سیاسی
ئاراستەکان

لە سوید، سویسڕا، فەڕەنسا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا و هەنگاریاوە بۆ هۆڵەندا چی ڕوویدا؟

دژە پەنابەر و دژە ئیسلام و دژە یەکێتی ئەوروپا لە زیادبوونن

شیکاری؛ هانا چۆمانی

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا

دوێنێ چوارشەم، هەڵبژاردنی گشتی هۆڵەندا بەڕێوەچوو، ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو پارتی ئازادی هۆڵەندا، کە پارتێکی ڕاستڕەوی “دژەکۆچبەر و دژە ئیسلامی” ناسراوە، سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد، ژمارەی کورسییەکانی لەسەدا ٥١ زیادی کرد و لە ١٧ کورسییەوە بوو بە ٣٥ کورسی، بوو بە پارتی یەکەم و کۆتایی بە هەژموونی پارتە کۆنەکەی مارک ڕووتە و پارتە نوێیەکەی دیلان یەشیلگۆز هێنا، دوای ١٣ ساڵ لە ڕابەرایەتی هۆڵەندا.

پەرلەمانی هۆڵەندا ١٥٠ کورسی هەیە و حزبی یەکەم پێویستیبەکۆکردنەوەی ٧٦ کورسی هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان، خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادی PVV، بۆ میدیاکانی هۆڵەندا، گوتی: “باوەڕ بەو سەرکەوتنە گەورەیە ناکەم، سوپاس گەلی مەزنی هۆڵەندا، هۆڵەندا دەکەینەوە بە هۆڵەنداکەی جاران و پاکی دەکەینەوە”.

هەروەها گوتی: “ئیتر پارتەکەمان نابێت پشتگوێ بخرێت و داوا لە پارتەکانی دیکە دەکەم، پێکەوە کاربکەین و هەنگاو بنێن بۆ ڕێکخستنەوەی سیاسەتەکانی هۆڵەندا و پلان و بەرنامەکانمان.”

هاوکات، دیلان یەشیلگۆز، سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی VVD، شکستی ڕاگەیاند و گوتی: “ئەنجامەکان بۆ ئێمە نائومێدکەرن و دڵتەنگین و ئێمە نەمانتوانی وەک پێویست لەگەڵ خەڵک بین، بەڵام وانەیەکمان وەرگرت و بەخۆماندا دەچینەوە، کار بۆ داهاتوو دەکەین”.

هەروەها گوتی: “هیچ حزبێک ناتوانێت بە تەنیا یان دوو حزب حکوومەت دروستبکەین و پێویستە کاری پێکەوەیی بکەین”.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی هۆڵەندا، کەسایەتی و پارتە “یۆرۆسکاپتەسیزم”ی ئەوروپا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و پیرۆزباییان لە خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی ئازادی PVVی هۆڵەندا کرد.

 

ڕۆژێکی مێژوویی بۆ پارتەتاکانی دژە پەنابەر و ئیسلامییەکان

یەکەم پیرۆزبایی، لە مارین لۆپێن سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی فەڕەنساوە بوو؛ پیرۆزبایی لە خیرت وایڵدەرز کرد و گوتی: “ئەو ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەی دەیبینین ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، چیدیکە ئەوروپاییەکان گۆڕینی ناسنامە قبوڵناکەن و ئەوەش هەنگاوێکی دیکەیە بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەییمان.”( لۆپێن، ئێکس، ٢٠٢٣).

ڤلامس بێلانگ، پارتێکی سیاسی پۆپۆلیستە لە هەرێمی فلامش و برسلەسی پایتەختی بەلژیکا، یەکەم پیرۆزبایی کرد و لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، پیرۆزبایی لە سەرۆک و پارتی پی ڤی ڤی دەکەین، بۆ ئەم سەرکەوتنە مێژووییە. ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکەکەمان ئارەزووی گۆڕانکاری ڕاستەقینە دەکەن. نەک تەنیا لە هۆڵەندا، بەڵکو لە هەموو ئەوروپاش و هەنگاوەکان گەیشتنە هۆڵەندا، خۆشحاڵین پارتی وەک ئێمە لە هەموو ئەوروپا بەردەوام لەگەشەسەندن و سەرکەوتندان”. (بێلانگ، ئێکس، ٢٠٢٣)

