سیاسی
ئاراستەکان

‘کڕینی ئارامی’: لەناوەوەی ئەو پلانەی ئیسڕائیل کە حەماسی تاودا

لە لایەن مارک مازێتی و ڕۆنن بێرگمان

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

سەرۆکوەزیران بێنیامین نەتەنیاهۆ پێی وابوو حەماسێکی بەهێز (بەڵام نەک زۆر بەهێز) درێژە بە ئاشتی دەدات و فشار بۆ درووستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین کەم دەکاتەوە.

 

چەند هەفتەیەک بەر لە هێرشە کوشندەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، سەرۆکی مۆساد گەیشتە دەوحەی قەتەڕ، بە مەبەستی دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی قەتەڕی.

ماوەی چەندین ساڵە حکوومەتی قەتەڕ مانگانە ملیۆنان دۆلاری ڕەوانەی کەرتی غەزە کردووە، ئەو پارەیەش پاڵپشتی حکوومەتەکەی حەماسی لەوێ کردووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، بێنیامین نەتەنیاهۆ، نەک هەر تەنیا ئەو هاوکارییە ماددیانەی قبووڵ دەکرد، بەڵکوو هانیشی دەدان.

بەگوێرەی چەندان کەسی ئاشنا بە گفتوگۆ نهێنییەکان، لە کاتی چاوپێککەوتنەکەی ئەیلوولی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەڕ، دەیڤد بارنیای سەرۆکی مۆساد، پرسیارێکی لێکرا کە لە ئەجێندای دانیشتنەکەدا نەبوو: ئیسڕائیل دەیەوێت هاوکارییە ماددییەکان بەردەوام بن؟

حکوومەتەکەی نەتەنیاهۆ بڕیاری دابوو لە سیاسەتەکەی بەردەوام بێت، بۆیە بارنیا بە بەڵێ وەڵامی دانەوە. حکوومەتی ئیسڕائیل تاکوو ئەو کاتەش پارە هەناردەکراوەکانی دەوحەی لا پەسند بوو.

ڕێگەدان بەو هەناردەیە -ملیاران دۆلار لە ماوەی شتێک کەمتر لە دەیەیەکدا- گرەوێکی نەتەنیاهۆ بوو، لای وابوو چوونی بڕێکی جێگیر لە پارە بەردەوامی بە ئاشتی دەدات لە غەزە، سەرەنجام هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم و هێشتنەوەی سەرنجی حەماس لەسەر حکومڕانی، نەک شەڕکردن.

سەرەڕای ئەوەی هاوکاری ماددی لە لایەن قەتەڕەوە وەک نهێنییەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، چەندان ساڵە لە تۆڕە هەواڵییەکانی ئیسڕائیل زانراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە. ڕەخنەگرانی دژی نەتەنیاهۆ بە بەشێک لە ستراتیجی “کڕینی ئارامی” پیشانیان دەدا، ئەو ڕێکارەش لە ناوەڕاستی هەڵسەنگاندنێکی جێ-مشتومڕە لەدوای هێرشەکان. نەتەنیاهۆ بە توندی وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە و بانگەشەی هەوڵدانی بۆ بەهێزکردنی حەماس بە “گاڵتەجاڕانە” ناوزەد کرد.

لە چاوپێککەوتن لەگەڵ زیاتر لە دوو دەرزەن لە بەرپرسانی پێشووی قەتەڕ، ئیسڕائیل و ئەمریکا، هەروەها بەرپرسانی دیکەی حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیو یۆرک تایمس وردەکاری نوێی سەبارەت بە سەرچاوەی ڕێکارەکە هەڵهێنجاوە، لە پاڵیشیدا، ئەو بابەتە جێ-مشتومڕانەی لەناو حکوومەتی ئیسڕائیل سەریانهەڵداوە و ئەو مەودایەی نەتەنیاهۆ گرتییەبەر بۆ ئەوەی پارێزگاری لە قەتەڕییەکان بکات لە ڕەخنە و بەردەوامی بە هەناردەکردنی پارەکان بدرێت.

