوە لەگەڵ دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و بەرپرسانی ئێران یەک ببینن، هەروەها لە لایەن دەزگا ئەورووپییەکان و حکوومەتێکی ئەورووپی پاڵپشتی دارایی کراوە. ڕەتی کردەوە ناویان بدات.

“ئەگەر تۆزێک وردتر باسی بکەم، وەسیلەیەک بوو بۆ بەگەڕخستنی مشتومڕی زانستی، هەروەها قەوارەیەکی فەرمی نەبووە کە بەشداربووان لە لایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە ڕاسپێرێت،” ئەو گوتی. “ڕاستی ئەوەی بەشداربووان سەر بە خانەی بیری جیاوازبوون دەریدەخات سەکۆیەکی نافەرمیی بووە.” گرووپەکە جەختیش لەوە دەکاتەوە گشت بڵاوکراوەکانیان بە تاقیکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەڕوات و لەناوەوەی گرووپەکە ڕەزامەندییان لەسەر دەدرێت؛ ئەوان ڕەتی دەکەنەوە ئێران یان هەر حکوومەتێکی دیکە، هیچ کام لە ئەندامەکانی دەستەکەیانیان ئاڕاستە کردبێت خۆیان بخەنە پێگەیەکی ناکۆک لەگەڵ ڕوانگەی فەرمی ڕێکخراوەکە.

خانەیەکی بیری دیکەی ئەورووپی، ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، دڵنیایی دا یەکێک لە ئەندامە باڵاکانی، ئێڵی جێرەنمایە، بە هەمان شێوە لە دەستپێشخەرییەکە پشکی هەبووە. یەکێک لە گوتەبێژەکانی ئەنجوومەنەکە گوتی حکوومەتێکی ئەورووپی پاڵپشتی دەستپێشخەرییەکەی کردووە، بەڵام ناوی نەدا، هەروەها جەختیشی کردەوە خانەی بیرەکە هەمیشە “نرخە سەرەکییەکانی” گەشتی ستافی دەستپێشخەرییەکە بە مەبەستی توێژینەوە، لە ئەستۆ دەگرێت. “وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ بانگەشەکردن بۆ ڕێکارە ئەورووپییەکان، ئەنجوومەنە ئەورووپییەکە زوو زوو لەگەڵ پسپۆڕان و خانەی بیران لە سەرانسەری جیهان پەیوەندی دەبەستێت، بەشێکی لەڕێی سەردانی بە مەبەستی توێژینەوە و وۆرکشۆپەکان،” گوتەبێژەکە گوتی.

مالی ڕەتی کردەوە لێدوان بدات. هەردووک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێنتاگۆنیش ڕەتیان کردەوە لێدوان لەسەر پەیوەندییەکانی مالی لەگەڵ دەستپێشخەرییەکە بدەن، بەڵام گوتیان ئەوان پاڵپشتی ئاریان تەباتەبایی و پڕۆسەی پێدانی مۆڵەتی ئاسایشەکەی دەکەن. “د. تەباتەبایی بەبێ کەموکوڕی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە وەک مەرجێک بۆ دەستبەکاربوونی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری. ئێمە شانازی بە هەبوونی ئەو دەکەین،” پێنتاگۆن لە لێدوانێکدا ڕوونی کردەوە.

سه‌رچاوه‌
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button