مارک کێرتس
لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ
- وەزیرەکانی بەریتانیا هەناردەکردنی چەکیان بۆ ڕژێمی عیراق زیاد کرد لەو کاتەی ڕژێمەکە دەستی بە “هەڵمەتێکی تیرۆر” لە دژی کوردەکان کرد لە ١٩٦٣.
- هەزاران هاژەک بۆ بەغدا نێردران سەرەڕای ئاگاداربوون لەوەی بەکار دەهێنرێن بۆ خاپوورکردنی گوندە کوردییەکان.
- بەریتانییەکان هەوڵیان دا تۆمەتی جینۆساید نەدرێتە پاڵ عێراق لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
- حکوومەتی کرێکاری تکای سەرکردەکانی کوردی پشتگوێ خست بۆ ڕێگریکردن لە عێراق لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی کوردەکان.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە نووسیویەتی، لە تشرینی یەکەمی ١٩٦٣، حکوومەتی بەریتانیا ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی تەقەمەنی بۆ عێراق دەربڕیوە، لە کاتێکدا بەتەواوی لەوە گەیشتوون ئەو تەقەمەنییانە “بە ئەگەری زۆرەوە بۆ خاپوورکردنی گوندە کوردییەکان بەکار دێن.”
بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەرشیڤی نەتەوەیی بەریتانیا جەخت دەکەنەوە، حکوومەتی عێراق هێرشێکی بەرفرەوانی دەست پێ کردبوو بۆ سەر کوردەکان لە باکووری وڵاتەکە، بەریتانیاش لەڕێی زیادکردنی هەناردەکردنی چەکەوە پاڵپشتی دەکردن.
تێوەگلانی بەریتانیا لە وێرانکردنی گوندە کوردییەکان لە ساڵانی ١٩٦٠ەکان، پێشینەیەک بوو بۆ پێڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوشێوە لە ١٩٨٠کان، ئەو کاتەی سەدام حوسێن بە توندی هێرشی کردە سەر کوردەکان.
هەڵمەتی تیرۆر
هێزی سەربازی عێراق لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٣ دەستی بە هەڵمەتەکانی کرد لە دژی کوردەکان، بەهۆی داواکردنی سەربەخۆیی، بەشێک لە داهاتی نەوتی عێراق و لادانی سەربازە عەرەبەکان لە هەرێمی کوردستان.
ڕژێمی ئەو کاتەی بەغدا لە سایەی کودەتایەکی خوێناوی پاڵپشتیکراو لە لایەن (سی ئای ئەی) ئەمریکییەوە، لە شوباتی ١٩٦٣، دەسەڵاتی گرتبووە دەست – حزبی بەعسی نەتەوەیی عێراق ئەو کاتە بۆ یەکەمجار هاتە دەسەڵات.
بەرپرسەکانی بەریتانیا هیچ گومانێکیان لە هەڵوێستە توندەکانی سوپای عێراق نەبوو لە دژی کوردەکان. لە بەڵگەنامەکاندا نووسیویانە، “نیازی عێراقییەکان دەستکردنە بە هەڵمەتێکی تیرۆر.”
بەگوێرەی نووسراوی بەرپرسەکان، دوای دە ڕۆژ لە دەستپێکی هێرشەکان، سوپاکە “خەریکی وەدەرنان و خاپوورکردنی گوندەکانی سنووری کەرکووک بووە.”
لە کاتێکدا دوو لەسەر سێی سوپای عێراق لە باکووردا جێگیرکرابوون، وەزارەتی دەرەوە بە نووسین تێبینی داوە، “بە ڕوونی دیارە حکوومەتی عێراق هەوڵێکی یەکجارەکی دەدات بۆ ئەوەی کێشەی کوردەکان لە ڕیشەوە بە کۆتا بهێنێت.”
بەشێک لەو “تاکتیکە بێبەزەیییانە”ی لە لایەن سوپای عێراقەوە جێبەجێ دەکران، بریتیبوون لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کوردەکان.
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا لە ٢٢ی حوزەیران لەندەنی ئاگادار کردووەتەوە کە “هێرشە دڕندانەیییەکانی سوپا لە دژی کوردەکان بە ئەگەری زۆرەوە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب بۆ ماوەی داهاتوو تێک دەدات.” لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو، “سوپا سەرکەوتوو بووە لە پاکتاوکردنی گوندە کوردییەکانی ئەو ناوچە دەشتاییانەی بەرگریکردن لێیان سەختن.”