پاڵپشتییە دارایییەکان بەشێک لە زنجیرە بڕیاری سەرکردە سیاسییەکانی ئیسڕائیل، ئەفسەرانی سەربازی و بەرپرسانی هەواڵگری بوون -هەموویان سەرچاوەیان گرتووە لە هەڵسەنگاندنێکی هەڵە بۆ حەماس، بیرکردنەوە لەوەی حەماس خواستی هێرشێکی زەبەلاح و بگرە لەتواناشیدا نییە. ڕۆژنامەکە پێشووتر ڕاپۆرتی لەسەر هەڵە هەواڵگرییەکان و چەندان هەڵسەنگاندنی هەڵەی پێش هێرشەکان دابوو.

سەرەڕای ئەوەی لایەنی سەربازی ئیسڕائیل پلانی جەنگیی هێرشێکی حەماسیان دەستکەوتبوو، هەروەها ئاگاداریی کاری تیرۆرستی سەر سنوورەکانی غەزە بوون، پاڵپشتییە دارایییەکان بەردەوامیان پێدرا. بۆ ماوەی چەندان ساڵ، هەواڵگریی ئیسڕائیل تەنانەت پاسەوانی نێردراوێکی قەتەڕییان دەکرد بۆ ناو غەزە، ئەویش جانتا پڕ لە ملیۆن دۆلارییەکانی دەبەخشییەوە بەسەریان.

پارەکەی قەتەڕ ئامانجی مرۆیی لە پشت بوو، وەک مووچەی حکوومەتی غەزە، هەروەها کڕینی سەرچاوەی وزە بۆ بەگەڕخستنی کێڵگەیەکی کارەبا. بەڵام بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسڕائیل ئێستا پێیان وایە پارەکە ڕۆڵی هەبووە لە سەرکەوتنی هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم، تەنیا ئەگەر لەبەر ئەوەش بێت کە حەماس سوودی لە پاڵپشتییەکان بینیبێت بۆ ئەوەی بەشێک لە بودجەکەی ئاڕاستەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بکات. جیا لەوە، هەواڵگریی ئیسڕائیل دەمێکە گومانی لەوە هەبووە قەتەڕ ڕەوتی تر بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بە نهێنی پاڵپشتیی باڵی سەربازیی حەماس بکات، ئەوەش تۆمەتێکە کە حکوومەتی قەتەڕ ڕەتی کردووەتەوە.

“هەر هەوڵێک بۆ گومان خستنەسەر ئامانجە مرۆیییەکانی هاوکارییەکانی قەتەڕ و کاریگەرییە ئەرێیییەکانیان، بێ بنەمایە،” بەرپرسێکی قەتەڕی لێدوانی دا.

بەرپرسێکی ئیدارەی نەتەنیاهۆ لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەدا، کە چەند حکوومەتێکی ئیسڕائیل ڕێگەیان بە چوونی پارە بۆ غەزە داوە بە هۆکاری مرۆیی، نەک بۆ بەهێزکردنی حەماس. هەروەها گوتیشی، “نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیران هەوڵیداوە حەماس لاواز بکات. ئەو سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کاریگەری ئەنجامدا لە دژی حەماس، کە بوونە هۆی کوشتنی هەزاران تیرۆرست و سەرکردە باڵاکانی حەماس.”

حەماس هەمیشە بە ئاشکرایی ئاماژەی بە پابەندی خۆی داوە بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل. بەڵام هەر پاڵپشتییەکی دارایی گەواهیدەرە کە لە ڕوانگەی حکوومەتەکانی ئیسڕائیل، حەماس تەنیا سەرئێشەیەکی کەم بووە، بگرە هاوکارێکی سیاسیش بووە.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢، نەتەنیاهۆ بە ڕۆژنامەوانی دیاری ئیسڕائیلی، دان مارگالیتی گوت، هێشتنەوەی حەماس بە بەهێزی گرنگە، وەک سەنگێکی دژ بە دەسەڵاتی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا. لە چاوپێککەوتنێکدا، مارگالیت گوتی نەتەنیاهۆ پێی گوتووە هەبوونی دوو ڕکابەری بەهێز، بە حەماسەوە، فشارەکان دانوستان لەسەر دەوڵەتی فەڵەستین لەسەری کەم دەکاتەوە.