هاوکات ماتیۆ ساڵڤینی جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە لە پارتێکی دژە کۆچبەران و دژە یەکێتی ئەورپاییە، گوتی: پیرۆزبایی لە خیرت ڤیڵدەرز دەکەم و ئەوە سەرکەوتنێکی دیکەیە بۆ ئەوروپای نوێ و ئەوروپای ڕاستەقینە.( ساڵڤینی، ئێکس، ٢٠٢٣)

هەروەها هاراڵد ڤیلیمسکی سەرۆکی پارتی ئازادی نەمسا گوتی: “هاوبەشە سیاسییەکانمان و دۆستەکانمان بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێک لە پێشەوەن و سەردەکەوین بەرەو پاککردنەوەی ئەوروپا و سەردەمی ئەوروپای نوێیە”. (ڤیلیمسکی، ئێکس، ٢٠٢٣)

ڕاسترەوەکانی ئەڵمانیا کە دژی پەنابەران و ئیسلامییەکانن، بە ڕاگەیاندراوێک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (٢٠٢٣)، ڕایگەیاند، ئەڵمانیا ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکەوتنی هۆڵەندا، لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا هاووڵاتییان گۆڕانکاری سیاسییان دەوێت، سەردەمی پەنابەرانی فەیک و ناڕاست بەسەرچوو.

 

“یۆرۆسکاپتەسیزم”

یۆرۆسکاپتەسیزم ئەو پارتانەن کە دژ بە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپان و پێیان وایە سیاسەتەکانی بەرانبەر بە دۆخی ئەوروپا لەبارەی سیاسەتی کۆچبەران، ئابووری، سیاسەتی ڕێگەدان بە هاتنی تیرۆر بۆ ئەوروپا لاوازە، سنورەکان واڵان و دەبێت گۆڕانکاری لە سنورەکان بکرێت و توندبکرێن، ئەگەرنا هەر وڵاتە و سنوری خۆی.

هەروەها سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بەرانبەر بە هەندێک بابەتی جیهانی هەڵەیە، بۆیە دەبێت وڵاتەکانیان لە یەکێتییەکە بێنە دەرەوە یان  یەکێتییەکە سیاسەتەکانی بگۆڕێت و ئەوەش دەنگی ئەو پارتانەی زیادکردووە، پارتەکان لەهەردوو باڵەکانی چەپ و ڕاستن. لایەنگر و ئەندامانی ئەو پارتانە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادیان کردووە ( گاردیان گرافیک، ٢٠٢٠).

 

دژە پەنابەر و دژە ئیسلام و دژە یەکێتی ئەوروپا لە زیادبوونن

“یۆرۆسکاپتەسیزم”ەکان لە وڵاتانی (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، نەرویج، نەمسا، هۆڵەندا، سوید، دانیمارک، بەلژیکا، سویسڕا، هەنگاریا، هۆڵەندا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا، هاوکات ڕۆمانیا و کرواتیا) بەردەوام لە گەشە و زیادبوونی لایەنگرانن، ئەوانە پشتگیری خەڵکیان هەیە کە ئێستا نیگەرانن لە ژمارەی زۆری پەنابەران کە بەگوتەی خۆیان: “زۆرینەیان پەنابەری بێکەڵک و بێکوالێتین”.

ئەو پارتانە پێیان وایە، بەهۆی هاتنی لێشاوی پەنابەران، کە بە (گەردەلوولی پەنابەران) پێناسەی دەکەن، ئەوروپا شێواوە، توندڕەوی، کوشتن، دزی، هەڵکوتانە سەرخەڵک نائارامی، پیس و پۆخڵی، یاساشکێنی لە ئەوروپا زیادبووە، هاوکات زۆرینەی پەنابەران بەبێ بیانوو وڵاتەکانیان جێدەهێڵن(دێربۆرگ، فێنما و تایلی، ٢٠٢٣).

پێیان وایە “ئەو پەنابەرانەی کە دێن بەهۆی هەڵەی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپایە و زۆرینەیان پەنابەری “بێکەڵک و بێکوالێتین” و سوودیان نییە و دەبێت بڕۆنەوە و وڵاتەکانیان جێبهێڵن، ئێرە شوێنی ئەوان نییە و با بڕۆنە وڵاتانی خۆیان کە وڵاتی ئیسلامیین”. (دێربۆرگ، فێنما و تایلی، ٢٠٢٣).