تێشیدا هاتووە، “ئەو ڕێگەیەی بەکار دەهێنرێت گرتنی گوندەکانە یەک بە یەک، تۆپبارانکردنیانە لە مەودایەکی سەلامەتەوە لەڕێی دەبابە و هاوەنەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی نیشتەجێیان یان پێدانی کاتێکی کەم دوای ئاگادارکردنەوەیان. دوای ماوەیەک لە تۆپبارانکردنەکە، حەرەس قەومی یان جاشەکان دەڕۆن تاڵانیان دەکەن.”
“لە هەندێک حاڵەتدا، وەک ناوچە کوردنشینەکانی کەرکووک، بوڵدۆزەر بۆ ڕووخاندنی خانووەکان بەکارهێنراوە. دەرەنجامەکەشی چوونە دەرەوەی پیاوەکانە، ژنان و منداڵانیش زۆربەی جار دەبێت بەرگری لە خۆیان بکەن و گوندەکان بە چۆڵکراوی و هەندێکجاریش بە بێدەنگی جێهڵێدراون.”
مەترسییەکان
وەزارەتی دەرەوە درکی کرد کەمپینەکانی بەغدا چەند مەترسییەکیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا هەن. ئەو مەترسییانەش بریتیبوون لە، “هێرشی شکستخواردوو دەکرێت بارودۆخی ڕژێمی عێراق بخاتە مەترسییەوە” هەروەها شەڕکردنیش دەکرێت دەرفەت بۆ تێوەگلانی ڕووسیا بڕەخسێنێت لە کوردستان. لە هەمان کاتیشدا، دەترسان پرسی دۆزی کورد بە تورکیا، ئێران و سوریادا بڵاو ببێتەوە، سەرەنجام زیان بەر دامەزراوە نەوتییەکانی عێراق بکەوێت.
بەڵام ئەو مەترسییەی کە بزرە لە لیستەکەی وەزارەتی دەرەوە، کاریگەریی شەڕکردنەکەیە بەسەر کوردەوە.
نووسراوەکان دەری دەخەن باڵیۆزی بەریتانیا، سێر ڕۆجەر ئاڵن، سەرەتا هانی بەغدای داوە لەگەڵ کوردەکان دانوستان بکەن، بەڵام کاتێک کەمپینەکە دەستی پێ کرد، بەریتانیا ڕاستەوخۆ پاڵپشتی خۆی بۆ ڕژێمی عێراق ڕاگەیاند.
بەر لەوەی بەغدا لە مانگی حوزەیران دەست بە ئۆپەراسیۆنەکانی بکات، بەریتانیا ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بەهێز و کاریگەر دەربڕیبوو، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی لە دژی کوردەکان بەکار دەهێنرێن.
لە یەکێک لە فایلەکان هاتووە، ئالێک دۆگڵاس هۆم، وەزیری دەرەوەی حکوومەتەکەی هارۆڵد ماکمیلان، “بەپەرۆشە بۆ ئەوەی پێداویستییە سەربازییەکانی عێراق بە زووترین کات دابین بکرێن.”
لە یازدەی نیسان، وەزیرەکانی بەریتانیا ڕەزامەندییان لەسەر هەناردەکردنی ٢٥٠ ناقیلەی سارەسنی پۆڵایینی بەریتانی دەربڕی، سەرەڕای ئەوەی درک بەوە کرابوو، “بە ئەگەری زۆرەوە لە ئەگەری پێویستی لە دژی کوردەکان بەکار دەهێنرێن.” لەپاڵ ئەو ناقیلانەدا، ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی گولەتۆپی هاوەن و مووشەک بۆ فڕۆکە جەنگییەکان دەربڕدرابوو، کە پێشتریش هەر لە لایەن بەریتانیاوە پڕچەک کرابوونەوە، لە نووسراوەکانی وەزارەتی دەرەوە هاتبوو، “دووبارە بە ئەگەری زۆرەوە لە دژی کوردەکان بەکار دەهێنرێن.”