بەرپرسەکەی ئیدارەی نەتەنیاهۆ گوتی ئەو هەرگیز لێدوانێکی وای نەداوە. بەڵام سەرۆکوەزیرانەکە ئەم بیرۆکەیەی بە کەسانی دیکەش گوتووە لە ماوەی ساڵانی داهاتوو.

هەرچەندە بەشی سەربازیی ئیسڕائیل و سەرکردەکانی هەواڵگری ددانیان بەوە داناوە کە شکستەکانیان بوونەتە هۆی هێرشەکەی حەماس، نەتەنیاهۆ ڕەتی کردەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە. بەهۆی جەنگیشەوە لە غەزە، لێپیچینەوەیەکی سیاسییانە بۆ ئەو پیاوەی لە ١٥ ساڵی ڕابردوو، ١٣ ساڵ سەرۆکوەزیران بووە، ئێستا بوونی نییە.

بەڵام ڕەخنەگرانی دژی نەتەنیاهۆ دەڵێن مامەڵەی ئەو لەگەڵ حەماس، لە بنەڕەتدا، ئەجێندایەکی سیاسیی ڕەشبینانەیە: هێشتنەوەی غەزە بە بێدەنگی وەک ڕێگەیەک بۆ مانەوەی لە دەسەڵات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی حەماس و هەڵقووڵانی ناڕەزایی فەڵەستینییەکان.

“پلانی نەتەنیاهۆ بۆ زیاتر لە دەیە و نیوێک ئەوە بووە، کە ئەگەر ئێمە بە پارە ئارامی بکڕین و وای دابنێین کێشەکە نییە، ئەوا چاوەڕێ دەکەین و خۆی کاڵ دەبێتەوە تاکوو نامێنێت،” ئەیال هولاتا، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل لە تەمموزی ٢٠٢١ تاکوو سەرەتای ئەمساڵ، وای گوت.

 

گەڕان بەدوای هاوسەنگی

نەتەنیاهۆ و هاوکارە ئاسایشەکانی دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ ستراتیجییەکەیان لەمەڕ کەرتی غەزە کردەوە، دوای چەندان پێکدادانی سەربازیی خوێناوی و بێ ئەنجام لەدژی حەماس لەوێ.

“هەمووان بێزاربوون لە غەزە،” زۆهار پاڵتی گوتی، کە دەکاتە بەڕێوەبەرێکی پێشووی بەشی هەواڵگریی مۆساد. “هەمووان گوتمان، ‘با غەزە لەبیر بکەین،’ چونکە دەمانزانی گرێکوێرەیەکە.”

دوای یەکێک لە پێکدادانەکانی ٢٠١٤، نەتەنیاهۆ ڕەوتێکی نوێی داڕشت -جەختی لە ستراتیجییەک کردەوە، کە هەوڵ بۆ سنووردارکردنی حەماس دەدرا، لە کاتێکدا ئیسڕائیل سەرنجی لەسەر پڕۆگرامی ناوکی ئێران و سوپایە پڕۆکسییەکانی بوو، حزبوڵا وەک نموونە.

ئەو ستراتیجییە تۆکمەتر کرا لەڕێی هەڵسەنگاندنە دووبارەکانی هەواڵگری، کە تێیاندا ئاماژە بەوە دەدرا حەماس خواستی نییە و تەنانەت توانای بەرپاکردنی هێرشێکی گەورەی لەناوەوەی ئیسڕائیلیش نییە.