 

بۆچی ئەوروپییەکان لە ئیسلامییەکان دەترسن؟

پارتەکانی دژە ئیسلامی پێیان وایە، ئەو ئیسلامییانەی وڵاتانی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پاکستان، مەغریب، سودان، سۆماڵ، ئەفگانستان، یەمەن و لیبیا) کە دێنە ئەوروپا، هۆکارن بۆ توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی، کارنەکردن و وەرگرتنی سۆسیال، چەوساندنەوەی منداڵان و کچ و ژنەکانیان، هەروەها لێدان و توندوتیژی و نەخوێندەوار، بۆیە ئەوانە جێگایان نابێتەوە لە ئەوروپا.

هەروەها پێیان وایە پەنابەرانی ئیسلامی زۆر دەستدەخەنە ژیانی تایبەتی خەڵک و پابەندی یاسا نابن، کاری نایاسایی، ڕەش، قاچاغچیتی دەکەن و دۆخی ئەمنیان شێواندووە.

 

بۆ ناچن بۆ سعودیە، قەتەر و ئیمارات؟

دۆمینیک تاراژناسکی (گوتار، ٢٠٢٣) ئەندامی پارتی یاسا و دادپەروەری پۆڵەندی و ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، دەڵێت: “با پەنابەرانی نایاسایی کە زۆرینەیان تیرۆریستن بڕۆنەوە وڵاتەکانیان، یان با بڕۆنە وڵاتانی ئیسلامی دەوڵەمەند وەک (سعودیە، قەتەر، ئیمارات، کوێت و بەحرەین) بۆ دێن بۆ ئەوروپا، سەیر بکەن لە پۆڵەندا یەک کاری ناقانوونی و تیرۆریستی نییە، دەزانن بۆ؟ چونکە ئێمە پەنابەرانی بێکەڵک و ناقانوونی وەرناگرین”.

 

کورد و فارس و چینی، سێ نەتەوەی قبوڵکراو لای ئەوروپاییەکان

بەگوێرەی نزیکی و تێکەڵاویم لە زۆرینەی نەتەوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، خەڵکەکەی بەگشت ئاڕاستە و بیرکردنەوەکان، کێشەیان لەگەڵ پەنابەرانی، کورد، فارس و چین نییە و پێیان وایە ئەو سێ نەتەوەیە تێگەیشتنیان بۆ کەلتوور و ئایینی دەرەوە هەیە و باوەڕیان بە ئازادی بۆچوون و یەکسانی و ئازادی ژن هەیە، هەرگیز توندوتیژنین و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیان قبوڵە، خۆشیان خاوەن مێژوو و کەلتوورن و بەئاسانی لەگەڵ کەلتوور و کۆمەڵگای ئەوروپی ڕاهاتوون.

هەروەها پێیان وایە ئەو سێ نەتەوانە هیچ پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نییە و موسڵمان نین و توندوتیژ نین، هەروەها ڕێز لە هەموو ئایین و بیرکردنەوەیەک دەگرن، خەریکی بانگەشەی ناڕاست و بێبنەما نین دژی ئەوروپاییەکان و بیر لە تێکدانی ئاشتی و ئاسایش ناکەنەوە.

 

داهاتووی یەکێتی ئەوروپا چی دەبێت؟

ئێستا یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، چونکە هەریەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، پۆڵەندا، هەنگاریا، چیک و ئەوە هۆڵەنداش زیاد بوو، لەو وڵاتانەن کە دەیانەوێت لە یەکێتی ئەوروپا بێنە دەرەوە و بەتایبەت دوو وڵاتەکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە ناویان لێناون (برێگزتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات)، چونکە لە سیاسەتەکانی ناڕازین، لەبارەی دۆخی پەنابەران و ئابووری ئەوروپا.

ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، بەردەوام دژایەتی یەکێتی ئەوروپا و پەنابەران و موسڵمانان دەکات، بە ئاشکرا دەڵێت: ڕێگە نادەم یەک موسڵمان و یەک پەنابەر بێتە وڵاتەکەمان و ڕێگە بە میکس ڕەیز نادەین (میکس ڕەیز واتا منداڵێک کە لەدایک یان لە باوک لە نەتەوەیەکی دەرەوەی ئەوروپا) بێت، بۆ نمونە دایکەکە یان باوکەکە عەرەب، موسڵمان، یان ئەفریکایی بێت.(تودەی، ٢٠٢٠)

ئێستا لە شەقامەکانی وڵاتی هەنگاریا، هەڵمەتێکی بۆردی و پۆستەری سەرتاسەری لە دژی سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، بەڕێوەدەچێت، وڵاتەکە کێشەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا گەیشتووەتە لوتکە(یوئێس نیوز، ٢٠٢٣)

ماوەی چەند ساڵێکە، هەنگاریا بە کۆمەڵێک هۆکار لەوانە پاشەکشەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، گەندەڵی و پەیوەندی نایاسایی لەدەرەوەی یەکێتییەکە و کۆنتڕۆڵکردنی میدیای ئازاد، پابەندنەبوون بە بڕیارەکان، ڕووبەڕووی سزا ئابوورییەکانی یەکێتی ئەوروپا بووەتەوە، بۆیە هەڵمەتێکی دژە یەکێتی ئەوروپا لە هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و لایەنگران و ئەندامانی پارتی دەسەڵاتدار فیدسز پارتی، داوا دەکەن هەنگاریا لە یەکێتی ئەوروپا بێتە دەرەوە( سیمۆن، ٢٠٢٣)

 

بەرەی دژە پەنابەر چۆن درووست بوو و کێن؟

ئێستا نەک هەر لە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵکو لەناو یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا، بەرەیەک درووستبووە کە بە ئاشکرا دژی پەنابەرانن، کە پێکهاتوون لە ٢٢ پارتی پۆپۆلیست، نەتەوەیی، ڕاستەڕەو و چەپڕەوی ٢٧ وڵاتی ئەوروپا، دەیانەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانیان بەرەیەک درووست بکەن و یاسای نوێ دژی پەنابەران دەربکەن.

هاوکات پارتەکەی خیرت ڤیڵدەرز، پارتی ئازادی PVV، یەکێکە لەو پارتانەی دژی یەکێتی ئەوروپا و دژی کۆچبەران و ئیسلامییەکانە، کە بووەتە براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی هۆڵەندا و ئەوەش پارتەکانی دیکەی هاوشێوەی خۆی دڵخۆشکردووە، پێیان وایە تا دێت بەرەی ئەوان فرەوان و گەورە دەبێت( رۆیتەرز، ٢٠٢٣)

پارەتەکەی خیرت ڤیڵدەرز، پارتی ئازادی PVV، زۆر دژی پەنابەرانی ئیسلامی پاکستان، مەغریب و ئەندۆنیسا و سوودانە و پێیان وایە دەبێت هۆڵەندا لەو پەنابەرانە پاکبکرێتەوە، سەرجەم مزگەوتەکان دابخرێن وکۆتایی بێت و ئەوەی ناڕازییە دەتوانێت وڵاتەکە جێبهێڵێت، ئەوەش نیگەرانی و ترسی لای ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتانە درووستکردوە( میخیر، دیتوش، ٢٠٢٣).

 

بۆچی ناسنامەی نەتەواویەتی لە هەڵکشانە؟

زۆربەی هاووڵاتییانی ئەوروپا، ئێستا جۆرێک لە ناسیۆنالیستیان بۆ نوێ بۆتەوە و پێیان وایە نەتەوە، ڕەچەڵەک و ڕیشەیان لە مەترسیدایە و دەبێت بیپارێزن و ئەگەرنا چەند ساڵێکی دیکە بەتەواوی لاواز دەبن و ڕەنگە بەیەکجاری ڕەچەڵەک و نەتەوەی ئەوروپی کۆتایی بێت و بتوێتەوە، بەهۆی کەمی وەچە و ئەنجامنەدانی هاوسەرگیرییەوە.

زۆرینەی وڵاتان خەریکی زیندووکردنەوەی ناسنامەی خۆیانن وەک نەتەوە، بەڵام ئەوەی جیگای داخە تازە بە تازە کەمینەیەکی کوردانی باشور خەریکن خۆیان دەکەنەوە بە عێراقی و ناسنامەی نەتەوایەتی کوردی لەخۆیان دەکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...