لێژنەیەکی وەزارەتی دەرەوە بە نووسراو ئاماژەی دابوو، “ئەو ڕێککەوتنانە سوودی بازرگانیی کاریگەریان دەبێت، چونکە بەهای چەکوتفاقی هەناردەکراو زۆرە.” بەهای ڕێککەوتنەکە ٦ ملیۆن پاوەند بوو.
هاژەکەکان
حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری دواخستنی هەناردەکردنی هەندێک لە هاژەکەکانی دا. بەرپرسێک ڕوونی کردبوویەوە کە “دەمودەست پێدانی ئەو هەموو پێداویستییە پێیان کارێکی خراپ دەبێت، چونکە ئەوە وایان لێ دەکات کەمتر بیر لە دانوستان لەگەڵ کوردەکان بکەنەوە، هەروەها ئەگەر شەڕیش ڕووبدات و بێباکانە دەست بە هێرشی مووشەکی بکەن، ڕەنگە لە پەرلەمان و لەلای خەڵکی تووشی ڕەخنە ببینەوە.”
دوای ئەوەی بەغدا هێرشی کردە سەر کوردستان، حکوومەتی بەریتانیا قووڵتر بیری لە ناردنی مووشەکەکان کردەوە، لە نووسراوەکانیان بە “ئامڕازی هەستیار” وەسفیان کردوون، چونکە “لە دژی کوردەکان بەکار دەهێنرێن.”
لە فایلەکاندا هیچ ئاماژەیەک بە کاریگەرییەکان بۆ سەر کوردەکان نەدراوە، تەنیا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی بەریتانیا و خەڵکەکەی کراوە. لە یەکێک لە ڕێبەرەکان هاتووە، “هەواڵی شەڕەکە ڕەنگە ڕەخنەی خەڵکمان بێنێتەسەر بەهۆی بڕیاری پڕچەککردنی عێراق.”
دوو هەفتە دوای دەستپێکی کەمپینەکە، وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی دابوو، “ئامادەین باشترینی خۆمان بکەین بۆ ئەوەی پێویستی عێراقییەکان پڕ بکەینەوە لە مەجالی پڕچەککردن و ڕاهێنان،” هەرچەندە وەزیرەکان هێشتا خوازیاربوون لەسەر دواخستنی هەناردەکردنی هاژەکەکان، لە کاتێکدا عێراقییەکان فشاریان بۆ دەهێنان بۆ ئەوەی هەناردەیان بکەن و ئەوانیش “لە دژی کوردەکان بەکاریان بهێنن.”
بەڵام لە تەمموزدا، وەزیرە کۆنسێرڤەتڤەکان ڕەزامەندییان لەسەر هەناردەکردنی ٥٠٠ لەو “هاژەکە پڕ تەقەمەنییانە” دەربڕی. ئەفسەرێکی باڵای هێزی ئاسمانی عێراق، عەمید حلمی، بە باڵیۆزی بەریتانیای گوتبوو کە ئەو “ئێستا پێویستی بەو چەکانەیە بۆ ئەوەی جەنگەکەیان لە دژی یاخییەکان بە خێرایی و سەرکەوتووانە بە ئەنجام بگەیەنن.”
کاتێک پێی گوترا بەریتانیا هاژەکەکان هەناردە دەکات، حلمی “لە دڵەوە سوپاسگوزار بوو،” هەروەها بە گوێرەی نووسراوەکانی باڵیۆزەکە، حلمی وای بیر دەکردەوە سەرکردەکەی، کە دەکاتە سەرکردەی هەموو هێزە ئاسمانییەکانی عێراق، “بەو هەڵوێستەمان خۆشحاڵ دەبێت.”
پەیوەندییە باشەکان
لە ڕێبەرێکی وەزارەتی دەرەوە، کە بۆ باڵیۆزخانەکان نێردراوە، مەرج و ڕێکارەکانی حکوومەتی بەریتانیا تێیدا ڕوونکراوەتەوە، نووسراوە “ئێمە بەدرێژایی پاڵپشتییەکانمان بیرمان لەوە کردووەتەوە هەر پێویستییەکی سەربازی بنێرین، دەکرێت لە دژی کوردەکان بەکار بهێنرێن، بەڵام دەبوو ئەو لایەنە لەپاڵ زۆر فاکتەری دیکە هەڵبسەنگێنین.”
ئەو فاکتەرانە بریتیبوون لە درووستکردنی پەیوەندیی باش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق، هەروەها دوورخستنەوەیان لە وەرگرتنی پێداویستیی سەربازی لە سۆڤیەتەوە.