قەتەڕیش لەو ماوەیەدا بووە سەرچاوەی سەرەکیی دارایی بۆ بنیادنان و ئۆپەراسیۆنەکانی حکوومەتی غەزە. وەک یەکێکیش لە دەوڵەمەندترین نەتەوەکانی جیهان، قەتەڕ لەمێژە پاڵپشتی خۆی بۆ دۆزی فەڵەستینییەکان دەربڕیوە، لەناو گشت دراوسێکانیدا، نزیکترین پەیوەندیی لەگەڵ حەماس هەبووە. ئەو پەیوەندییانە بەهادار بووین لە چەند هەفتەی ڕابردوو، کاتێک بەرپرسانی قەتەڕی یارمەتی دانوستانیاندا بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان لە غەزە.

کاری قەتەڕ لە غەزە لەو ماوەیەدا لە لایەن حکوومەتی ئیسڕائیلەوە پەسند کراوە. تەنانەت نەتەنیاهۆ لە جێگەی قەتەڕ لۆبی بۆ واشنتن کرد. لە ٢٠١٧، کاتێک کۆمارییەکان هەوڵی دانانی گەمارۆی ئابوورییی قەتەڕیان دا بەهۆی پاڵپشتیکردنی حەماس، نەتەنیاهۆ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری بەرەو واشنتن نارد. ئیسڕائیلییەکان بە یاسادانەرە ئەمریکییەکانیان گوت کە قەتەڕ ڕۆڵێکی ئەرێنی لە کەرتی غەزە بینیوە، بەگوێرەی گوتەی سێ کەسی ئاشنا بە گەشتەکە.

یۆسی کوپەرڤاسەر، بەڕێوەبەرێکی پێشووی بەشی توێژینەوە بۆ هەواڵگریی سەربازیی ئیسڕائیل، گوتی هەندێک لە بەرپرسان لە سوودەکانی هێشتنەوەی “هاوسەنگی”یان لە کەرتی غەزە دەڕوانی. “لۆجیکی ئیسڕائیل ئەوە بوو کە حەماس دەبێت هێندەی پێویست بەهێز بێت بۆ حکومکردنی غەزە،” ئەو گوتی، “بەڵام هێندە لاوازیش بێت لە لایەن ئیسڕائیلەوە کپ بکرێت.”

ئیدارەکانی سێ سەرۆکی ئەمریکا -باراک ئۆباما، دۆناڵ تڕەمپ و جۆسێف بایدن جونیەر- بە فرەوانی پاڵپشتیی هەبوونی قەتەڕییەکانیان دەکرد وەک پاڵپشتێکی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانی غەزە.

بەڵام هەمووان لەگەڵ نەبوون.

ئاڤیگدۆر لیبەرمان، چەند مانگێک دوای بوونی بە وەزیری بەرگری لە ٢٠١٦، نامەیەکی نهێنی بۆ نەتەنیاهۆ و سەردەستەی کارمەندانی سەربازیی ئیسڕائیل نووسی. تێیدا گوتبووی حەماس بە هێواشی پەرە بە توانا سەربازییەکانی دەدا بۆ هێرشکردنەسەر ئیسڕائیل، بانگەشەی ئەوەشی دەکرد پێویستە ئیسڕائیل سەرەتا هێرش بکات.

ئامانجی ئیسڕائیل “دڵنیابوونە لەوەی پێکدادانی داهاتوو لە نێوان ئیسڕائیل و حەماس کۆتا نمایش دەبێت،” لە نامەکە نووسیبووی، کە ڕێکەوتەکەی بۆ ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە، لەبەرگیراوەیەکی بە دەستی ڕۆژنامەکە کەوتووە. گوتبووشی، هێرشێکی پێشوەختە دەکرێت کۆتایی بە زۆرینەی “سەرکردایەتیی باڵی سەربازیی حەماس بهێنێت.”

نەتەنیاهۆ پلانەکەی ڕەت کردەوە، سنووردارکردنی لا خوازراوتر بوو بە بەراورد لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە.

