سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور

ململانێی ئیتنیکی

< ڕواندا و سویسڕا وەک نموونە>

 

هەموو ململانێ و توندوتیژییەکی جڤاکی سروشت، بنەما و مۆرکی تایبەت بەخۆی هەیە. بەتایبەت ئەو ململانێ ئیتنیکییەی کە لەنێوان گرووپەکانە Inter-group  و جوڵێنەر و کارپێکەرەکەی ناسنامە نەژادی و یەکەی ئیتنیکییە. تیۆری دامەزراوەگەرایی Institutional theory دەیەوێت ڕۆشنایی بخاتە سەر گۆشەیەکی تری ململانێی ئیتنیکی لەناو دەوڵەتدا. وادیارە لە بنەڕەتدا ئەم تیۆرە جێگەی قسەوباس و مشتومڕە لە سیاسەتی بەراوردکاریدا Comparative Politics  کە بەزمانی خۆمان دەبێت بە سیستەمی سیاسی.

ئەم تیۆر و تێگەیشتنە، هۆکاری ژمارە یەکی ململانێ نەژادییەکان دەباتەوە بۆ دامەزراوە سیاسییەکان، کەلتووری دامەزراوە، شێوە و جۆر و چۆنیەتی کارکردنیان، سیستەمەکە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی دەسەڵات دامەزراوە یان پەرتکردنی دەسەڵات! تەوافق و هاوبەشی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات یان زۆرینە و زاڵبوونی ئیتنیکێک بەسەر ئەوانی تردا. چ فەلسەفە و تێگەیشتنێکی فکری و فەلسەفی دەوڵەت، کۆمەڵگە و ئەکتەرەکانی ناوی بەڕێوەدەبات و کۆپەیوەندییەکانیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دامەزراوەکان ململانێکان بە دامەزراوەیی دەکەن یان چارەسەری ململانێکان! بەڵام هەموو ئەم گریمانە و ئارگیۆمێنتانە بەبێ پرسیار و تێڕامان نامێننەوە.

هێڵی بنەڕەتی پرسیار لێرەوە دەستپێدەکات کە بۆچی هەندێک کۆمەڵگە فرەچەشن و فرەلایەنن Diversity & Pluralism کەچی بێ ململانێی نەژادی، توندوتیژی و زەبروزەنگن، هەندێکیش پڕن لە توندوتیژی و تەنانەت یەکترسڕینەوە، تواندنەوە و پاکتاوی نەژادیش. وەڵامی ئەم تیۆرە بۆ ئەم پرسیارە گریمانەی <نیگار و نەخشەی سیستەمە System Design> واتە سیستەمی سیاسی بەجۆرێک نەخشەی بۆ دەکێشرێت کە هەموو نەژادەکان لەخۆبگرێت، ناسنامە و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و ڕۆڵی دامەزراوەیی خۆیان بگێڕن لە سەرەوە و خوارەوەی دامەزراوە و جڤاتدا. دیارە هەموو نەژادێک بەرژەوەندی و ناسنامە و یەکەی جڤاکی تایبەت بەخۆی هەیە، دەبێت سیستەم ئەو بەرژەوەندییانە بپارێزێت و بەرگریان لێ بکات. بەرگری لە ڕێگەی پرسی نوێنەرایەتی Representation، ئامادەبوون لە پانتایی گشتی، لە بازاڕ، لە خانە جڤاکی، ئاسایش و پەروەردەییەکاندا.

لەسەدەی نۆزدەهەمدا، ململانێی نەژادی لە سویسڕا لە نێوان هەرسێ پێکهاتەی <ئەڵمان، فەڕەنسی و ئیتاڵییەکان> وێنەیەکی ناشرینی ململانێی کۆمەڵگەی ئەوروپی بوو. دواتر سیستەم و دامەزراوە ئەم ململانێیە چارەسەر دەکات. پرسی ئاشتی و چارەسەرەکە بە دامەزراوەیی دەکرێت <دیموکراسی تەوافقی و فیدڕاڵیزم> تاوەکوو گەیشتن بە ئاشتی بەردەوام.

لە ڕواندا دۆخێکی تر بوو. دامەزراوە پاڵنەر بوو بۆ زەبروزەنگ. هوتوەکان زۆرینەیان لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە ناچارکران توتسییەکان کۆمەڵکوژ بکەن. ئەگەرچی لەبنەڕەتدا هوتوەکان نەیاندەویست نەژادی بەرانبەر بسڕنەوە. چەندین هوتو لە ماڵەکانیان توتسییەکانیان داڵدە و پاراستبوو، لەکاتێکدا سزاکەی کوشتن و سەرپەڕاندن بوو. بەر لە ناچارکردنی دامەزراوەکان بۆ ململانێ، ماڵێکی هوتو کاتێک گەشتی دەکرد، کلیلی ماڵەکەی دەدا بە توتسییە داروسێکەی.

دیارە متمانە و هاوبەندی کۆمەڵایەتی و ئاشتی لە خوارەوەی کۆمەڵگە لە لوتکەدابوو. دواتر دامەزراوە و سیستەمی سیاسی ناچاریان دەکات بچنە نێو دۆخی ململانێ و زەبروزەنگەوە، ئەگەرچی جینۆسایدی توتسییەکان بەدەستی هوتوەکان دەوڵەت-دامەزراوە بوو؛ بەتایبەت کاتێک دەوڵەت-سیستەم گرووپی مافیا و چەقۆوەشێن و پاتاڵەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکە. وەک <هانا ئارێنت> گوتەنی: ئەوە ئایشمان نییە کە کۆمەڵکوژی کردووە، بەڵکو سیستەم و بیرۆکراتییەتە کۆمەڵکوژییەکەی ئەنجامداوە> ڕواندا لەبری هاوبەشی دەسەڵات Power-Sharing لەنێوان نەژادەکان، ڕێگەی لەناوبردن و سڕینەوەی هەڵبژارد، کە دواتر بووە لەناوچوونی سیستەم و دامەزراوەکانی بەسەرجەم یەکە و خانەکانییەوە.

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...