لە کاتێکدا شەڕکردن لە کوردستان بەردەوام بوو، تاکوو کۆتایی ئابی ١٩٦٣، هێزی ئاسمانیی عێراق ٥٠٠ مووشەکی فڕۆکەیان کۆکردبوویەوە، بڕیاریش وابوو ١٠٠٠ دانەی دیکە لە ١ی ئەیلوول و ٥٠٠ دانەی دیکەیان لە ١ی تشرینی یەکەم بۆ بنێردرێت. دواتریش نزیکی ١٨٠٠٠ مووشەکی دیکەیان بۆ دابین بکرێت.
دوای ئەوە بەریتانییەکان ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ناردنی ٢٨٠ هەزار فیشەک بۆ ناقیلە سارەسنەکانی عێراق، لەپاڵیدا، گولەتۆپی هاوەن، تۆپی هاوەنی جۆری ٢٥-پاوندەر، کۆپتەری جەنگی و ڕەشاشی بچووکی ستێرلینگ.
بەریتانیا ڕەزامەندی بۆ داواکانی عێراق دەربڕی بۆ ئەوەی دەستەیەک بۆ وڵاتەکە بنێرن تاکوو دۆشکەکانی سەر ئەو دەبابە سێنچوریەنانە چاک بکەن کە لە لایەن بەریتانیاوە نێردرابوون. وەزارەتی دەرەوە نووسیبووی، “یەکێک لە فێڵە سیاسییەکان”ی ئەو داواکارییە، بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق بوو لە دژی کوردەکان.
نەدەکرا بە هیچ شێوەیەک ئەفسەرانی بەریتانی لە نزیک ناوچەکانی شەڕ ببینرێن. بۆیە تێبینییان دابوو، “ئەگەر دۆشکەی دەبابەکان لە باکوور تێک بچن، دەبێت دەبابەکان بهێنرێنەوە بەغدا و لەوێ چاک بکرێنەوە.”
جینۆساید
بەرپرسانی بەریتانی ئاگاداربوون لەوەی ئەو هێرشانەی عێراق کە پاڵپشتییان لێ دەکردن، دەکرا بە جینۆساید هەژمار بکرێن. وەزارەتی دەرەوە لە ئەیلوولی ١٩٦٣ لە نووسراوێکیاندا تێبینیان کردبوو، “هێرشەکانی عێراق دڕندانە بوون و ڕەنگە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لەناوبردن یان کەمکردنەوەی کوردەکان وەک کەمینەیەکی نەژادی، لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن.”
لە ٦ی تەممووز، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا وەزارەتی دەرەوەی ئاگادار کردبوویەوە کە “کوردەکان دەکوژرێن لەبری ئەوەی بەدیل بگیرێن. هەندێک نیشانەمان لە بەرپرسان بەرچاو کەوتووە و ئەگەری هەیە ئەوە ڕێکارێکی ویستەکی بێت.”
لە ئاگادارکردنەوەکەدا هاتبوو، “لەو کاتەوە ڕاپۆرتمان بەرگوێ کەوتووە باسیان لە نیازی کەمکردنەوەی دانیشتووانە کوردەکان لە باکوور کردووە، لە هەمان کاتدا نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگەیان. هەروەها بیستوومانە تەنانەت ئەفسەرێکی عەرەب قێزی لەو ڕێگەیانە کردووەتەوە کە عێراقییەکان گرتوویانەتەبەر و بە ڕێگەی نامرۆڤانە وەسفی کردوون، پێشی وابووە لە داهاتوویەکی دووردا دەرەنجامی خراپییان لێ دەکەوێتەوە.”
باڵیۆزخانەکە ئاماژەشی بەوە دابوو، “هیچ گومانێک لە نیازی حکوومەت نییە بۆ ڕووخاندنی گوندەکان… حکوومەتی عێراق پەنای بردووەتەبەر بەکارهێنانی هێز بەبێ ئەو سنوورە مرۆیییانەی لە دژی کوشتنی سیڤیلن، ڕەنگە تەنانەت نیازی کەمکردنەوەی ژمارەی کەمینەی کوردیان لە عێراق هەبێت، یان بەتەواوی بنبڕیان بکەن.”