 

حەماس وەک ‘سەرچاوەیەکی ئەرێنی’

لەنێوان دەستەی بریکارانی مۆساد کە بەدوای گەڕان لە سەرچاوەی دارایی تیرۆرستان دەگەڕان، هەندێک بڕوای ئەوەیان بۆ درووست بوو -تەنانەت بەدەر لە پارەکەی قەتەڕ- کە نەتەنیاهۆ زۆر باکی بە وەستاندنی چوونی پارە بۆ حەماس نییە.

ئووزی شایا وەک نموونە، چەند گەشتێکی بۆ چین کرد، تاکوو هەوڵی کۆتایی هێنان بە شتێک بهێنێت، کە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئیسڕائیل بە ئۆپەراسیۆنێکی پارە سپیکردنەوە بۆ حەماسیان دانابوو لەڕێی بانکی چین.

دوای خانەنشینبوونی، ئەو بانگ کرا بۆ گەواهیدان لە دژی بانکی چین لە داوایەکی یاسایی ئەمریکی، کە لە لایەن خێزانی یەکێک لە قوربانیانی هێرشێکی تیرۆرستی حەماس بەرز کرابوویەوە.

سەرەتا، سەرۆکی مۆساد دنەی دا بۆ گەواهیدان، بە بیانگەی ئەوەی دەکرێت فشاریی دارایی لەسەر حەماس زیاد بکات، شایا لە چاوپێککەوتنێکی ئەم دوایییە ئاماژەی پێدا.

دواتر، چینییەکان ئۆفەری سەردانییەکی فەرمییان پێشکەشی نەتەنیاهۆ کرد. لەناکاو، بە گوتەی شایا، فرمانی جیاوازی لە لایەن بەرپرسەکانی پێشوویەوە بۆ هات: دەبێت گەواهی نەدات.

نەتەنیاهۆ لە ئایاری ٢٠١٣ سەردانی بەیجینگی کرد، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکان لە نێوان ئیسڕائیل و چین. شایا گوتی حەزی دەکرد گەواهی بدات.

ئەو گوتی، “بەداخەوە، بەڵام لایەنی دیکە دەبوو لەبەرچاو بگیرێن.”

لە کاتێکدا هۆکارەکانی بڕیارەکە هەرگیز ڕوون نەکرانەوە، گۆڕانی ستراتیجییەکە گومانی خستە مێشکی ئەوەوە. بەتایبەت چونکە سیاسییەکان هەندێکجار بە ئاشکرا باسی بەهای هەبوونی حەماسێکی بەهێزییان دەکرد.

شلۆمۆ برۆم، جەنەڕاڵێکی خانەنشین و جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل، گوتی حەماسێکی بەهێز یارمەتی نەتەنیاهۆی دا خۆی دوور بگرێت لە دانوستانەکان سەبارەت بە دەوڵەتی فەڵەستین.

“ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ بەرگرتن لە چارەسەرێکی دوو دەوڵەتییانە، دابەشکردنی کەرتی غەزە و کەناری ڕۆژئاوایە،” لە چاوپێککەوتنێکدا وای گوت. جیاکارییەکە بیانگەیەک بە نەتەنیاهۆ دەدات لە گفتوگۆکانی ئاشتی بێتە دەرەوە، برۆم گوتی، بێجگە لەوەش دەتوانێت بڵێت، “هیچ هاوپەیمانێکم نییە.”

نەتەنیاهۆ بە ئاشکرا ئەو ستراتیجییەی باس نەکرد، بەڵام هەندێک لە سیاسییە ڕاستڕەوەکانی ئیسڕائیل باکیان بە لێدوانی ئاشکرا نەبوو سەبارەت بەوە.

بێزاڵڵ سمۆتریچ، سیاسییەکی ڕاستڕەو، کە ئێستا وەزیری دارایی نەتەنیاهۆیە، لە ساڵی ٢٠١٥ بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد، ئەو ساڵەی بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرا.

“حکوومەتی فەڵەستین بارگرانییە،” ئەو گوتی، “بەڵام حەماس سەرچاوەیەکی ئەرێنییە.”