ڕێککەوتی ئەو نووسراوە گرنگە، چونکە هەناردەکردنی زۆربەی پێویستییە سەربازییەکان بۆ ئەوەی عێراق لە دژی کوردەکان بەکاریان بهێنن، دوای نووسراوەکە ڕەزامەندییان لەسەر دراون.
‘ئەو بارە لەکۆڵ بکرێتەوە’
بەریتانییەکان هەوڵیان دا تۆمەتی جینۆساید نەدرێتە پاڵ عێراق لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
ڕێبەرێکی ئامادەکراوی وەزارەتی دەرەوە، کە ڕێککەوتەکەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٦٣یە، ناونیشانی “ڕێکارەکانی جینۆسایدی ئەنجامدراو لە لایەن حکوومەتی کۆماری عێراق لە دژی کوردەکان: هۆکارەکان بۆ لێدوانی دژ،” هەڵگرتووە.
نووسراوەکە ڕێبەرایەتی نێردراوەکانی بەریتانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و تێیدا هاتووە، “ڕوونە کە ئەوە خواستی حکوومەتەکەی شاژنە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو بارە لەکۆڵ بکرێتەوە.”
ویلیام مۆریس، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە، تێبینی دابوو ئەگەر جینۆساید لە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە سەرباس، “باشترین هەڵوێستمان خۆگرتنە لە دەنگدان،” هەروەها “ئەگەر بتوانین هیچ شتێک نەڵێین.”
مۆریس ڕوونیشی کردەوە دانەپاڵی تۆمەتی جینۆساید مانای وایە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی لە کاروبارە ناوخۆیییەکانی وڵاتانی ئەندام تێوەدەگلێنێت، کە ئەمەش دژی پێڕەوەکەی خۆیەتی، هەروەها “لە لایەن ئێمەوە قبووڵ نەکراوە لەمەڕ هەر کێشەیەکی پێوەست بەو ناوچانەی بە ئێمەوە بەستراون.”
چەوساندنەوە
هەناردەکردنی چەک و ڕاهێنانی سەربازی لە لایەن بەریتانیاوە سوودی بۆ ڕژێمەکەی بەغدا هەبوو لە چەوساندنەوە و بێدەنگکردنی نیشتمانیانی ناوخۆ. یارمەتی بەریتانیا لە چاککردنەوەی دەبابە سێنچوریەنەکانی عێراق دەکرا لەم ڕووەوە سوودی هەبێت، چونکە “دوو بەتالیۆنە سێنچوریەنەکە بناغەی ئاسایشی ناوخۆن لە بەغدا.”
هەرزوو فڕۆکەی جەنگی جۆری ‘هۆوکە هەنتە’ لە لایەن بەریتانیاوە نێردران، بە هۆکاری ئەوەی “ڕەنگە توانای عێراقییەکان زیاد بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنماڵ.” بەرپرسان تێبینییان کردبوو “هێزەکانی ئاسمانی عێراق دەستێکی دیاری هەبوو لە کودەتاکە و لادانی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆک وەزیران لە شوباتی ١٩٦٣، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی بەغدا.”
ڕاستییەکەی لە کودەتاکەی شوبات، فڕۆکەی هۆوکە هەنتەی نێردراو لە لایەن بەریتانیاوە بەکارهێنرابوون بۆ هێرشکردنەسەر بینای وەزارەتی بەرگری، ئەو شوێنەی عەبدولکەریم قاسم سەنگەری لێ گرتبوو.”
ئەو سیناریۆیە دە ساڵ دواتر لە وڵاتی چیلی دووبارەبوویەوە، کاتێک فڕۆکەی هەنتەی نێردراو لە لایەن بەریتانیاوە بە هەمان شێوە بەکارهێنران بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەرکەوتووانە بۆ سەر ئەو کۆشکەی سەرۆک سالڤادۆر ئالێندێ، کە بە دیموکراسییانە هەڵبژێردرابوو، لێی مابوویەوە.
هۆوکە هەنتە بە هەمان شێوە لە کودەتایەکی دیکە بۆ هێرشکردنەسەر بینای وەزارەتی بەرگری و کۆشکی سەرۆکایەتی بەکارهێنرابوون، لە تشرینی دووەمی ١٩٦٣، بۆ لادانی حکوومەتی بەعس، تەنیا چەند مانگێک دوای ئەوەی دەسەڵاتیان گرتەدەست.
‘هێرشی ئاسمانی بێباکانە’
هێرشەکان لە دژی کوردەکان بەدرێژایی ١٩٦٣ بەردەوام بوون، تا ئەو کاتەی هێرشکردن سوودێکی نەما. پێداویستیی سەربازی بەردەوام لە بەریتانیاوە بۆ عێراق دەهات، سەرەڕای گۆڕانی ڕژێمەکانی عێراق و گۆڕانی حکوومەتە کۆنسێرڤەتڤەکەی بەریتانیا بۆ حکوومەتی کرێکاری هارۆڵد ویڵسن لە ١٩٦٤.
لە نیسانی ١٩٦٥، عێراقییەکان لەژێر فرمانی عەبدولسەلام عارف دەستییان بە کەمپینێکی یەک ساڵە لە دژی کوردەکان کردەوە و هێرشەکانیش هەمان ئاستی دڕندەیی ئەوانەی پێشوویان هەبوون.
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تەممووزی ١٩٦٥ ئاماژەی دابوو، کە “زۆربەی قوربانییانی کورد خەڵکە سیڤیلەکەن، کە ئازاری زۆریان چەشتووە بەهۆی هێرشی ئاسمانی بێباکانە،” ئەو هێرشانەش لە لایەن هێزی ئاسمانی عێراقی ئەنجام دەدران و هۆوکە هەنتە و هەزاران مووشەکی نێردراو لە لایەن حکوومەتەکانی بەریتانیا تێیاندا بەکار دەهێنران.
ئەوەش دەزانرا کە ناپاڵم “لە لایەن فڕۆکە عێراقییەکان فڕێ دەدرانە خوارەوە.” گوندەکان لەگەڵ زەوی تەخت دەکران، هەندێک شوێنیش “بە بەکارهێنانی هێز لە کورد دادەماڵران.”
فەرمانی ناردنی چەک
حکوومەتە کرێکارییەکە، لە ناوەڕاستی ١٩٦٥ داوایەکی پەرلەمانی ڕەتکردەوە بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی چەک بۆ بەغدا. ئاماژە بەوە درابوو، کە “حکوومەتەکەی شاژن هیچ نیازێکی ڕاگرتنی هاریکاریی ئاسایی بۆ حکوومەتی عێراق نییە لە شێوەی هەناردەکردنی پێویستیی سەربازی.”
لەو کاتەدا فەرمانی گەورە دەرکرابوون و چاوەڕێی جێبەجێکردن بوون، بڕیار وابوو لە تەممووزەوە دەست بە ناردنی ١٧٠٠٠ هاژەکی هۆوکە هەنتە بکرێت، سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی دەیانزانی لە دژی کوردەکان بەکار دەهێنرێن. حکوومەتەکەی ویڵسن ڕەزامەندیشی دەربڕی لەسەر ناردنی ٤٠ فڕۆکەی جەنگی جۆری ڵایتنینگ، ئەوەش ڕێککەوتنێکی چارەنووسی بوو.
لە ڕێبەرێکی وەزارەتی دەرەوە، لە حوزەیرانی ١٩٦٥دا هاتووە، “ئێمە هەناردەکردنی پێویستیی سەربازییمان بۆ عێراق بە جێگیری هێشتووەتەوە، تەنانەت لە ماوەی شەڕیش لەگەڵ کوردەکان.”
هۆکارەکان هێشتنەوەی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ سوپای عێراق، کە بە “لایەنی حکومڕانانی عێراق” وەسف کرابوو، لە هەمان کاتیشدا بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی چەک لە بەغدا لە لایەن یەکێتیی سۆڤییەت و میسڕەکەی ناسڕ. هۆکارێکی دیکەش ئەوەبوو “ئەوان سوودی بازرگانیی کاریگەرمان بۆ دەهێنن.” لە کاتێکیشدا، “ئێمە هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمیمان لەگەڵ کوردەکان نییە و هیچ هاوکارییەکیان ناکەین.”
جەنگی کیمیایی
لە ئابی ١٩٦٥، موستەفا بارزانی، سەرۆکی گەورەترین گرووپی کوردی لە باکووری عێراق، لە نامەیەکی بۆ هارۆڵد ویڵسن ئاماژەی بەوە دابوو بەغدا “بڕێکی زۆر لە گازی ژەهراوی کڕیوە بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە دژی کوردەکان.”