 

جانتای پڕ لە پارە

لە ماوەی دانیشتنێکی کابینەیی ٢٠١٨، هاوکارانی نەتەنیاهۆ پلانێکی نوێیان پێشکەش کرد: هەموو مانگێک، حکوومەتی فەڵەستین ملیۆنان دۆلار بە کاش ڕاستەوخۆ بۆ خەڵکی غەزە دەنێرێت، وەک بەشێک لە ئاگربەستەکەیان لەگەڵ حەماس.

شین بێت، خزمەتگوزاریی ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکە، چاوی لەسەر لیستی وەرگرەکان دەبێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە باڵی سەربازیی حەماس ڕاستەوخۆ سوود لێیان نەبینێت.

سەرەڕای ئەو دڵنیاییدانە، ناکۆکییەکان هەڵقووڵان. لیبەرمان پلانەکەی وەک خۆبەدەستەوەدان دەبینی و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دەستی لە کار کێشایەوە. ئەو بە ئاشکرا نەتەنیاهۆی تۆمەتبار کرد بە “کڕینی ئاشتییەکی کورتخایەن لە بەرانبەر زیانی زەبەلاح بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.” لە ساڵانی دواتر، لیبەرمان دەبێتە یەکێک لە توندترین ڕەخنەگرەکانی دژی نەتەنیاهۆ.

لە ماوەی چاوپێککەوتنێکی مانگی ڕابردوو لە نووسینگەکەی، لیبەرمان گوتی بڕیارەکانی ٢٠١٨ ڕاستەوخۆ بوونە هۆکاری هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم.

“بۆ نەتەنیاهۆ، تەنیا یەک شت گرنگە: بە هەر نرخێک بێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە،” گوتی. “بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، پێی باشتر بوو پارە لە ئارامی خەرج بکات.”

کەمێک دواتر، جانتای پڕ لە پارە سنوورەکانیان بۆ ناو غەزە تێپەڕاند.

هەر مانگێک، بەرپرسانی ئاسایشی ئیسڕائیل چاویان بە محەمەد ئەلعیمادی دەکەوت، کە دیپلۆماتێکی قەتەڕ بوو، لە سنووری نێوان ئیسڕائیل و ئووردن. لەوێوە، بە ئۆتۆمبێل دەیانبرد بۆ مەرزی کەریم شەلۆمی سەر سنووری غەزە.

سەرەتا، عیمادی ١٥ ملیۆن دۆلاری لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ ئەوەی بیان بەخشێتەوە، لەگەڵیدا ١٠٠ دۆلاری لە شوێنی دیاریکراو بە هەر خێزانێک دەدات بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ئیسڕائیل، بەگوێرەی بەرپرسانی پێشووی ئیسڕائیلی و ئەمریکایی.

نیاز لە پاڵپشتییەکان پێدانی مووچە و خەرجی دیکە بوون، بەڵام دیپلۆماتێکی باڵای ڕۆژئاوایی، کە تا ساڵی ڕابردوو لە ئیسڕائیل دەمایەوە، گوتی حکوومەتە ڕۆژئاوایییەکان دەمێک بوو بۆیان دەرکەوتبوو حەماس سوودی لە پارە دابەشکراوەکان دەبینی.

“پارە جێگەی دەگیرێتەوە،” چیپ ئەشە گوتی، کە شیکارێکی باڵای بابەتەکانی پێوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە سی.ئای.ئەی. تاکوو خانەنشینبوونی لەم ساڵدا. “هەر شتێک وا بکات حەماس پێویستی بەوە نەبێت لە بودجەی خۆی پارەی بۆ خەرج بکات، بۆشایی بۆ شتی دیکە دەکاتەوە.”

نافتالی بێنێت، کە وەزیری پەروەردەی ئیسڕائیل بوو لە ٢٠١٨ کاتێک هەناردەکردنی پارەکان دەستیان پێ کرد، دواتریش بووە وەزیری بەرگری، یەکێک بوو لە ئەندامانی حکوومەتەکەی نەتەنیاهۆ کە ڕەخنەی لە پاڵپشتییە دارایییەکان دەگرت. ئەو بە “پارەی خۆپارێزی” ناوزەدی دەکردن.

سەرەڕای ئەوەش، کاتێک بێنێت لە حوزەیرانی ٢٠٢١ بوو بە سەرۆک وەزیران، بەردەوامی بە ڕێکارەکە دا. تا ئەوکاتە، قەتەڕ مانگانە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری لە غەزە خەرج دەکرد.

هەرچەندە، بێنێت و هاوکارەکانی پێیان وابوو کە پاڵپشتییە دارایییەکان شوورەیییەکی مانگانە بوو بۆ حکوومەتەکەی. لە ماوەی چاوپێککەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایش، بارنیا، سەرۆکی مۆساد، ڕای دژی بۆ درێژەدان بە پاڵپشتییەکان دەربڕی -دڵنیابوو لەوەی بەشێک لە پارەکان بەرەو چالاکییە سەربازییەکانی حەماس دەچێت.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی قەتەڕ ڕێگەیەکی جێگیرتر و پشتپێبەستراوتریان دەویست تاکوو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پارە بە غەزە بگەیەنن.

هەموو بەرەکان گەیشتنە سازانێک: بریکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پارەی قەتەڕییەکان دابەش دەکات لەبری عیمادی. هەندێک لە پارەکە ڕاستەوخۆ بۆ کڕینی سەرچاوەی وزە بۆ کێڵگە کارەبایییەکەی غەزە دەڕۆیشت.

هولاتا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بێنێت، باس لە گرژییەکە دەکات: ئیسڕائیل ئەو پاڵپشتییە دارایییانەی قەتەڕی پەسند دەکرد، سەرەڕای ئەوەی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی مۆساد گەیشتبووە ئەنجامی ئەوەی قەتەڕ ڕەوتی دیکە بەکار دێنێت بۆ ئەوەی بە نهێنی پاڵپشتیی دارایی باڵی سەربازیی حەماس بکات.

وەستاندنی ئەو پاڵپشتییە دارایییانەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکار دەهاتن سەخت بوو، هولاتا درێژەی پێدا، بەهۆی ئەوەی ئیسڕائیل زۆر پشتی بە قەتەڕ دەبەست.

یۆسی کۆهن، کە ئیدارەی فایلەکەی قەتەڕی دەکرد بۆ چەندان ساڵ وەک سەرۆکی مۆساد، دەستی بە پرسیارکردن کرد سەبارەت بە ڕێکارەکەی ئیسڕائیل لە بەرانبەر پارەکەی غەزە. لە ماوەی کۆتا ساڵی وەک سەرۆکی دەزگە هەواڵگرییەکە، بڕوای وابوو چاودێرییەکی کەم هەیە لەسەر هاوردەکردنی پارەکان.

لە حوزەیرانی ٢٠٢١، کۆهن یەکەم لێدوانی ئاشکرای خۆی دا دوای خانەنشینبوونی لە دەزگەکە. گوتی ئەو پارە قەتەڕییەی دەچێت بۆ کەرتی غەزە “لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.”

 

مارک مازێتی پەیامنێرێکی بنکۆڵکارە لە واشنتن، دی.سی.، سەرنجی لەسەر بابەتەکانی پێوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی، هەواڵگری و کاروبارەکانی دەرەوەیە. ئەو کتێبێکی سەبارەت بە سی.ئای.ئەی. نووسیوە.

ڕۆنن بێرگمان نووسەرە بۆ گۆڤاری نیو یۆرک تایمس، لە تەل ئەڤیڤ دادەنیشێت. کۆتا کتێبی “ڕاپەڕن و سەرەتا بکوژن: مێژووی نهێنیی ئامانجە تیرۆرکراوەکانی ئیسڕائیل”ە، کە لە لایەن ڕاندۆم هاوسەوە بڵاو کراوەتەوە.

 

سەرچاوەی ڕەسەنی بابەتەکە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...