بارزانی داوای لە سەرۆک وەزیرانەکەی بەریتانیا کرد پڕچەککردنی عێراق ڕابگرێت و بێتە دەنگ لەگەڵ ڕژێمەکە بۆ ئەوەی “ڕێگری لە عێراق بکات لە هێرشی گازی بۆ سەر کوردەکان.”
فایلەکان پیشانی دەدەن بەریتانییەکان وەڵامی ئەو نامەیە و هیچ نامەیەکی بارزانییان نەداوەتەوە، بەهۆی ڕەتکردنەوەیان بۆ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان لەگەڵ کوردەکان نەبێت.
ڕەتکردنەوەکەی بەریتانیا لە کاتێکدا بووە کە زانراوە کوردەکان هەواڵگری باشیان لە ڕژێمەکەی بەغدا هەبووە. هەروەها بەریتانییەکان زانیویشیانە لە ئەیلوولی ١٩٦٤، وەزارەتی بەرگری عێراق داواکاری پێشکەش بە هەریەک لە حکوومەتەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و سۆڤییەت کردووە بۆ کڕینی ٦٠ هەزار پێوەری گاز و داوایان کردووە زوو پێیان بگات.
بەرپرسە بەریتانییەکان نووسیویانە، “دەنگۆیەکمان پێگەیشتووە کە بە بڕواپێکراوی دادەنێین، باس لە پلانی سوپا دەکات بۆ ئەوەی بە یەکجاریی کۆتایی بە کێشەی کورد بهێنن.”
زیاتریش، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئەیلوولی ١٩٦٥ نووسیویەتی، “عێراقییەکان هێندە خەمی ویژدان و مرۆڤایەتییان نابێت کاتێک بیر لە بەکارهێنانی گاز دەکەنەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بۆ ئەوان خراپ بێت. ڕەنگە بڕوایان وابێت دەتوانن ڕووداوەکان پەردەپۆش بکەن و ڕەنگە زۆر خەمی بۆچوونی جیهانیان نەبێت.”
زیاتریشی نووسیبوو، “ئێستا خواستێکی بەهێز بۆ جەنگی کیمیایی پیشان دەدەن. بڕوامان وایە هەندێک گازیان هەڵگرتبێت (ڕەنگە لەو جۆرەی ئاژاوەی پێ کۆنتڕۆڵ دەکرێت) و سیلیندەریش لەلای ئەوان بینراوە.”
هەرچەندە لە درێژەی نامەکەدا نووسرابوو زەحمەتە لە بارودۆخی ئێستا عێراقییەکان گاز بەکار بهێنن، “لە لایەکی دیکەوە زیاد لە پێویست بەڵگە هەن، کە کوردەکان بەڕاستی خەمیی ئەوەیان هەیە گاز لە دژیان بەکار بهێنرێت.”
لە حوزەیرانی ١٩٦٦ ڕێککەوتنێک واژۆ کرا، لە سایەیەوە کوردەکان هەندێک سەربەخۆییان پێ درا لە باکووری عێراق. بەڵام سکاڵاکانی کوردەکان و چەوساندنەوەکانی بەغدا بەردەوامبوون، سەرەنجام قۆناغێکی دڕندانەتری ناکۆکی لێ کەوتەوە لە کۆتایی ١٩٨٠کان.
سەدام حوسێن، دکتاتۆری نوێی بەغدا، چەکی کیمیایی لە دژی کوردەکان بەکارهێنا، دیارترینیشی لە هەڵەبجە بوو لە ١٩٨٨، کە زیاتر لە ٣٠٠٠ خەڵکی تێیدا کوشت. ڕەنگە واش بیری کردبێتەوە بەریتانییەکان ئەو کارەی پەسەند دەکەن.
- مارک کێرتس سەرنووسەری دیکڵاسیفاید یوکەیە و نووسەری پێنج کتێب و چەندان وتارە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا. ئەو وتارەی دەرهێنراوێکی دەستکاریکراوە لە کتێبەکەی خۆی لەژێر ناوی ‘ناخەڵکی: پێشێلکردنە نهێنییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن بەریتانیاوە.’
سەرچاوەی ڕەسەنی بابەتەکە